هەرێم نیوز
پێست Skin گەورەترین ئەندامی لەشە، بە هێڵی یەكەمی بەرگری دادەنرێت، رووبەرەكەی لە پێگەیشتوواندا دەگاتە 21 پێ دووجا و كێشەكەی دەگاتە 3.15 كیلۆگرام.
پێست لە نزیكەی 300 ملیۆن خانە پێكهاتووە. ئەستووری پێست بە قەد چەند شیت كاغەزێكە، بەڵام پێستی لەپی دەست و بنی پێیەكان ئەستوورترن، ناسكترین و تەنكترین پێستیش لەسەر لێوەكان و دەوری چاوەكاندایە.
بە گشتی پێست لە دوو چین پێكهاتووە، چینی سەرەوە كە بەردەوام لە نوێبوونەوە دایە، چینی ژێرەوەش كە شانە گرنگەكانی پێست لەخۆدەگرێ وەكو دەمار و لوولە خوێنیەكان، گلاندی ئارەقە، گلاندی چەوری، خانەكانی رەنگی پێست.
پێست دوو دوژمنی گەورەی هەیە، تیشكی خۆر و ئاوێتەكانی جوانكاری، بۆیە پێویستە كە گرنگی زۆر بە پاراستنی پێست بدرێت، بۆ نموونە خۆپاراستن لە تیشكی خۆر بەتایبەتی لە نێوان كاتژمێر 10 ی بەیانی تا 4 ی پاش نیوەڕۆ، بەكارهێنانی ئاوێتەكانی دژە هەتاو بەرێنمایی دكتۆر، زیاد خواردنی سەوزە و میوە، زیاد خواردنەوەی ئاو، دووركەوتنەوە لە زیاد بەكارهێنانی ئاوێتەكانی جوانكاری پێست.