دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

نۆبڵی ئاشتی بە رێکخراوێکی ژاپۆنیی بەخشرا

هەرێم نیوز

دابەشكردنی خەڵاتەكانی نۆبڵ بەردەوامە و ئەمڕۆش خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەخشرایە ڕێكخراوی نیهۆن هیدانکیۆ، كە رێکخراوێكی ژاپۆنییە و دژی چەکی ئەتۆمیە و هاوکاریی بەرکەوتوان و رزگاربوانی هێرشە ئەتومیەكەی شارەكانی هێرۆشیما و ناگازاکی دەکات.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە لە پەیمانگای نۆبڵی نەرویجی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەڕێوەچوو، ناوی ئەو کەسە ئاشکرا کرا کە بە شایستە دانراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی 2024 لە بواری ئاشتییدا.

جۆرگێن وۆتن فریدنێس، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ ئەمڕۆ هه‌ینی ڕایگەیاند، هەوڵەکانی رێکخراوەکە "ناوازەیە" و بونەتەهۆی دروستکردنی چەمکی "تابوی چەکی ئەتۆم" کە مەبەست لێی ناشرینکردن و سەرکۆنەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمە. 

لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ رایگەیاند، ئەو رێکخراوە کە بە "هیباکوشا" ناسراوە و لەلایەن ڕزگاربوانی هێرشە ئەتۆمییەکانی هێرۆشیما و ناگازاکی دامەزراوە، بەهۆی کار و هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە جیهانێکی داماڵدراو لە چەکی ئەتۆمی و جارێکی دیکە چەکی ئەتۆمی بەکارنەهێندرێتەوە، بە شایستەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە دانراوە.

هاوكات لایخۆیەوە تۆشیوکی میماکی، هاوسەرۆکی رێکخراوی نیهۆن هیندانکیۆ ڕایگەیاند، "هەرگیز خەونیشم بەوەوە نەدەبینی کە ئەمە روبدات".

ئاماژەی بەوەشكرد، "دەوترێت کە بەهۆی چەکی ئەتۆمیەوە ئاشتی لە جیهان بەرقەرار دەبێت، بەڵام چەکی ئەتۆمی دەکرێ لەلایەن تیرۆریستانەوە بەکاربهێندرێت یان بۆ نمونە، ئەگەر روسیا لە دژی ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت، یان ئیسرائیل لە دژی غەززە بەکاریبهێنێت، بابه‌ته‌كه‌ لەوێ کۆتایی نایەت، دەبێت سیاسەتمەدارانی جیهان ئەو شتە بەباشی بزانن". 

هاوسەرۆکی رێکخراوی نیهۆن هیدانکیۆ لەبارەی جەنگی غەززە باسی لەوەكرد، "دۆخی منداڵانی غەززە ئێستا وەکو دۆخی منداڵانی ژاپۆنە لە کۆتایی جەنگی دوەمی جیهانی و لە غەززە منداڵان خەڵتانی خوێن دەکرێن، هەر وەکو چۆن پێش 80 ساڵ لە ژاپۆن ڕویدا".

ئەوە لە كاتێكدایە ماوەیە هەفتەیەكە دابەشكردنی خەڵاتەكانی نۆبڵ بەردەوامە و لەوماوەیەدا خەڵاتەكانی نۆبڵ بۆ بوارەكانی كیمیا و فیزیا دابەشكران و دوێنێش هان کانگ، خانمە نوسەری کۆریای باشور خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ئەمساڵی پێبەخشرا. 

پار خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بە نێرگس محەمەدی بەخشرا کە چالاکڤانێکی ئێرانییە و لە زیندانی ئیڤینی تارانە.

خەڵاتی نۆبڵ میدالیایەکی زێڕ، بڕوانامەیەک و بڕی یەک ملیۆن دۆلاری لەگەڵدایە. رۆژی 10ـی دیسێمبەر کە ساڵیادی کۆچی دوایی ئالفرێد نۆبڵی زانا و داهێنەری خەڵاتی نۆبڵە، بەفەرمی لە ستۆکهۆڵم و ئۆسلۆ رادەستی براوە دەکرێن.

خەڵاتەکە لە ساڵی 1901ـەوە لەسەر دەستی ئالفرێد نۆبڵ، زانای سوێدی داهێنراوە و لە بوارەکانی ئاشتی، کیمیا، فیزیا، ئابووری، پزیشکی و وێژە (ئەدەبیات) دەبەخشرێت. بۆ ئەم ساڵ 286 بەربژێر هەبوون کە 89 لەوانە رێکخراو بوون. ناوەکانیان بە نهێنی دەمێنێتەوە و دوای 50 ساڵ ناوەکان ئاشکرادەکرێن. 

براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەلایەن لیژنەیەکی پێنج کەسی نەرویجییەوە هەڵبژێردران و دواتر راگەیێندران. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP