دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

عێراق؛ لە دوو ڕووداوی جیاوازدا ژمارەیەک بوونە قوربانیی

هەرێم نیوز 

سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی رایگەیاند، بەهۆی دەستکاریی نارنجۆکێک و بەکارهێنانی بە هەڵە، شەش چەکداری حەشدی شەعبی برینداربوون، هەروەها لە رووداوێکی دیکەدا، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان تەقەی لە هاوڕێکانی کردووە، لە ئەنجامدا یەکێکیان کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوونە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی 5ی 2025، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، لە یەکێک لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پاریزگای سەلاحەددین، بەهۆی دەستکاریی 'نارنجۆکێک' ژمارەیەک ئەندامانی حەشدی شەعبی بریندار بوون.

 ئەو سەرچاوەیە بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاندووە " لە گوندی تەل زەهەب لە پارێزگای سەڵاحەدین، لە ئەنجامی دەستکاریی نارنجۆکێک و بەکارهێنانی بە هەڵە لەلایەن چەکدارێکی سەر بە بارەگای  لیوای 41ـی هێزەکانی حەشدی شەعبی، نارنجۆکەکە تەقیوەتەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو ڕووداوە بووەتە هۆی برینداربوونی شەش چەکداری هێزەکانی حەشدی شەعبی."

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە قەزای نوعمانیە لە پارێزگای واست، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان تەقەی لە هاوڕێکانی کردووە، لە ئەنجامدا یەکێکیان کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی هێزە ئەمنییەکان "ئەو ئەندامەی هێزە ئەمنییەکان لە فەوجی فریاکەوتن بووە نەخۆشی دەروونیی هەبووە." 

وتیشی: دوای تەقەکردن لە هاوپیشەکانی، تەقەی لەخۆشی کردووە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە بەڵام بریندار بووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو تاوانبارە دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP