دواین هەواڵ

ئابوری‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجومەنی وەزیران: بەغدا هیچ بەهانەیەکی نەماوە بۆ نەناردنی مووچە

هەرێم نیوز
ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند: "لیستی مووچەی هەرێم بێ کیشەیە وهیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕووەوە نەماوە تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی مووچە لە بەغداوە".

 ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاری دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان".

باسی لەوەشکرد: " کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لە سەر وردبینی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023 ، 2024 ، 2025".

ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکراشی دەکات: "کە دەبێ حکومەتی فیدراڵ وەکوو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت".

دووپاتیشیکردەوە: "بەشە بودجەی هەرێم وشایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاریی و یاساییەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینیی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفیی جێبەجێکردووە".

 ڕوونیشیکردەوە: "هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕووەوە نەماوە تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردووەتەوە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP