دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشداری "هەژموونی لەسەرخۆی"ی ئیخوان موسلیمین لە دامودەزگاکانی فەرەنسا دەدرێتە ماکرۆن

هەرێم نیوز

لە ڕاپۆرتێکدا کە لەم هەفتەیەدا پێشکەش بە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کراوە، باس لەوە دەکات کە ئیسلامییەکان دزە دەکەنە ناو دامەزراوەکانی کۆماری فەرەنسا و "مەترسی لەسەر یەکێتی نەتەوەیی وڵاتەکە دروست دەکەن".

ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن دوو بەرپرسی باڵای حکومەتەوە ئامادەکراوە، باس لەوە دەکات کە بەڵگەیاندۆزیوەتەوە، لەسەر سیاسەتی ئیخوان موسلیمین "درزەکردنی وردە وردە" بۆ ناو دامەزراوە گشتییەکانی وەک قوتابخانە و ئیدارە ناوخۆییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بی بی سی، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنی، ئیمانوێل ماکرۆن داوای لە حکومەت کرد سەرەتای مانگی داهاتوو "پێشنیارێکی نوێ" لەسەر ئەم بابەتە بخاتەڕوو، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی جددیەتی دەرەنجامەکانی ڕاپۆرتەکە.

سیکۆلاریزم بە یەکێک لە پایەکانی شوناسی نەتەوەیی فەرەنسی دادەنرێت.

بە وتەی بەرپرسێکی کۆشکی ئێلیزێ کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، "دیاردەیەکی نوێ کە پێی دەوترێت دزەکردنی لەسەرخۆیانە" سەرهەڵدەدات کە جیاوازە لە "جیاخوازی".

بە گوتەی ئەو بەرپرسە فەرەنسییە، لە کاتێکدا "جیاخوازی" بە واتای ئەو موسڵمانانە دێت کە لە کۆمەڵگەیەکی هاوتەریبدا دەژین لە فەرەنسا بەبێ ئەوەی تێکەڵ بە کولتووری وڵاتەکە بن، بەڵام چەمکی "دزەکردنی لەسەرخۆیانە" بە واتای چوونە ناو پێکهاتەکانی حکومەت دێت بۆ ئەوەی لە ناوەوە بیانگۆڕێت. ئەمە پێویستی بە کاری نهێنییانە هەیە... و لە خوارەوە بۆ سەرەوە کاردەکات."

لە نوسخەیەکی ڕاپۆرتەکەدا کە لە ڕۆژنامەی لۆفیگارو بڵاوکراوەتەوە، نووسەرانی "فیدراسیۆنی موسڵمانانی فەرەنسا"یان وەک لقی سەرەکی گروپی کۆنی ئیخوان موسلیمین لەناو فەرەنسا دەستنیشانکردووە. ئیخوان موسلیمین، سەد ساڵ لەمەوبەر لە میسر بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ بەها سەرەکییە ئیسلامییەکان دامەزراوە.

بەگوتەی ئەوان، فیدراسیۆنی موسڵمانانی فەرەنسا 139 پەرستگەی لە فەرەنسا لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و 68 شوێنی عیبادەتی دیکەش سەر بەو فیدراسیۆنەن، کە بە گشتی نزیکەی 7%ی سەرجەم شوێنەکانی عیبادەت دەگرێتەوە. هەروەها ڕێکخراوەکە 21 قوتابخانە و نزیکەی 280 کۆمەڵە لە بوارەکانی وەرزش، پەروەردە، خێرخوازی، و بوارەکانی دیکە بەڕێوەدەبات.

ئامانجی بزووتنەوەکە دروستکردنی "میکانیزم لەسەر ئاستی ناوخۆییە بۆ ڕێکخستنی ژیانی موسڵمانان لە لەدایکبوونەوە تا مردن".

نووسەرانی ڕاپۆرتەکە دەڵێن: "سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە کە چالاکوانێکی توندڕەو و بەئەزموونن، لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆییەکان خەریکن... و وێڕای چەسپاندنی میکانیزمەکان، وردە وردە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی وەک حیجاب، ڕیش، جل و بەرگ و ڕۆژوو دەسەپێنن".

بەڵام لە بەرامبەردا، فیدراسیۆنی موسڵمانانی فەرەنسا بە توندی هەر جۆرە تۆمەتێکی وەکو "پەیوەستبوون بە ئەجێندایەکی سیاسی بیانی یان ستراتیژیەتێکەوە کە پێی دەوترێت دزەکردنی لەسەرخۆیانە" بەتوندی ڕەتکردووەتەوە.

فیدراسیۆنەکە ڕایگەیاندووە: "تێکەڵکردنی ئیسلام لەگەڵ ئیسلامیزمی سیاسی و ڕادیکالیزم نەک هەر مەترسیدارە، بەڵکو زیانی بۆ خودی کۆماری فەڕەنساش هەیە... لە پشت ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە، پلانێک هەیە بۆ ناشرینکردنی ئیسلام و موسڵمانان."

نووسەرانی ڕاپۆرتەکە کە گەشتیان بۆ 10 ناوچەی جیاواز لە فەرەنسا و هەروەها چوار وڵاتی دیکەی ئەوروپی کردووە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هەژموونی ئیخوان موسلیمین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و ئێستا ئەو گروپە بە پاڵپشتی دارایی تورکیا و قەتەر ئەوروپا دەکەنە ئامانج.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "ئیخوان موسلیمین بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیای خۆی لە ئەوروپادا جێگیر بکات، ڕواڵەتێکی ڕۆژئاوایی پێشکەشی دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵی بەدامەزراوەییکردنی نەریتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و بناژۆخوازییە چەوسێنەر و وێرانکەرەکەی بشارێتەوە".

داکۆکیکارانی جێبەجێکردنی توندی سیکۆلاریزم لە فەرەنسا – ئەو یاسایانەی کە بۆ لابردنی ئایین بە تەواوی لە کایەی گشتی داڕێژراون – دەستبەجێ کەوتنە گرنگدیدان بە ڕاپۆرتەکە.

برۆنۆ ڕێتایۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، کە بەم دواییە وەک سەرۆکی پارتی کۆمارییە کۆنەپەرستەکان هەڵبژێردرا، هۆشداریدا لەوەی "ئیسلامیزمی شاراوە لە ژێر ڕووکەشدا هەوڵدەدات دزە بکاتە ناو دامەزراوەکانەوە، بە ئامانجی کۆتایی کە هەموو کۆمەڵگای فەرەنسا بخاتە ژێر یاسای ئیسلامییەوە".

بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە فەرەنسا بەڕێوەبچێت و ڕێتایۆ - کە بە هەڵوێستە سیاسییە توندڕەوەکانی ناسراوە - نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی لیستی کاندیدە ئیسلامییەکان بچنە ناو کێبڕکێکە.

بەڵام بەپێچەوانەی ئەم دیدگایەوە، ژان لوک میلانشون، سەرۆکی چەپی ڕادیکاڵی فەڕەنسا دەڵێت ئەم قسانە ئیسلامۆفۆبیایە و سنوورەکانی تێپەڕاندووە. ئەو کابینەی ئەمنی فەڕەنسای بەوە تۆمەتبار کرد، کە ئەم " تیۆرییە وەهماوییە"یان لە ریتایۆ و مارین لۆپێنی سەرۆکی حیزبی ڕاستڕەوی پەڕگیری "بەرەی نەتەوەیی" قبووڵکردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP