دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

ئەمریکا و ئێران گەیشتنە بنبەست

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی ناشناڵی ئیماراتی بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی باڵای ئێران، ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بە هۆی ناکۆکی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم گەیشتۆتە بنبەست، هەروەها حکومەتی ئێران بانگهێشتی عومانی بۆ پێنجەمین خولی دانوستانەکانی ڕەتکردووەتەوە.

ماڵپەڕی ناشناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێران بڵاویکردەوە کە تاران "هێشتا" ئەو بانگهێشتەی قبوڵ نەکردووە کە لە لایەن عومان کە نێوەندگیری دانوستانەکانە بۆ پێنجەمین خولی دانوستانەکان پێشکەشی کردووە. بە وتەی ناوبراو، بڕیار بوو پێنجەمین خولی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران ئەم هەینییە لە ڕۆما بەڕێوە بچێت.

هەروەها نووسیویەتی لێدوانەکانی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەرپەرشتی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران دەکات، هۆکارێکە بۆ ئەوەی تاران بانگهێشتی عومان قبوڵ نەکات.

دووشەممەی ڕابردوو، ویتکۆف جەختی لەوە کردەوە کە پیتاندن هێڵێکی سووری زۆر ڕوونە بۆ ئیدارەی ترەمپ، هەروەها وڵاتەکە ڕێگە بە ئێران نادات لە هیچ ڕێککەوتنێکدا پیتاندنی یۆرانیۆم بکات.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەڵوێستە وایکردووە بەرپرسانی ئێران بەگومان بن لە بەردەوامیدان بە دانوستانەکان. تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەیەوێت لە هەر ڕێککەوتنێکدا مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پرۆگرامی "ئاشتیانە"ی ئەتۆمی بۆ مەبەستی زانستی و کشتوکاڵی بپارێزێت.

بەرپرسێکی دیکەی ئێرانیش کە هاوکات داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند: ئێمە نامانەوێت خولێکی دیکەی دانوستان ئەنجام بدرێت و دووبارە شکست بهێنێت، بەبێ مافی پیتاندن، هیچ ڕێککەوتنێک نابێت.

بەرپرسێکی دیکەی حکومەتی ئێران دەڵێت: ئەمریکا پەنای بۆ هەڕەشە و سەپاندنی سزای نوێ بردووە. "ئەم پرسە کەشوهەوای دانوستانەکانی تاریک کردووە".

هەفتەی ڕابردوو، لە سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی عەرەبی ویژدان کرد، تا ئێران گەمارۆ بدەن تا ئەوکاتەی دەبێتە "هاوبەشێکی ئامادە بۆ ئاشتی".

عومان وەک ناوبژیوانێک لە دانوستانەکاندا، پێشنیارەکانی خستووەتەڕوو بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی ئێستا، کە بە بۆچوونی تاران خاڵی ئەرێنییان تێدایە.

ئێران دژی قەدەغەکردنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆمە، بەڵام ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دانوستان لەسەر ڕادە و ئاست و شوێنی ئەو چالاکییانە.

بەرپرسێکی حکومەتی ئێران بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان، ژمارەی ئامێرەکان، ئاستی پیتاندن و شوێنی ئەو جۆرە کارانە جێگای گفتوگۆیە.

لەو کاتەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشوو کشایەوە، ئێران یۆرانیۆمی تا ٦٠ لەسەد پیتاندووە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەنا، ئێران تەنیا هەنگاوێک لە ئاستی ٩٠%ی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دوورە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ناشناڵ، دانوستانەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی وردەکاری ورد لەسەر چۆنیەتی هەڵگرتنی سزاکان و تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە سەرەتا دەبێت هەڵوێستی وردی ئەمریکا سەبارەت بە پیتاندن ڕوون بکرێتەوە.

ڕۆژنامەکە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا لە زاری بەرپرسێکی ئێرانەوە نووسیویەتی: "هێشتا نەگەیشتوینەتە ئەو قۆناغە [لە دانوستانەکاندا]". سەرەتا پێویستە لەوە تێبگەین کە هەڵوێستی ئەمریکا چییە. ئەگەر پێداگری لەسەر نەهێشتنی پیتاندن بکەن، ئێمە ڕێککەوتنمان نابێت. "بەڵام ئەگەر بتوانین بەردەوام بین و بگەینە ڕێککەوتن، دواتر باس لە چۆنیەتی هەڵگرتنی سزاکان دەکەین، چ بە قۆناغ یان بە یەکجار".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP