هەرێم نیوز
کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، کە زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن؛ ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە دەکات. ئەم هەنگاوە کە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە نەک هەر درزێکی گەورە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دروست دەکات، بەڵکو مەترسی دەستپێکردنی ململانێیەکی فراوانتر لە ناوچەکەدا هەیە.
بەرپرسانی ئەمریکی هۆشدارییان داوە ئەگەرچی هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کە سەرکردەکانی ئیسرائیل بڕیاری کۆتایییان داوە یان نا، و ناکۆکی جددی لەناو حکومەتی ئەمریکادا هەیە سەبارەت بە ئەگەری ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل.
کەسێکی ئاگادار لە هەواڵگریی ئەمریکا سەبارەت بەو بابەتە وتی: ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ناوبراو دەڵێت: ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران بە سەرکردایەتی ترامپ کە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە تەواوی نەهێڵێت، ئەگەری هێرشکردن زیاتر دەکات.
سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم نیگەرانیانە نەک تەنها لە پەیامی ئاشکرای بەرپرسانی ئیسرائیلەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکو بە گوێگرتن لە گفتوگۆکانی ناوخۆی ئیسرائیل و چاودێریکردنی جموجۆڵە سەربازییەکانی وەک جوڵەی کەرەستەی جەنگیی ئاسمانی و مەشقی جەنگیی لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیلدا بەهێزتر بووە.
ئەم لێدوانانەی کاربەدەستانی ئەمریکا سەبارەت زەم پرسە، دوای چەند کاتژمێرێک لە لێدوانەکانی عەلی خامنەیی لە ڕۆژی سێشەممە هات.
لەم وتارەدا خامنەیی وتی چاوەڕێی ئەوە ناکەین دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە ئەنجام بگات. وتیشی ئەمریکا بۆی نییە داوامان لێبکات پیتاندنی یۆرانیۆم بەتەواوەتی ڕابگرین. لە کاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت لە دانوستانەکاندا ئێران ڕازی بێت بەوەی پیتاندن بەتەواوەتی ڕاگرێت نەک هەر کەمی بکاتەوە. ئەمەش کێشەی لە دانوستانەکان دروست کردووە.
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئیسرائیل پێشتر ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن بە تەنیا هەنگاوی سەربازی بگرنەبەر، ئەگەربێت و ڕێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران بەجۆرێک بێت کە ئاسایشی ئیسرائیل گەرەنتی نەکات.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا ڕێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران واژۆ بکات، ئیسرائیل ئامادەیە بە تەنیا هێرش بکاتەسەر ئێران.
بەپێی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمریکا، ئیسرائیل بەبێ هاوکاری سەربازی و لۆجستی ئەمریکا وەکو سووتەمەنی ئاسمانی و چەکی سەنگەرشکێن، ناتوانێت بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەتەواوی لەناو ببات، بەڵام شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە کە ئەگەر هێرشیش بکات، ئەو ئۆپەراسیۆنە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دوابخات، نەک لەناویببات.
هاوکات شرۆڤەکاران باسیان لە ئاڵۆزی هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە. لەلایەک بنیامین ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی گوشاری زیاتر دەبێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن و لەلایەکی دیکەشەوە دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە تێکدانی تەواوەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ کە بەشێک لە هەڵوێستە ئەمنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ناگونجێت.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان، ئەمریکا ئاستی کۆکردنەوەی هەواڵگری سەربازیشی بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئەگەری هێرشدا، توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەی هەبێت. بەڵام بەپێی زانیارییەکان، لە هەلومەرجی ئێستادا، واشنتۆن هیچ نیازێکی نییە ڕاستەوخۆ بەشداری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بکات، مەگەر تاران هەنگاوێکی ئیستفزازی گەورە بگرێتەبەر.
لە بەرامبەر ئەم ڕاپۆرتانەدا، میدیای ئێرانیی نزیک لە حکومەت دەڵێت، دوای قسە یەکلاکەرەوەکانی دوێنێی خامنەیی و جەختکردنەوەی لەسەر بەردەوامی پیتاندن، میدیای ڕۆژئاوایی لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا هەوڵی دروستکردنی شەڕی میدیایی دەدات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بڵێت ئێران یان جەنگ یان خۆبەدەستەوەدان هەڵبژێرێت.
دەشڵێت: "پێدەچێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بینەری قەبارەیەکی زیاتری شەڕی پڕوپاگەندەیی و جەنگی دەروونی بین لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئیمتیاز، بە هەڕەشەکردن یان ترساندنی تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەمان".