هەرێم نیوز
شارەزایەكی بواری گەردونناسی ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە بەرەبەیانی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە، مانگگیران ڕوبدات و لەسەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە دەبیندرێت و ماوەی مانگگیرانەكە لە كوردستان پایتەخت دو كاتژمێر دەبێت.
سالار حاجی عەلی، شارەزا لە بواری کەشناسی گەردونناسی لە ڕاگەیەندروێكدا بڵاویكردەوە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی18 (ئەیلول/9)ی ئەمساڵدا مانگگیران ڕودەدات و لانیکەم هەندێک بەش لە مانگگیرانەکە لەزۆربەی جیهانەوە دەبیندرێت لەوانە ئەوروپا، زۆربەی ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای باکور، ئەمریکای باشور، زەریای هێمن، ئەتڵەسی، زەریای هیندی، جەمسەری باکور و جەمسەری باشور
ئاماژەی بەوەشكرد، کاتێک مانگگیران لە سەرانسەری جیهاندا ڕودەدات دەتوانن لە هەمو شوێنێکی دیوی شەوی زەویەوە ببینرێت ئەگەر ئاسمان ڕون بێت، لە هەندێک شوێنەوە تەواوی مانگگیرانەکە دیار دەبێت، لە هەندێک ناوچەی دیکەشدا مانگ لە کاتی مانگگیرانەکەدا بەرز دەبێتەوە یان ئاوا دەبێت وەک هەرێمی کوردستان.
ئەو شارەزایە باسی لەوەشكردوە، بەرەبەیانی بەرواری 18ی (ئەیلول/9) مانگگیران لە جیهان و بەتایبەت هەرێمی کوردستان ڕودەدات، واتە شاری سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک، هەولێر و دهۆک دەبیندرێت، مانگگیران لەسەر ئاستی پایتەخت بەشێوەیەکی هەست پێکردنی تارمای بۆ بەشەکی دەبنرێت، لەکاتژمێر3:41 دەستپێدەكات و تا کاتژمێر 7:47 بەردەوام دەبێت دواتر کۆتایی دێت .
ئەوەشی خستەڕو، هەمو مانگگیرانەکە لە جیهان پێنج كاتژمێر و 44 خولەك دەخایەنێت و لە هەرێمی کوردستان لە سەرئاستی پایتەخت دو كاتژمێر دەبێت، هەروەها هەندێک وڵات بەر ڕۆژمێری 17ی مانگ دەکەوێت بە پێ ی جوگرافیای وڵاتەکە.
ئەوەش هاتووە، ئەو مانگگیرانە کەرتی بەشەکی ناو دەبرێت ڕەنگ کاڵ بەو پێیەی سێبەری زەوی لە سەدا 08 (Umbra) لە سەر ڕوی مانگ دەردەکەوێت لە هەرێمی کوردستان بەچەند خولەک ئەوبەشەی (Umbra) بە ئامێری زوم کردنی تایبەت لە کاتی نزیک فەجری بەیانی بەرەو خۆرهەڵاتن دەبینرێت.
ئەوەشی ڕونكردەوە، مانگگیران دیاردەیەکی سروشتییە، زەوی دەچێتە بەر تیشکی خۆر دور یان نزیک یان ئاڕاستەی ڕێک یان لار و سێبەری بڵاو دروست دەکات لەسەر ڕوی مانگ، هەروەها جارێکی دیكە ساڵی داهاتو گەورەترین مانگگیرانی سوری خوێنی ڕودەدات لەشەوی 07ی (ئەیلول/9)ی 2025 لە هەمو جێهان و بەتایبەت هەرێمی کوردستان دەبینرێت.