دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلەوییەکان لە سووریا دروستکردنی گروپێكی چەكداری نوێیان راگەیاند

هەرێم نیوز 

بەگوێرەی میدیا عەرەبیەكان، گروپێكی نوێی چەكداری بەناوی "پیاوانی نور – سەرایا ئەلجواد" لە ناوچە كەنارئاویییەكانی سوریا كە عەلەوینشین ڕاگەیەندرا و بەرپرسیارییەتی چەند هێرشێكی بۆ سەر هێزەكانی ئاسایشی حكومەت گرتوەتە ئەستۆ.

بەگوێرەی میدیا عەرەبیەكان، گروپی "سەرایا ئەلجواد" لە 2ی مانگی ڕابردو لاپەڕەیەکی لە فەیسبوک دروستکردوە، بەپێی دو راگەیەندراوی جیاواز، ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق ئەنجام دەدات.

لە یەکەم ڤیدیۆیی گروپەكەدا كە ڕۆژی 14 مانگی رابردو تۆماركراوە، دەنگی وێنەگرەکە دەبیسترێت کە دەڵێت، "ئەو هێرشەی وێنەی گیراوە، ئۆتۆمبێلێکی سەر بە ئاسایشی گشتی  حكومەتی دیمەشقە و تۆڵەسەندنەوەی ڕۆحی هەمو شەهیدەکانیان بوە".

لە گرتەیەكی ڤیدیۆی دیكەدا كە هەمان گروپ بڵاویكردوەتەوە، وێنەگرەکە پرۆسەیەکی هێرشکردنە سەر شوێنێکی حکومی تۆمار دەکات کە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ "بەشار میهوب و هاوڕێکانی" هاتوە و لە 1ـی ئەم مانگەدا ئەنجامدراوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، هەواڵی کوژرانی میهوب لەلایەن چەکدارێکی بیانی و سەربڕینی بڵاوکردەوە، لەکاتێکدا وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕەتیکردەوە و وتی وێنە بڵاوکراوەکان هی "شانەیەکی تیرۆریستی" بون کە ئەندامەکانی دەستگیرکراون و تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئایا میهوب لەنێویاندا بوە یان نا.

بە پێداچونەوەی بڵاوکراوەکانی فەیسبوکی ئەو گروپە، وادیارە ئۆپەراسیۆنەکانی وەک کاردانەوەیەک بۆ پێشێلکارییەکانی مانگی (ئازار/3)ـی ڕابردو لە کەناراوەکانی سوریا کە زۆرینەی عەلەوین، ئەنجام دەدات.

"پیاوانی نور – سەرایا ئەلجواد" وەک گروپێكی نوێ لە ناوچەی کەناراوەکانی سوریا دەرکەوت، دوای چەند مانگێک لە ونبونی میقداد فاتیحە، دامەزرێنەری لیوای "درعی ساحل" و دەرنەکەوتنی لە گرتە ڤیدیۆییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

فاتیحە لە مانگی (شوبات/2)ـی ڕابردودا دوبارە دەرکەوتەوە و ڕایگەیاند، لیوای "درعی ساحل"ی پێکهێناوە، کە لە پاشماوەی هێزە تایبەتەکانی سوپای سوریا پێکهاتوە و هەڕەشەی لە ئیدارەی نوێی سوریا کرد. فاتیحە لە وتارەکانیدا پشتی بە هاندانی تائیفەی عەلەوی بەست و داوای لێکردن چەکەکانیان بهێڵنەوە و پەیوەندییان پێوە بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP