د.جەعفەر عومەر- پزیشکی پسپۆری دەروونی
منداڵان توشی زەبری دەرونی دەبن و ئەو زەبرەش کاریگەی دەخاتە سەر ژیانیان، لەوانەیە ببێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشییەکانی پاش زەبر وەکو "نەخۆشی فشاری پاش زەبر"، ئەم رێنماییانە بۆ دایک و باوک و کەسوکاری نزیکە کە چۆن مامەڵە بکەن لەگەڵ ئەو منداڵەی تووشی زەبری دەرونی بووە:
دورکەوتنەوە لە تورەبوون و سەرزەنشتکردنی منداڵەکە، بۆ نمونە ئەوەی کە لای ئێمە باوە و بە منداڵی دەڵێین "ترسنۆک, چی بووە بۆ والەخۆت دەکەیت" ئەم وتەو قسانە هیچ هاوکاری منداڵەکە ناکات.
دڵنیاکردنەوەی بەردەوامی منداڵ کە سەلامەت و پارێزراوە. ئەمەش بە وتە و رەفتار دەکرێت.
قسەبکەن لەبارەی روداوەکەوە، ئەمەش ئەگەر منداڵ خۆی ویستی یان باسی کرد. بەتایبەت لەشێوەی چیرۆک و یاریدا.
هاوکاریبکە لە دەرخستنی هەستەکانیدا، بۆ نمونە با لەو ماوەدا وێنەبکێشێت، یان داوای لێبکە چیرۆکت بۆ بگێرێتەوە، لەم رێگایانەوە خۆی خاڵی دەکاتەوە.
ئەنجامدانی کارە رۆتینییەکانی رۆژانە و فەرامۆشنەکردنی وەکو خۆشۆردن، چونە قوتابخانە, یاریکردن, ...
- فێرکردنی میکانیزمەکانی خۆخاوکردنەوە وەکوو هەناسەدانی قوڵ.
کارئاسانی بۆ خەو و خواردنی تەندروست..