دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

سایكۆلۆژیای منداڵ

پ.د. سەمەد ئەحمەد - * پسپۆر لە بواری پەروەردە و دەرووننزانی

منداڵ، ئەگەرچی بوونەوەرێكی ناكامڵە، بەڵام لە هەمانكاتدا، بەردی بناغەی كۆمەڵگەیە، بۆیە پێویستە لەسەر گەورەكان بەگشتیی و پەروەردەكاران (دایكان و باوكان و مامۆستایان) بەتایبەتی، لەلایەك بەشێوەیەكی مرۆییانە بەخێو و پەروەردەی بكەن، لەلایەكی تریشەوە بەشێوەیەكی زانستیانە مامەمەڵەی لەگەڵدا بكەن. رەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین: پەروەردە هەموو هەوڵی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئەم دوو ئامانجە خستووەتە گەڕ، چونكە ئەگەر ئەم ئامانجانە نەیەنە دی، ئەوا نە پەروەردە بایەخێكی دەبێت و نە مرۆڤیش دەبێتە بوونەوەرێكی رێزلێگیراو و خاوەن شكۆ.

 با بپرسین: بۆچی پێویستە بەشێوەیەكی مرۆییانە مامەڵە لەگەڵ منداڵدا بكرێت؟ لە وەڵامێکی سادەی ئەم پرسیارەدا دەتوانین بڵێین: چونكە منداڵ، پێش لەدایكبوون و دوای لەدایكبوونی، بە هەموو پێوەرێكی جەستەیی و ئایینی و ئەخلاقی و ویژدانی و كۆمەڵایەتی و یاسایی و.. هتد، مرۆڤە و دەبێت وەك هەر مرۆڤێكی گەورە و كامڵی خاوەنی هەست و سۆز و عەقڵ و كەرامەت، رێزلێگیراو بێت و بەهای مرۆیی بپارێزرێت. واتا بچووكی و پێنەگەیشتنی و ناكامڵی منداڵ، نابێت ببێتە مایەی ئەوەی كە گەورەكان بەشێوەیەكی ناتەندروست و توندوتیژ و ناشایستە بە مرۆڤ، مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. لەمەش زیاتر دەبێت گەورەكان بزانن كە تەمەنی منداڵی، قۆناغێكی تێپەڕە و تەنها كاتی پێویستە و پاشان ئەوانیش گەورە دەبن و دەفامن و تێدەگەن و.. هتد، وەكو هەر گەورەیەكی تر كاریگەر و كارێكراو دەبن لە كۆمەڵدا.  

 ئێستا با پرسیارێکی تر بکەین: ئەی بۆچی دەبێت بەشێوەیەكی زانستییانە مامەڵە لەگەڵ منداڵدا بكرێت؟ وەڵام ئەمەیە: چونكە لەم رێگەیەوە لە سروشت و پێكهاتە و چییەتی و تایبەتمەندیی جەستەیی و عەقڵی و دەروونی و رەفتاریی و هەڵچوونی و حەز و خۆزگەكانی و تواناكانی و.. هتد، منداڵ تێدەگەین. واتا لەم رێگەیەوە، منداڵ وەك ئەوەی هەیە دەناسین، نەك وەك ئەوەی كە خۆمان بمانەوێت پێناسەی بكەین.

لە پەراوێزی ئەم بابەتەدا پرسیارێکی تریش رەوایە بکرێت: چۆن و لە چ رێگەیەكەوە دەتوانین ئەم دوو ئامانجە پەروەردەییانەی سەرەوە بهێنینە دی؟ وەڵامی دروست ئەمەیە: لە رێگەی زانستی سایكۆلۆژیای منداڵەوە دەتوانین ئەم ئامانجانە و زۆر ئامانجی تری پەیوەست بە منداڵ و قۆناغی منداڵی بهێنینە دی، چونكە زانستی سایكۆلۆژیای منداڵ ئاشنامان دەكات بە دنیا تایبەت و فراوانەكەی منداڵ، هەروەها هەر لە رێگەی ئەم زانستەوە ئێمەی گەورەكان دەزانین كە منداڵەكانمان لە رووی جەستەییەوە باش گەشەیان كردووە یان نا؟

ئاستی زیرەكی و گەشەی عەقڵییان لە كوێدایە؟ باری دەروونی و هەڵچوونییان چۆنە؟ لە رووی كۆمەڵایەتییەوە دابڕاو و گۆشەگیرن، یان كۆمەڵایەتیین و حەزیان لە تێكەڵاوی منداڵی تر هەیە؟ حەزیان لە چییە؟ رقیان لە چییە؟ توانا و بەهرەیان لەچیدا هەیە و لە چیتردا بێ‌ توانا و لاوازن؟ لەچی دەترسن؟ بۆچی دەترسن؟ بۆچی شەرمنن؟ بۆچی جووڵەیان زۆرە و راوەستانیان نییە؟ بۆچی پرسیار زۆر دەكەن؟ بۆچی كەم خەون؟ بۆچی هەمیشە خەواڵون؟ بۆچی كەمخۆرن؟ بۆچی شەڕەنگێزن؟ بۆچی گرینۆكن؟ بۆچی عیناد و كەلەڕەقن؟ بۆچی گاز لە منداڵی تر دەگرن، بۆچی جنێو دەدەن و چۆن فێربوون؟ بۆچی درۆ دەكەن؟ بۆچی دزی دەكەن؟.. هتد، زانستی سایكۆلۆژیای منداڵ، بەشێوەیەكی زانستی وەڵامی ئەمانە و سەدان پرسیاری تری هاوشێوەی ئەمانە، لەبارەی منداڵ و قۆناغی منداڵییەوە دەداتەوە، بۆیە پێویستە گەورەكان بە گشتی و پەروەردەكاران (دایكان و باوكان و مامۆستایان) بەتایبەتی زۆر بە وردی و فراوانی ئاشنای ئەم زانستە بن، بۆئەوەی لەلایەك، منداڵێكی لەشساغ و تەندروست بەرهەمبهێنن، لەلایەكی تریشەوە مرۆڤێكی ژیر و هۆشیار و بەهرەدار و بەتوانا بەرهەمبهێنن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP