دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

تەنهایی ..وەک (کێکی دڵخوازی من)

هێمن عەبدولقادر

جاڵجاڵۆکە توخمێکی سەیری هەیە ، جۆرێک جاڵجاڵۆکە هەیە ، دوای پڕۆسەی جوت بوون ، مێیەکە ، نێرەکە دەخوات ، کەچی هەموو جارێک ئەم کارە دوبارە دەبێتەوە ، ئازار و چێژ ، شتێکە تەنها جاڵجاڵۆکەکە خۆی هەستی پێدەکات ، جۆرێک مێروولە هەیە ، مێیەکەی هیچ (کون)ێک لە لاشەیدا نییە ، لە کاتی جوت بووندا دەبێت ، نێرەکە کونێک بکاتە لاشەی مێیەکە ، ئەمە ئازارێکی زۆری مێروولەکە دەدات ، بەڵام هەموو ساڵێک ئەمە ڕوو دەداتەوە ، جۆرێک کولە هەیە ، کە پرۆسەی هاوسەرگیری و جوتبوونەکەیان تەواو دەبێت ، مێییەکە ، لاشەی نێرەکە تا نیوەی قوت دەدات ، هیچ کەسێک لە سروشتدا لۆمەی کوللەیەک یان مێروولەیەک یان جاڵجاڵۆکەیەک ناکات بۆ ئەم کارە دەکات ، چونکە خۆیان لە ئازاری پشت ئەم جووت نەبوونە لەگەڵ یەکتری تێدەگەن.

ژنەکان منداڵەکانیان بە سروشتی و نەشتەرگەری دەبێت ، منداڵ لە دوای منداڵ ، شیرپێدانی تا بەیانی گریان و بۆڵەی مێرد و منداڵ ، ئەم هەموو ئازارە دەچێژن و کەچی پڕۆسەکە هەر بەردەوامە ، پیاوەکان ڕۆژانە دەچن بۆ کار ماشێن و فڕۆکە و شەمەندۆفێر لێدەخوڕن ، چۆن هیچ گەرەنتیەک نییە بۆ گەڕانەوەی ئاژەڵێکی ڕاوکەر کە بۆ نان دەچێتە دەرەوە و ڕەنگە ڕاوچییەک بیکوژێت ، هیچ گرەنتیەک نییە بۆ نێرینەیەکی مرۆڤ کە لە بینایەکی بەرز نەکەوێتە خوارەوە ، لە کارگەیەکدا دەستی نەپەڕێت ، هەزار و یەک چەرمەسەرێی و کەچی پرۆسەکە هەر بەردەوامە.

کەس ناتوانێت بە پیاوێک یان بە ژنێک بلێت ئەم کارە مەکە ، چونکە مقەستی خەستەخانە و پەیدا کردنی نان بە زەحمەت چاوەڕوانتە ، هەروەک جاڵجاڵۆکەیەک کە ناتوانیت ئەمەی فێربکەیت.
تەنیایی و ئازاری مرۆڤ بابەتێکە پەیوەستە بەخۆی.

ئەوانەی لە خۆشەویستی بەهرەمەند نابن ئەگەری زۆرە لە داهاتوودا ڕقیان لە خۆیان و خەڵکی تریش ببێتەوە ، زۆرجار کچەکان تازە بووکن کەچی لەسەر سنگی دایکیان دەگرین سکاڵا لە حاڵی خۆیان دەکەن ، دایکیان دڵنەوایان دەکات کە وەک خۆی چارە ڕەشن ، کوڕەکانیش بەهەمان شێوە.

مرۆڤ دەتوانێت بە سانایی زمانی بگۆڕێت قسە کردنی ، ڕەفتارەکانی ، چونکە ئەمانە بەرهەمی کارلێکی کۆمەڵایەتین ، بەڵام چاوەکانت نا ، چاو هی خۆتە ، تەنها چاوە ئازارەکان و خەمەکان نیشان دەدات .
بڕینی پێڵووی پشت و پێشی چاو دەتوانێت جوانتر دەرتبخەن ، بەڵام ناتوانن ئازارەکانی ناوچاوت بشارنەوە ، ئەمەیە بەردەوام کێشەی نێوان (جوانکاری) و (ئازار) ، ئەمڕۆ ملیارەها دۆلار لە نەشتەرگەری جوانکاریدا خەرج دەکرێت ، بۆ ئەوەی مرۆڤ چەند ساڵێکی تر بەگەنجی دەرکەوێت ، بەڵام هێشتا یەک دەنک (حەب) نەدۆزراوەتەوە ، کە گرەنتی نەمان یان بیربردنەوەی ئازار بدات.

-دیارە بارودۆخت باشە وا هەموو ڕۆژێک لە دەرەوە نان دەخۆیت ؟

+نە بابە ، دەی دیارە ئێوە هەمووتان ژن و مناڵتان هەیە ، بەس من کەسم نییە ناجارم لەدەرەوە نان بخۆم

-لە مردن ناترسی ؟

+نا ، من لەوە ئەترسم لە تەنهایدا بمرم

-تۆ منداڵت نییە لەو شتانە تێناگەیت ؟

+ چۆن منداڵم نییە ، پیاوێکم هەیە هەموو چۆتە تەمەنەوە ، نان ئەکەم بەدەمیەوە ، دایبی پێهەڵئەگرم خۆی پیس نەکات ، ئەیبەم بۆ گەرماو ئەیشۆم ، مەگەر ئەمە منداڵ نییە ؟

فیلمی (کێکی دڵخوازی من - My Favourite Cake) چیرۆکی فیلمێکی سادە بەڵام قوڵ ، پەیبردن بە هەموو ئەو ئازارانەی کە مرۆڤێک لە تەنهایدا دەیچێژێت ، بۆ دەیچێژێت ؟ کچ و کوڕەکان تەنانەت کاتیان نییە بە مۆبایلیش لەگەڵ دایک و باوکیان قسە بکەن
وەک جەنراڵی پایز دەیگووت :-

(تەنهایی بابەتێکی لەوە سەختتر و قوڵترە کە بەسەرینێکی دوو نەفەری کۆتایی بێت)

لە چرکەیەکدا هەموو شتێک دەگۆڕێت بۆ شادی و بە پێچەوانەشەوە بۆ ئازار ،

(خەڵکی هەمیشە وا بیر دەکەنەوە کە چیمەنی ئەودویوی پەرژینەکە سەوزترە لەوەی خۆیان) ئەوان وا دەزانن چیمەنی ماڵە هاوسێکەیان جوانترە ، کاتێک دەچنە ئەو دیوی پەرژینەکە ، دیسان ئەمدیوی جوانتر و باشتر دەردەکەوێت ، ژن و پیاوێکی تەنها لە سەر شەقام یەکتری ئەدۆزنەوە و یەکێکیان بەهۆی خواردنی (حەب)ێکەوە کە بۆتەمەنی ئەو تازە گونجاو نییە دەمرێت و یەکێکیشیان ناچارە لاشەکەی بە دزی دراوسێ و یاسا و بەهای کۆمەڵگاوە لە حەوشەکەدا بنێژێت ، بێ ئەوەی کەس لە تەنهایی جاڵجاڵۆکە و مێروولە و مرۆڤێک بپرسێت ، کەبەرگەی ئەوم هەموو ئازار گرتن و ناشتن و یەکتر خواردنە بۆ ؟

(هەرکەسێ مایل بە پیرێکە و تەریقێکی هەیە
تۆ بە شوعلەی غەم "حەریقی" وا وەجاخت هەڵگڕاند)

هەرکەسە و ئازاڕیکی هەیە و شوێنی دەکەوێت ، هیچ وەجاخێک ئاگرەکەی لە ئاگر و ئازاری تەنهایی باشتر کڵپە نادات و گڕ ناگرێت ، ئەگەرچی سەخت و سووتان و دوکەڵیشی بێت.
نوقتە سەری دێڕ ....



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP