ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە ناو سەردەمێکی نوێ و پڕ لە ئاژاوەوە. چیتر ناوچەی هەژموونی تاکە یەک هێزی دەرەکی نیە، بەڵکو بە کارلێکێکی نەرم، کێبڕکێکارانە، و مەترسیداری نێوان زلهێزە جیهانییەکان و ئەکتەرە هەرێمییە بەهێزەکان دەناسرێتەوە.
پێکهاتە کۆنەکە داڕماوە، بەڵام سیستەمێکی نوێی سەقامگیر هێشتا سەریهەڵنەداوە. ئەم شیکارییە، هەوڵ دەدات لە سێ رەهەندەوە، باس لەم گۆڕانکارییە بکات.
یەکەم: وڵاتانی شکستخواردوو و ناسەقامگیری ناوچەکە، گۆڕەپانی سەرەکی کێبڕکێن. بۆشایی و کێشەکانی دەسەڵات لە سوریا، عێراق، یەمەن، لوبنان و غەززە، تەنها بابەتی ناوخۆیی نین؛ بەڵکو گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادانی ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران، ئیسرائیل، سعودیە، تورکیا، ئەمریکا، و ڕوسیان. داهاتووی ئەم وڵاتانە داهاتووی هاوسەنگی هێز لە شام و کەنداو دیاری دەکات.
دووەم: قەیرانە ئابووری و مرۆییەکان دیوێکی لێکدانەبڕاوی ئەم ناسەقامگیرییە ژیۆپۆلەتیکییەن، و بەیەکەوە و بازنەیەکی بەتاڵ بۆ خولانەوەی بێکۆتایی قەیران پێکدەهێنن. داڕمانی ئابووری لوبنان و سوریا، برسێتی بەکۆمەڵ لە غەززە، و شکستەکانی حوکمڕانی لە عێراق، هەم هۆکار و هەم دەرئەنجامی ململانێن. قەیرانانەکان تووڕەیی جەماوەری زیاد دەکەن، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بەهێز دەکەن، و دەرگا بۆ دەستێوەردانی دەرەکی دەکەنەوە.
سێهەم: ستراتیژی هێزە گەورەکانی دەرەوە لە گۆڕاندایە. ئەمریکا هەوڵی بەڕێوەبردنی ناوچەیەک دەدات کە رەنگە چیتر لەپێشینەی ئامانجەکانیدا نەبێت، ڕوسیا بەدوای دروستکردنی کاریگەرییەوەیە تەنانەت بەبێ هەژموونیش، چین بە وریاییەوە و بە پرەنسیپی (دەستێوەرنەدان) مامەڵە لەگەڵ ناوچەکە دەکات، لەم رووەشەوە بەبەراورد لەگەڵ هێزە رۆژئاواییەکان، لەروانگەی خەڵک و هێزەکانی ناوخۆوە، کەمترین دوژمنایەتی بۆخۆی دروست کردووە. ئەمەش ژینگەیەکی پێشبینینەکراوی هێناوەتەپێشەوە، تیایدا ئاکتۆرە هەرێمییەکان دەسەڵاتی زیاتریان هەیە بەڵام ڕووبەڕووی مەترسی گەورەتریش دەبنەوە.
ئەنجام: پرسیاری سەرەکی بۆ داهاتوو ئەوەیە؛ ئایا ئەم داینامیکانە دەبنە هۆی هاوسەنگییەکی نوێ، هەرچەندە ناسەقامگیر، یان بەرەو پەشێوییەکی سەرئاواڵا دەچن، وەک ئەوەی ناوەندی بروکینگز، لە وەسفکردنی مەترسی عێراقی دوای داعشدا، بە "شەڕی هەمووان دژی هەمووان" ناوی برد! وڵامی ئەمەش وەک دەرئەنجام، پشت بە دوو فاکتەر دەبەستێت:
یەکەم؛ توانای ئاکتۆرە هەرێمییەکان بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان لە دەرەوەی کێبڕکێی تائیفی یان ئایدیۆلۆژی سفر-کۆ، (Zero-Sum) و ،
دووەم: ئامادەیی زلهێزە جیهانییەکان بۆ داڕشتنی ستراتیژێک تیایدا سەقامگیریی ڕاستەقینە لەبری لەبەرچاوگرتنی سوودی تەسک، بکەنە پێشینە لە یارییە گەورەکەیاندا!