دواین هەواڵ

ژەنەڕاڵ موستەفا بارزانی

‌كارزان گلی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

پێویستە هەموو پارتییەك لەساڵیادی پارتیدا ئەم بابەتە بخوێنێتەوە، ئەوكات لە گەورەیی عەشیرەتی بارزان تێدەگەن

”مەزاری من نابێت لە مەزاری هیچ پێشمەرگەیەك باشتر بێت“

كارزان گلی
ئایدن دەرە نووسەری بەناوبانگی باكووری كوردستان، زۆر بە جوانی و بە پشتبەستن بە مێژوو، وتارێكی بە نرخی لەبارەی ٤٢ ساڵڕۆژی كۆچی دوایی ژەنەڕاڵ موستەفا بارزانی نووسیوە. بە پێویستمزانی ئەو وتارە وەربگێڕمە سەر زمانی كوردی و ئێوەی خۆشەویستی لێ بێبەش نەكەم. وتارەكە ساڵی پار نووسراوە، بەڵام لەبەر گرنگی وتارەكە، بەپێویستمزانی وەریبگێڕمە سەر زمانی كوردی و خوێنەری كوردی لێ بێبەش نەكەم. 

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەی ئایدن دەرەیە:
ساڵانێك بەر لە ئێستا، بۆ ئەوەی سەردانی باشووری كوردستان بكەم، لە جنێڤەوە بەرەو هەولێر فڕیم. كاتێك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نیشتمەوە، هەستێكی خۆش دایگرتم و چوومە ناو قوڵایی ئەو هەستەوە. باشوورییەكان لە دوای كۆمەڵكووژی هەڵەبجە، بۆ ئەوەی دووبارە جینۆساید نەكرێنەوە، پشتیان بە چیاكانیان بەست و بە ترسەوە و كەوتبوونە ناو ئارەقە و خوێنی خۆیان. لەو فڕۆكەخانە مۆدێڕنەدا، یادی ئەو منداڵ و خەڵكەم بیر هاتەوە كە هاواریان دەكرد بە هۆی زوڵم و ستەم و ئێستاش لەناو گوڵدان.

ئێستا لە وڵاتێكی ترن و گەیشتوون بە خاكی خۆیان و هەموو لایەك وەكوو گوڵ وایە پاك و بێگەرد،  ئەگەر لە چوارچێوەی فیدڕاڵیشدا بن، ئاڵاكەیان دەگەشێتەوە و هەموو كەسێك بە كوردی قسە دەكات، بۆیە كە ئەمەم بینی لە نێوان و خەیاڵ و راستیدا مابوومەوە. ئەو زەمەنەی لەژێر ئازار و ستەمدا بوون، تێیانپەڕاندووە و ئێستا لە ژیانێكی ئارامدان، ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە.

هەولێر جوانییەكی تایبەتی هەیە، چونكە هیچ ئاسەوارێكی سەردەمی سەدام حوسێنی تێدا نەماوە، هەولێر خاكێكە و لەناو ئەو خاكەدا قەڵایەك بوونی هەیە، شەقام و جادەكانی هەولێر، وەكوو ئەوە وایە، بەردێك بخەیتە ناو گۆمەوە و ئەو شەپۆلەی بە هۆی ئەو بەردەوە دروست دەبێت چەند جوانە، هەولێر بەو شێوەیە جوانە.
سلێمانی بە پێچەوانەی هەولێرە، شارێكە لەناو شاخدا دروست كراوە، بەڵام لە بەهەشت دەچێت ئەوەندە دڵگیرە.

دوای ئەوەی سەردانی شارەكانم كرد، پاشان چوومە ناوچەی بارزان و سەردانی مەزاری ژەنەڕاڵ موستەفا بارزانیم كرد، ئەو كەسەی پێشوازی لێ كردم، بەو كەشە گەرمەوە، ماستاوێكی ساردی بۆ هێنام و بەرێزەوە پێشوازی لێم كرد.

بارزانی گوتبووی ”مەزاری من نابێت لە مەزاری هیچ پێشمەرگەیەك باشتر بێت“ ئەمە وەسیەتی خۆیەتی. لە تەنیشت مەزاری خۆشییەوە، مەزاری كوڕەكەی ئیدریس بارزانی لێیە، كە دیوارێكی درێژی بۆ كراوە و مەزارێكی زۆر ئاسایی و سادەیە، تەنانەت ئەو بەردەی بۆ ئەو مەزارەش بەكارهاتووە، زۆر سادەیە.
ئەوەشی لە نزیكەوە بارزانی ناسیبێت، باس لەوە دەكات، زیاد لە پێویست سەرۆكێكی سادە بووە و حەزی لە لوتبەرزی نەبووە.
كاتێك یەكێك لە فەرماندەكانی پێی دەڵێت ”ئەو خێزانە كوردە سیخوڕن، ئەوان دژی ئێمەن و پێویستە لەناو ببرێن“، بەڵام بارزانی لە وەڵامدا دەڵێت ”كوردی باش، لە لایەن دوژمنەكانمانەوە دەكوژرێن، بەڵام ئەگەر ئێمەش كوردی خراپ بكوژین، ئیدی لە دوای خۆمان هیچ كوردێك نامێنێتەوە“.
راستییەكی مێژوویی هەیە، موستەفا بارزانی هەر لە منداڵییەوە تاكوو رۆژی مردنی، لەناو پێشمەرگەكانی بووە و بەبێ دابڕان پشتگیری لە مافی گەلەكەی كردووە و لە باشووردا، خەباتێكی شەڕەفمەندانەی دروست كرد.
ژەنەڕاڵ موستەفا بارزانی
ئایدن دەرە، نووسەری دیاری باكووری كوردستان دەڵێت ”ئێمە لەگەڵ هێزە ئیمپریالیزمەكاندا داوای دیالۆك دەكەین، بەڵام لە نێوان خۆماندا دانەكانمان بۆ قەپ گرتن لە یەكتری تیژ دەكەین، بۆیە ناتوانین لە روحییەتی یەكێتی نزیك ببینەوە، بۆیە تا یەكگرتوو نەبین، هەرگیز ناگەین بە ئازادی.“
كوردە چەپەكان، (رێپێوانی درێژی چینیان هەموو لەبەرە، كە پارتی كۆمۆنیست ئەنجامی دا، ٩ هەزار كیلۆمەتر بوو)، بەڵام موستەفا بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەكانیدا بەناو سەختی شاخەكاندا گەیشتە رووسیا، نازانن چۆن و بە چی دەردەسەرییەك ئەو رێگە سەختەیان بڕی، كە ئەویش هەر رێپێوانێكی درێژ بوو. 
كوردە دیندارەكان، هەموو چیرۆكی جەنگی ئیسلامیان لەبەرە و دەزانن چۆن بووە و بە شانازییەوە باسی دەكەن، بەڵام داستانی قارەمانی خۆیان باس ناكەن و زانیارییان لەسەری نییە.
دوای ساڵانێك، بیرم نەماوە كام كتێب بوو خوێندمەوە، باس لەو سەردەمە دەكات، كە شۆڕشی ١٧ی ئۆكتۆبەر رووینەدابوو، بەڵام شۆڕش دەستی بە جموجۆڵ كردبوو. مەنشەفییەكان بەرێكخراویی بوون، بەلشەفێكانیش تازە خۆیان رێكخستبوو. شۆڕشگێرەكان گەورەترین پێشنیاریان ئەوەبوو، ئەوانەی خاوەنی خاكێكی زۆرن و موڵكییەتی خۆیان بوو، ئەوان داوایان دەكرد بە شێوەیەكی یەكسان بەسەر خەڵكدا دابەش بكرێت، بە شێوەیەكی گشتی سەردەمی ریفۆرمی موڵكایەتی بوو و دەستی پێكردبوو.
رۆژنامەنووسێكی رووسی، لەوكاتەدا رووبەڕووی لیژنەیەك دەبنەوە كە چەند كەسێكی گوندین و لە ناوچەی بارزانن و رۆژنامەنووسەكە خۆی گەیاندوەتە ئەو گوندە. لێیان  دەپرسێت بۆچی هاتوون بۆ ئێرە و چی دەكەن؟ لە وەڵامدا دەڵێن ”عەبدولسەلام بارزانی فەرمانی بە ئێمە كردووە، خاكی ئێمە و هەموو خاكێكی تر پێویستە بە شێوەیەكی عادیلانە و یەكسان بەسەر خەڵكدا دابەش بكرێت، بۆیە دەیپێوین تا بتوانین ریفۆرمی موڵكایەتی جێبەجێ بكەین“
رۆژنامەنووسەكە دەڵێت“ زۆر گاریگەر بووم، ئێمەش بۆ ریفۆرمی موڵكایەتی دەستمان بە هەمان شت كردووە،  كێ دەزانێت چەند ملیۆن مرۆڤمان دەبێتە قوربانی، چیرۆك و خەیاڵەكانمان وەكوو یەكە“
عەوبدولسەلام  بارزانی لە بەرامبەر عوسمانییەكاندا بەشێوەیەكی زۆر گەورە، خەباتی كرد و رووبەڕوویان بووەوە بۆ مافی گەلەكەی. بەڵام لەبەردەم خەڵكدا، كە موستەفا بارزانی برای ئەوكات ١٤ ساڵان بووە و ئەویش ناچار كراوە سەیری بكات، عوسمانییەكان لە سێدارەیان دا.
لایەنێكی تریش هەیە پێویستە باس بكرێت، لە ناوچەكە سۆسیۆلۆژی جیاواز هەیە، ئەویش ئەوەیە كە خانەوادەی بارزانی تەنیا عەشیرەتێك نین، ئەگەر وەكوو عەشیرەتێكیش سەیر بكرێن، بەڵام ئەوان پەیوەندییەكی بەهێزیان وەكوو عەشیرەت نییە و وا بیر ناكەنەوە، بەڵكوو لەم رۆژهەڵاتە ناوەڕاستەی تاریكستانە، بوونە خاوەنی وڵاتێكی مۆدێڕن و دیموكرات، جا سەركەوتوو بوونە یان نەبوونە، ئەوە پەیوەستە بەوەی، تا چەند خۆمان بەنەتەوەیی كردووە و تا چەند كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیرییانی كردووە. بەڵام ئێستا لە سنووری باشووری كوردستاندا، چەندین مەزهەب و ئاین هەن و بە ئازادانە ئاینی خۆیان پەیڕەو دەكەن و بە زمانی خۆشیان دەخوێنن، تەنانەت كەمینەكانیش لەناو پەرلەماندا كورسییان بۆ دابین كراوە.
ئەگەر لە عێڕاق و سووریا و ئێران، پەیوەستبوون بە عەشیرەتەوە بەهێزی جاران نەمابێت، بەڵام لە ناوچەكە ئەمە راستییەكی سۆسیۆلۆژییە، كە سەرۆكی عەشیرەتەكان پێویست دەكات عادیل و نیشتیمانپەروەر بن. شێخ سەعید و سەید رەزا سەرۆك عەشیرەت بوون، بەدرخانییەكانیش بە هەمان شێوە، لە مەكسیك زاباتاكان و لە كوباش فێداڵ كاسترۆ. لە سووریاش بە هەمان شێوە عەشیرەت دەبینین، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا، سەرۆك عەشیرەت چۆن بتوانێت وڵاتی خۆی و خاكەكەی بپارێزێت. بێگومان من لەگەڵ بەنەتەوەییبوونی مۆدێڕنم، بەڵام زۆربەی كاتەكان، ئەو شوێنەی كە لێی دەژیت و ئەو خەڵكەی لەوێیە و جوگرافییەكەش، بە پێی مەرجی سۆسیۆلۆژی گۆڕانی بەسەردا دێت.
بەشێكی زۆری وڵاتە ئەوروپییەكان، خاكەكەیان لەسەر دەستی پیاوە فیوداڵەكان رزگاری بووە و دەوڵەت دروست بووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP