هەرێم نیوز
پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، باندێک پەیدابوون هەڵدەستن بە داونلۆدکردنی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کەوا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و، دواتر هەڕەشەیان پێ لە خاوەنی وێنە و ڤیدیۆیەکە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پارە. بە پێچەوانەوە بڵاوی دەکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە بانگەوازێکی بەپەلەدا بە هاوڵاتییانی ڕاگەیاند: ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنورەکەمان دەکەینەوە ماوەیەکە باندێک پەیدابوون هەڵدەستن بە داونلۆدکردنی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کەوا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیکردن وەک (سناپ چات ، فەیسبووک ، ئينستاگرام .....) بە گشتی (public ) دادەندرێت، دواتر هەڕەشەیان پێ لە خاوەنی وێنە و ڤیدیۆیەکە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پارە. بە پێچەوانەوە بڵاوی دەکەنەوە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: جگە لەوەش هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوە و دەستکاریکردن و دانانی نووسینی نەشیاو لەسەر وێنە و ڤیدیۆکان، دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئینسانی و ئاینی.
پۆلیس دەڵێت: داواکارین کە خۆتان بپارێزن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکانتان، بە شێوەی گشتی (public) لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
ڕاشیگەیاندووە، لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەم چەشنە دەتوانن سەردانی نوسینگەکانی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بکەن، هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوورەکەمان دڵنیا دەکەینەوە هێزەکانمان بەردەوامن لە بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بەم کارە هەڵدەستن.