دواین هەواڵ

غەڵەت لە حساباتدا!

‌شیروان تاڵیب

7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەگەر بارزانییان نەبوونایە، جارێ ئەسڵەن نازانرێ پارتی ئەبوو یان نا. پاشان ئەگەر بیشبووایە، دیسان مەعلووم نیە ئەما یان لە کەوتنێکدا تیا ئەچوو، وا گریمان ئەما، بەس دیسانەوە ڕوون نیە چۆن حیزبێکی لێ دەرئەچوو! 
تەبعەن ئەگەر ئێستاش بارزانییان نەبن، فاڵ ناگرمەوە، بەڵام هەرچەند لە پارتی وەک حیزب ئەڕوانم، تەصەور ئەکەم هەر وەک یەکێک لەو هێزانەی لێ دەرئەچێ کە لە ساحەکەدا هەن و هەر دێن و دەچن و هەمیشە بەدوای هێزێکدا ئەگەڕێن، دوای کەون! 
لەم ڕۆژانەدا گرتە ڤیدیۆیەکی کۆنی کۆچکردوو نەوشیروان مستەفام بینی کە تیایدا بە دیققەتەوە، زۆر جوان باسی لە تەقیم و تەقدیراتی غەڵەت ئەکرد و ئەیووت: (ژوور هەڵسەنگاندن) ئەوەیە کە خۆت یان بەرامبەرەکەت بە گەورە بزانیت، (ژێر هەڵسەنگاندن)یش ئەوەیانە کە خۆت یان بەرامبەرەکەت، بە کەم دابنێی! 
تەبعەن هیچ سەرکردەیەکی (خاوەن نفووز) لەناو کورد و هیچ حیزب و هێزێکی (کاریگەر)ی کوردستان نیە، کە لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا، لە تەقیمیاندا بۆ بارزانیان و لە تەقدیریان بۆ توانایان، نەکەوتبێتە حساباتی غەڵەتەوە،، جا هەیانە لە ژوورهەڵسەنگاندن بۆ خۆی، بارزانیانی بە کەم زانیووە و هەیشیانە لە ژێرهەڵسەنگاندن بۆ بارزانیان، خۆیی بە گەورە داناوە، بەڵام هەردوو نەوعەکە، یان تێکەوتوون، یان بە نەوعێک کەوتوون، هەڵنەساونەتەوە! 
نازانم لەنێوان سەرۆ قادر و شاڵاوی عەلی عەسکەریدا، کامیان بوو کە بۆ یەکەمجار، دەستەواژەی ( موئەسەسەی) بۆ بارزانیان بەکارهێنا، بەڵام وەسفەکە دەقیقە، ئەوان موئەسەسەن و ئەزانن کەی ئەبێ چی بکەن! 
کتێبەکانی( بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد)ی جەنابی سەرۆک بارزانی بخوێنیتەوە، ئینجا باشتر تێئەگەی کە بارزانییان چییان کردووە تا کورد وەک قەزییە و کوردستان وەک نیشتمان بمێنن و نەسڕێنەوە!
چاوێک بە کتێبی یادەوەرییەکانی نەیار و دژ و دوژمنەکانیشیاندا بخشێنی، ئەوکات بۆت دەرئەکەوێ، خۆ ئەوانە هیچ نەماوە کە بۆ نەمانی بارزانییان و لەڕێی نەهێشتنی ئەمانیشەوە، بۆ نەمانی کورد و کوردستان نەیکەن!
بەڵام چونکە ئەمان ماون، ئیتر قەزییەکە ماوە و نیشتمانیش ماوە و خەباتیش هەر ئەمێنێ و ئینجاش یادی لەدایکبوونی پارتی پیرۆزبێ، بەڵام هی سەرۆک بارزانی پیرۆزتر.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP