دواین هەواڵ

ئاگربەستی ترامپ؛ شەڕێک بە "تویتێک" کۆتایی هات!

‌رابەر تەڵعەت

4 رۆژ پێش ئێستا

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی ١٢ رۆژدا؛ یەکێک لە سەیرترین جەنگەکانی مێژووی بینی؛ بە هەڕەشەی بۆمبی ئەتۆمی دەستیپێکرد و بە تویتێک کۆتایی هات!

ئێرانێک ٤٥ ساڵە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات خۆی وەک هێز و هەژموونی یەکەمی ناوچەکە بناسێنێت؛ لەماوەی ١٢ رۆژدا خەریک بوو ببێت بە دەوڵەتێک لە دۆخی "شکستخواردووییدا" Failed state. ٩٠٪ ی توانایی ئەتۆمی، کۆگاکانی موشەک و ژمارەیەکی بەرچاوی لە سەرکردایەتی سەربازی و زانای ئەتۆمی لەدەستدا!

ئیسرائیل، وێڕای توانا سەربازی و تەکنەلۆژییەکانی؛ بۆی دەرکەوت کە ئەم جەنگە دەتوانێ زیانی گەورەی پێ بگەیەنێ. خاڵی سەرنجڕاکێش، هەندێکیش سەیر؛ وڵامی "رەمزی" ئێران بوو بۆ ئەمریکا، لەپای هاتنەناوەوەی ئەمریکا بۆ لێدان لە وێستگە ئەتۆمییە گرنگەکان؛ وڵامی ئێران، بۆ خۆڕزگارکردن بوو لە شەرمەزاریی! ترامپ، بەشێوەیەکی نایاب، لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا، لە شەڕانگێز و دەستپێشخەریکاری جەنگەوە خۆی کرد بەو کەسەی ئاشی بۆ جیهان و ناوچەکە دەگێڕێتەوە! ئەوەی ترامپ لە شەڕانگێزەوە دەکات بە پاڵەوانی ئاشتی، سپین پۆلەتیکس "Spin Politics"ە: راستی گرنگ نیە، چۆنیەتی گێڕانەوە و پێشکەشکردنەکەی گرنگە! پرسیاری ئێستا بۆ زۆر کەس؛ ئایا ئەمە ئاگربەستە یان ئامادەکاریی؟ ئایا راگەیاندنی ئاگربەست دەبێتە قۆناغێکی تر بۆ ئامادەکاریی؟ ئیسرائیل و ئێران، هەردووکیان ماندوون، کاتییان پێویستە بۆ خۆڕێکخستنەوە.

ئیسرائیل ئامانجەکانی بەدەستهێناوە و ترامپیش خوازیارە ببێتە پاڵەوانی ئاشتی! ئەوەی هێشتا بە چارەسەرنەکراویی ماوەتەوە؛ پرسە بنەڕەتییەکانن کە بوون بە پاشخان و بونیادی ئەم دۆخە:

1. ئێران وەک بەربەرەکاری ئیمریالیزم و ئیسرائیل.

2. چارەنوسی بریکارەکان "بەرەی مقاوەمە".

3. رۆڵی ناوچەیی ئێران بۆ دوای ئەم قۆناغە.

4. ئەگەری قبوڵکردنی ئێران بۆ مەرجەکانی دوای دنوستان یان رەتکردنەوەیان.

هەموو ئەمانە پرسگەلێکی ستراتیژین کە ناتوانرێت تەنها بە تویتێک چارەسەر بکرێن! پێشبینی بۆ ئاشتی یان ئامادەکاریی بۆ خولێکی تری جەنگ؟ پرسیارێکە پەیوەندی تەنها بە کۆتایی هێنان بە فایلی ئەتۆمی ئێرانەوە نیە؛ پەیوەندی بە رۆڵ و پێگەی داهاتووی ئێرانەوە هەیە لە ناوچەکەدا! ئایا ئێران، سیستەم و خەڵکەکەی تاچەند بەرگەی ئەوە دەگرن لەژێر فشار و گەمارۆ و سزای ئابووری، سیاسی و نێودەوڵەتیدا، بمێننەوە؟

ئایا کۆتایی هاتنی شەڕی ١٢ رۆژە، گەڕانەوەیە بۆ هەمان دۆخی "ئاشتی شلۆق" ی نە شەڕ و نە ئاشتی؟ یان کردنەوەی دەرگایەکە بۆ هێنانەناوەوەی ئێران بۆ نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوچەیی، ئەویش لەژێر چ جۆرە مەرجێکدا؟ گومانم هەیە ئەمە کۆتایی شەڕ بێت! بەڵکو ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە، قۆناغێک تیایدا شانسێکی تر دەدرێتەوە بە دیپلۆماسی، رەنگە پێگەی هێز و کارتەکان هەندێک گۆڕانیان بەسەردا هاتبێت، بەڵام ئامانجەکان هێشتا بۆ هەردوو لایەنی شەڕکەر لە جێی خۆیانن! دیپلۆماسییەک بتوانێ ئاشتی و سەقامگیریی دروست بکات؛ هەمیشە لە جەنگ و موشەک باشترە. ئەوەی راستییەکی تاڵە ئەوەیە؛ هێشتا جەنگ و هێزی زمانی یەکەمی سیاسەتە؛ بۆ سەردەمی دۆناڵد تراپیش رەنگە بتوانین بڵێین؛ "تویتێک" لە هەردووکیان کاریگەرترە!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP