دواین هەواڵ

تورکیا و سعودیە؛ داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

‌رابەر تەڵعەت

پێش 1 هەفتە

رکابەریی ستراتیژی نێوان تورکیا و سعودیە، نیشاندەری بۆشاییەکی ژیۆپۆلەتیکی بەرچاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای رووداوەکانی ٧ ی ئۆکتۆبەر و کەوتنی ئەسەد! ئەمەش تەنها رکابەریی هەژموون نیە، بەڵکو شەڕە لەسەر داهاتووی ناوچەکە و باڵادەستی ئابووری، ئایدۆلۆژی و سەربازی تیایدا. لە چەقی ئەم رکابەرایەتیەدا، دیدگای جیاواز بۆ داهاتووی نیزام و سیستەمی ناوچەکە هەیە؛ تورکیای (AKP)، خۆی بە براگەورە و سەرپەرشتیاری بزوتنەوە ئیسلامییە سیاسییەکانی ناوچەکە دەزانێت، سود لە هێزی نەرم و پاڵپشتی سەربازی وەک یارمەتییەکانی گەشەپێدان و تەکنەلۆژیای سەربازیی – دڕۆن و چەکی پێشکەوتوو - وەردەگرێت بۆ فراوانکردنی هەژموون و جێگیرکردنی شوێن پێی خۆی.

ئەمەش ڕاستەوخۆ تەحەددای سعودیە و ئیماراتە، کە ئیسلامی سیاسی وەک مەترسی بۆ سەر سیستەمە پاشایەتییەکانی خۆیان دەبینن! بلۆکی کەنداو بە شێوەیەکی سەرەکی دەسەڵاتی دارایی مەزنی خۆی لە ڕێگەی دیپلۆماسی دەفتەر چەکی بانککیەوە بەکاردەهێنێت، و بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی تورکی لە وڵاتە لاوازەکانی دوای جەنگ هەر لە باکوری ئەفریقاوە تا سوریا، وەبەرهێنان و یارمەتی ئابووری و دارایی پێشکەش دەکات . کەنداو؛ بۆ زاڵبوون بەسەر وابەستەیی ئایدۆلۆژیدا، گرەو لەسەر وابەستەیی ئابووری دەکات.

ئەم داینامیکە هەرێمایەتییە؛ ئەمریکا دەخاتە دۆخێکی قورسەوە؛ لەلایەکەوە پێویستە شەراکەتی خۆی و وڵاتانی کەنداو، و ئاسایشی ئەوان بپارێزێت، لەلایەکی تریشەوە دەبێ پەیوەندی ئاڵۆزی خۆی و وڵاتێکی گرنگی وەک تورکیا و ئەندامی ناتۆ هاوسەنگ رابگرێت! بۆ ئەمریکا قورسە؛ چونکە ئەو ستراتیژەی لایەنێک پەیڕەوی لیدەکات، بۆ لایەنەکەی تر وەک هەڕەشە و سوکایەتی سەیر دەکرێت! رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو جەنگێکی سارددایە؛ دەوڵەتە لاوازەکانی پاش- جەنگ و ململانێی ناوخۆیی، ناچار دەبن لایەنێک هەڵبژێرن! داهاتووی ئەم رکابەرییە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو پرسیارەدا خۆی دەبینێتەوە: ئایا هێزی دارایی وڵاتانی کەنداو، بەتایەبت سعودییە، دەتوانێت پێش بە سیاسەتی ئایدۆلۆژی فراوانخوازیی تورکیا بگرێت لە فراوانکردنی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا؟!


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP