شمشێرەکەم دەرناهێنم ، کە قامچیم
بەس بێت ، قامچیش وەلا دەنێم کە
زمانم بەس بێت ، ئەگەر تاڵە مووێک
هەبێت کە منی بە براکانمەوە ببەستێتەوە
نایپچڕێنم .
معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان
دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەمەوی
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل سەیر و سەمەرەترین جەنگی سەردەمە کە لە هەینی 2025/6/3 دەستیپێکرد و لە 25 هەمان مانگ کۆتایی پێهات و 12 ڕۆژی خایاند ، کۆتاییەکەی ئەو جەنگە وەک دوا لەقتەی یەکێک لە زنجیرە دڕاماکان بوو ، کاتێک دەرهێنەر لەناکاو دەزانێت چەند خولەکێکی دیاریکراوی لەبەردەمدا ماوە بۆ کۆتایی هەموو هێڵە دڕامیەکە ، یەکسەر سورپڕایزەکان کەڵەکە دەبن و کۆتاییەکان یەکتربڕ دەبن و ، لەدواجار ئەنجامەکەش بە جوڕعەیەکی لەڕادەبەدەر لە وروژاندن کۆتایی دێت ، ئا ئەمەیە دیمەنی سیاسی و سەربازی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە جیهانێکدا ململانێکان دایڕزاندوە و زۆر جاریش بە موزایەدات و دروشمەکان حوکمڕانی دەکرێت ، کاتێک ململانێی تووند دەکەوێتە نێوان دوو وڵات یان دوولا ، ڕەنگە هەندێک بەسانایی دۆخە بوروژێنن و پەرەی پێبدەن بۆ لاوازکردنی هەردوو لایەن وەک ئەوەی وڵاتانی دەوروبەر بە پارتی و یەکێتی دەکەن . یان وڵاتان بە دوو وڵاتی بەشەڕ هاتوو دەکەن و ئاگرەکە زیاتر خۆش دەکەن ، یان هەیە لە نەزانی ئاگرەکە دادەگیرسێنێت ، کە منداڵ بووین هەمیشە دایک و باوکانمان لە مەترسی ئاگر ئاگاداریان دەکردینەوە ، کە نەکەن گەمە بەدەنکە شقارەتە یان چەرخ بکەن و ئاگر بکەنەوە تا شوێنێکتان نەسوتێ و ئاگر لە ماڵ بەرنەبێت ، حەماس گەمەی بە ئاگر کرد و ناوچەکەی ئاگر تێبەردا ، جەنگ هەروەک لە دڕاماش وایە ئەنجامەکەی بەزەڕوڕەت کۆتایی نیە ، بەڵام بەدرێژایی مێژوو لە هەموو جەنگ و ململانێکانی نێوان دوو وڵات ، دوو کۆمپانیا ، دوو خێزان یان خانەوادە ، زاراوەیەک هەیە کە جەوهەرەکەی هونەری پێکەوەژیانە ئەویش پێکهاتن یان یەکلاکردنەوە « التسوية » یە ئەوەی پەنای بۆ بردبێت قازانجێکی زۆری کردووە بەتایبەتی بۆ لایەنی لاواز زۆر پێویستە ، هەندێک بە هەڵە لە زاراوەی پێکهاتن یان یەکلاکردنەوە گەیشتوون و پەنابردن بۆی بە عەیبە و ناڕەوشتی و لاوازی و شکست دادەنێن ، پێکهاتن « تسوية » شکست نیە بەڵکو لە جەوهەردا چاکەیەکی واقعیە کە کەڕامەت دەپارێزێت و ڕێگانادات داڕمان ڕووبدات ، دەبێت ئەوەش بزانین کە لە سیاسەتدا هەروەک لە ژیانیشدا سەرکەوتن بەهێنانەدی تەواوی داواکاریەکان ناپێورێت ، بەڵکو بەتوانای پاراستنی ئەوەی کە مومکینە و دوورکەوتنەوە لەوەی کە بەرگەی ناگیرێت دەپێورێت ، کاتێک بەدیلێک بۆ پێکهاتن شەڕ بێت یان داڕمان بێت یان دابڕانی ئەبەدی بێت ، ئەوکاتە پێکهاتن دەبێتە هەڵوێستێکی ئەخلاقی نەک سیاسی ، زۆر نموونەمان لە مێژوو هەیە کە سەرکردەی مەزن بێگوێدانە لۆمەی دەوروبەرەکەی و هەندێک جار گەلەکەشی پێکهاتنی لەجیاتی پەرەسەندن « التصعيد » هەڵبژاردوە و وڵاتیان لە وێرانی حەتمی لاداوە ، پێکهاتن لەگەڵ بەرانبەرەکەت وازهێنان نیە لە کەڕامەت ، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ پاراستنی کەڕامەت ، پێکهاتنەوە لاوازی نیە هەروەک هەندێک کەس وایدەبینن ، بەڵکو مەرجێکە لە مەرجەکانی مانەوەی خودی کۆمەڵگا ، مەزنیی پێکهاتن ئەوەیە کە هەڵبژاردنی چرکەساتێکە کە هەموو وەرەقەکانی هێز لەدەست نەچن ، پێکهاتن بژاردەی سەرکردەی عاقڵمەندە کە ژیانی خەڵک دەخاتە سەروی کەللەرەقی و چەقبەستوویی پڕنسیپەکان ، ئەوە قارەمانێتی نیە دەست بە هەقیقەتەوە بگریت و دواتر هەموو شتێک بکەیتە قوربانی ، پێکهاتنەوە لەگەڵ بەرانبەرەکەت بریتیە لە هونەری ئەو سەرکردە جوانانەی کە کاتێک درک بە سنووری ململانێکان دەکەن و ، ئاشتی بەسەر شکستدا هەڵدەبژێرن ، پێکهاتن هونەری مەودای بەیەکگەیشتنی نێوان بەهاکان و واقعە ، نێوان کەڕامەت و حیکمەتە ، ئەنوەر ساداتی سەرۆکی پێشوتری میسر لە ساڵی 1978 ڕێکەتنامەی کامب دێڤدی ئەنجامدا و ، ڕێگای پێکهاتن-ی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵبژارد و گوێی بە هێرش و رەخنەی خەڵکانی خۆی و عەرەب نەدا و ، هەموو سینای وەرگرتەوە ، هەردوو سەرۆکی پێشووی سوریا کوڕ و باوک ، پێکهاتن-یان ڕەتکردوە جولان-یان لەدەستدا ، پێکهاتن « تسوية » ڕێگایە بۆ چارەسەر نەک بە بێمنەتی و کەللەرەقی و خوێن بەڵکو بە زەمەن و بیرکردنەوەی حەکیمانە .