بەگوێرەی راپۆرتی شیکاریی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێم، بە هاوکاریی رێکخراوی UNDP ئەنجامدراوە؛ هەڕەمی تەمەنی دانیشتوانی هەرێمى کوردستان نیشاندەری بوونی دانیشتوانێکی گەنجە. نزیکەی ٣٥٪ ی کۆی دانیشتوان لە خوار ١٥ ساڵ و ٢٨ % لە نێوان ١٥ - ٢٩ ساڵ دا ن، ئەمە نیشانەی پێکهاتەيه كی گەنجه له ڕووی تەمەنەوه. گروپی تەمەنی ٣٠ بۆ ٤٩ ساڵ 20 % و گروپی تەمەنی ٤٥ بۆ ٥٩ ساڵ ١٠ % ى کۆی دانیشتوا ن پێکدەهێنن. ئەو کۆمەڵەیەی تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ زیاترە تەنها رێژەی ٤.٣ % ى کۆی دانیشتوان پێک دەهێنن.
بە پشتبەستن بەم داتایە؛ دەکرێ خوێندنەوە بۆ لێککەوتەی ئابووری و سیاسی ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان بکەین:
لێککەوتە ئابوورییەکان: دانیشتووانێکی گەنج دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هێز و سوودێکی باش بۆ ئابووری هەرێم، بەو پێیەی رێژەیەکی بەرچاوی خەڵکەکەی لە تەمەنی کارکردندان، کە دەتوانن بەشداریی لە هێزی کاردا بکەن و یارمەتیدەر بن لە هاندانی گەشەی ئابووری. بوونی رێژەی ٢٨%ی دانیشتوان کە تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٢٩ ساڵیدایە، پێمان دەڵێ هەرێمی کوردستان دیمۆگرافیایەکی گەنج و ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی هەیە ئامادەن ببنە هێزی کار یان لە ئێستادا کار بکەن، ئەمەش دەتوانێت بەشدارییەکی کارا لەگەشەکردنی ئابووری هەرێمدا بکات.
لێککەوتە سیاسییەکان: بوونی دانیشتوانێکی گەنج، دەتوانێ سەرچاوەی ناسەقامگیریی سیاسی بێت، بەتایبەت ئەگەر هاتوو دامەزراندن و دەرفەتی پێویست نەبوو بۆ دابینکردنی پێداویستی و خواستەکانی گەنج. بۆیە؛ گرنگە بۆ حکومەت و داڕێژەرانی سیاسەتی وڵات، لە پێداویستیەکانی دانیشتوانێکی گەنج تێبگەن. دەبێ بایەخ بە بەرنامەی راهێنان و پەروەردە بدەن، کار بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجەکان بکەن. ئەگەر لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون؛ ناسەقامگیریی سیاسی روو لە وڵات دەکات، مەودای نێوان خەڵک و دەسەڵاتدار فراوان دەبێ، متمانەی خەڵک بە پڕۆسەی سیاسی لاواز دەبێ، پۆپۆلیزم لەسەر هەموو ئاستەکاندا دەبێتە گوتاری سەردەست.
ئەنجام؛ بە گشتی ئەم دابەشبوونی تەمەنە، ئەو کۆمەڵگا گەنجە، هەم دەرفەت و هەم تەحەددایە بۆ دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان . ئەگەر سیاسەتێکی گونجاو بۆ پاڵپشتی گەنجەکان جێبەجێ نەکرێ، دەتوانن ببنە هێزێکی روخێنەری ئەو بونیادە سیاسەی ئێستای هەرێم، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بە دروستی مامەڵە لەگەڵ ئەو دانیشتوانە بکرێ؛ ئەوا دەتوانێ ببێتە هێزێی بزوێنەری گەشەکردنی ئابووری و سیاسەت و حوکمڕانی لە هەرێمەکەدا.