دواین هەواڵ

داهاتوو بۆ شەڕی پرۆکسیە!

‌د.سەردار عەزیز

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەوەی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا بەرامبەر ئێران ڕویدا لە زۆر لاوە بە پەیوەندییەکی پرۆکسی یان جەنگی بە وەکالەت ناو دەنرێت. سەرەتا ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا جەنگی دەست پێکرد، لەو قۆناغەی کە پێویستی بە هاوکاریی بوو، بە تایبەتی لە بوارێکدا کە خۆی پێی نەدەکرا، ئەمریکا دەستوەردانی ڕاستەوخۆی کرد.

شارەزایان وەها دەبینن کە داهاتوو شەڕەکان بە زۆری شەڕی پرۆکسی دەبن. تێگەیشتن لەم قۆناغە نوێیە زۆر گرنگە بۆ کورد لە ناوچەکە، کە لە هەموان زیاتر ئەزمونیان هەیە لە گەڵ شەڕی پرۆکسیدا، بەڵام ئاگایی تێگەیشتنیان لەو بوارەدا سنوردارە.
بۆچی ئەمریکا بەرەو پرۆکسی دەڕوات و پرۆکسی یانی چی؟
بە کورتی شەڕ لە لایەن کۆمەڵگای ئەمریکیەوە خوازراو نیە، بەڵام هێشتا سیستەمی ئەمریکی شەر بە پێویستی دەزانێت بۆ مانەوە و سەپاندنی هەژەمون و ڕێگریی لە سەرهەڵدانی نەیارەکانی.
لە هەمانکاتدا، ئەگەر دژایەتی خەڵکی ئەمریکا بۆ شەڕ زەقە، ئەوا هۆکارێکی سەرەکی بڕی زۆری تێچونە، بەڵام شەڕ بە پرۆکسی ئەم تێچونە کەم دەکاتەوە.
شەڕی پرۆکسی کە دەبێتە مۆدێلی شەڕی زاڵ لە داهاتودا، نیشانەی ئەوەیە کە دونیا بەرەوە ململانێی زلهێزەکان دەڕوات. زلهێزەکان لە نێوانیاندا پەیوەندی دەبێت، بەڵام لە هەمانکاتدا لە ڕێگای پرۆکسیەوە جەنگی یەکتر دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی سازش لە یەکتر. هەمیشە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەر کۆمەڵێک خەسڵەت سەرزەمینی ئەم جۆرە شەڕەبوە لە دونیای نوێدا.
پرۆکسی، وەک شێوازێک لە پەیوەندی، کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە و لە هەمانکاتدا جۆر و شێوازی زۆرە. زۆر جار پرۆکسی شاراوەیە، یان سنوردارە، یان کاتیە، یان ناڕاستەوخۆیە، یان پچڕ پچڕە.

لایەنی پرۆکسی یان ئەو لایەنەی کە زلهێز پەیوەندی لە گەڵدا دەکات دەکرێت جۆرێک لە ئەیجینسی و پرۆژەی خۆی هەبێت، ئەمە هەم سود بە پەیوەندییەکە دەگەیەنێت، هەم فشار و زیان.
بۆ نمونە کورد پرسێکی هەیە، بەڵام کاتێک بە پرۆکسی دەکرێت، کورد بە هیوایە سود لە پرۆکسی بون ببینێت بۆ خزمەتی پرسەکەی، بەڵام کاتێک پەیوەندییە پرۆکسیەکە ناچێتە خزمەتی ئەو پرسەوە، ئەوا قەیران دروست دەبێت.

هاتنی پرۆکسی یانی کۆتایی پەیوەندی هاوپەیمانی. ئەمریکا بڕەوی بە پەیوەندی هاوپەیمانی دا لە ماوەی ڕابوردودا، چونکە بەلایەوە گرنگ بوو کە سروشتی ئەو هێزانە کە مامەڵەی لە گەڵدا دەکات چۆنە. بەڵام بە هاتنی پرۆکسی پەیوەندی هاوپەیمانی ئەگەر کۆتایی نەیەت لاواز دەبێت. ئەمە تەنانەت لە ناو ناتۆشدا دەیبینین. ئەگەر ئیسرائیل ببێت بە پرۆکسی ئەمریکا ئەوا هەموو ئەوانیتر دەبن بە پرۆکسی بەبێ دوو دڵی. بەڵام خەسڵەتێکی تری پرۆکسی ئەوەیە کە هیچ دوو پرۆکسیەک لە یەک ناچن. هەر پەیوەندییەکی پرۆکسیانە تایبەتمەندی خۆی هەیە. 
ئەو شەڕەی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا هەیە لە سەر کورد، دەرخەری زاڵبونی شەڕی پرۆکسی و پەیوەندیی پرۆکسییە لە داهاتودا. 
ئەمە تەنها بەرکوڵە، لە داهاتودا دێمەوە سەر ئەم بابەتە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP