سەرژمێریی بەم شێوەیە، بێ خانەی نەتەوە، گەورەترین ستەمە لە بوون و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد و کەمینە نەتەوەییەکان. بەو پێیەی عیراق بە دەولەتێکی عەرەبی دادەنرێت: دەکرێت ھەموو خەلکی ئەم دەولەتە بە عەرەب دابنرێن. ھەروەھا پرسی ناوچەدابڕێندراوەکان ئالۆزتر دەکات و گرنگی ماددەی ١٤٠ ى دەستوریش کە پرسەکە بە شێوەیەکی یاسایی و ئاشتیخوازانە چارەسەردەکات دەشێوێنێت.
جگە لەمانەش پێویستە رێژەی کورد و تورکمان و ئاشوریی-کلدانی- سریانی وئەرمەن و مەندائی دیاربێت، تا مافی رەوای بەشدارییان لە دەزگاکان و بڕیارەکان بە پێی ڕێژەی ڕاستیان بێت، نەک خەملێندراو بێت.
بۆیە پێویستە لەسەر ھەموو ھاولاتیانی کورد و پێکھاتەکانی کەمینە نەتەوەییەکان، بایکۆتی ئەم شێوەیەی سەرژمێری بکەن، ئەگەر بیانەوێت بە عەرەب لەقەلەم نەدرێن و مافیان بەرەسمی نەخورێت.
تکایە ئاگاداری مەترسییەکان و زیانەکانی ئەم جۆرە نادروست و چەواشەکارانەی سەرژمێریی حکومەتی عیراق بن، بەبەلاش چواردە ساڵ دوای نەخستووە.
تکایە بە ساویلکەیی پێی ڕازی نەبن، و بە سووک و ئاسانی دەستبەرداری بوون و ناسنامە و مافە نەتەوەییە ڕەواکانتان نەبن، کە سەدو شەش سالە خەباتیان بۆ دەکرێت و قوربانیان لەپێناو دەدرێت. تکایە باش بیربکەنەوە و پێویستە ھێزە سیاسییەکان و حکومەتی ھەرێمیش درک بە مەترسییەکان و زیانەکانی ئەم شێوە چەواشەکارانەی سەرژمێریی بکەن، با سەرتان وەک عەرەب نەژمێردرێت.
رژێمی بەعس لە سەرژمێرییەکانی ھەندێک کورد و تورکمان و ئاشووری و کلدانی بە عەرەب تۆمار دەکرد، حکومەتی ئێستای عیراق بەم شێوازەی ئێستای سەرژمێرییەکەی دەتوانێت گشت خەلکی دەولەتی عیراق بە عەرەب تۆمار بکات. تکایە ئاگاداربن، با ئەم فێڵە لەسەرتان تێنەپەڕێت، پاشان نارەزایی و پەشیمانی داد نادەن.
نەک تەنیا حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەلکو حزبە کوردییەکان و گشت ھاولاتییەکی کورد ھەڵوێستیان نەبێت لە نەبوونی خانەی قەومیەت لە فۆرمی سەرژمیریی بەرپرسن لە تێپەرینی ئەم ستەمە لە بوون و ناسنامەی نەتەوەیی و خاکی نیشتمان بە فەرمیی وبە رەزامەندی حکومەتی ھەرێم و سەرکردایەتی حزبە کوردییەکان؛ بۆیە دەبێت حکومەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی حزبەکان ھەڵوێستی خۆیان بەئاشکرا
لەبارەی ئەنجامدانی سەرژماردنی کورد و کەمینە نەتەوەییەکان بێ خانەی: (قەومیەت) دیاربکەن؛ ئەگەر نا ھەموو بەرپرسن لە ئاکامە ناڕەوا و زیانە کوشندەکانی سرینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و کەمینە نەتەوەییەکان لە تۆمارە رەسمییەکانی سەرژمێریی ٢٠٢٤.