دواین هەواڵ

باشووری سووريا و دروزەکان و ئيسرائيل

‌ڕەنج نەوزاد

2 رۆژ پێش ئێستا

لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد ئيسرائيل بووە بڕياردەری سەرەکی لە بەشێک لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای سووريا کە هاوسنوورە لەگەڵ ئيسرائيل. سێ پارێزگای سووريا (درعا، السويداء، القنيطرة) دەکەونە ئەو ناوچەیە. ئەم سێ پارێزگایە، بە تايبەت ئەو بەشانەیان کە نزيکترە لە سنوورەکانی ئيسرائيلەوە، ئیستا لە ژێر چاودێری سوپای ئيسرائيلە و سەرباز و تانکەکانی بەردەوام هاتوچۆی تيا دەکەن و تەنانەت خاڵی سەربازی و چاودێريان تێدا دامەزراندووە. 

پاساوی ئيسرائيل بۆ ئەو ئۆپراسيۆنە سەربازی و هەواڵگرييانەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار: پاراستنی ئاسايش و سەقامگيری لە سنوورەکانی ئيسرائيل؛ پاراستنی دروزەکان. دروزەکان گروپێکی ئاينی عەرەبی نا مسوڵمانن. ژمارەیان نزيکەی ١ مليۆن دەبێت، نزيکەی ٩٠٪ی لە سووريا و لوبنان دەژين، دەوروبەری ١٠٪ لە ئيسرائيل دەژين و چوارەم پێکهاتەی وڵاتەکەن لە ڕووی ژمارەوە. زۆربەی دروزەکانی سووريا لە پارێزگای سوێدا نيشتەجێن. ماوەی پێشوو چەکدارانی تەحريری شام ويستيان بچنە ناو شارەکە، بەڵام نوێنەری دروزەکان قبوڵی نەکرد و چەکدارەکان کشانەوە. دروزەکان جارێ متمانەیان بە حکومەتی نوێی سووريا نييە و دەيانەوێت چاوەڕێی دەستوور و مافەکانيان بن لە سوريای نوێ ئەو کات ئامادەن ببنەوە بە بەشێک لە سووريا و سوپاکەی. 

بە پێی یەکێک لە نوێنەر و سەرۆک حيزبی دروزەکانی لوبنان، ويئام وەهاب، ئيسرائيل بە حکومەتەکەی جۆلانی ڕاگەياندووە کە ئەگەر بە بێ ڕەزامەندی دروزەکان شارەکەیان کۆنتڕۆڵ بکەن و ئازاریان بدەن، ئەوا سوپای ئيسرائيل دەستەی تەحريری شام وێران دەکات. ئەمەش هۆکاری سەرەکييە کە جۆلانی تا ئێستا ناتوانێت لە ڕێگەی هێزەوە دروزەکان چەک  و ملکەچ بکات. 

لە ئێستادا دروزەکان ڕاستەوخۆ ئيسرائيل دەيانپارێزێت، کوردەکان ئەمريکا. مەسيحييەکان هەرچەند دەوڵەتێکی دياريکراو نايانپارێزێت، بەڵام بە گشتی ئەوروپا و ئەمريکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری دۆخەکە دەکەن و جۆلانی لە ترسی ئەو چاودێرييە ناتوانێت هێرشيان بکاتە سەر. تەنيا عەلەوييەکانن، بە هۆی دەرکردنی ئێرانەوە، جارێ هيچ دەوڵەتێکيان لە پشت نييە، هەر بۆیە زۆرترين تاوان و هێرش دەکرێتە سەر ئەوان و ناوچەکانيان. 

لە ناو ئەو کەمينانە کورد لە ڕووی ژمارە و ڕووبەر و هێزەوە لە هەموویان گەورەتر و بەهێزترە. پێويستە هەسەدە دەستپێشخەری بکات و بەرەیەکی هاوبەش لە کورد و دروز و عەلەوی و مەسيحی و کەمينەکانی تر درووست بکات و ببێتە نوێنەریان. ئەم بەرەیە ئەمريکا و ئيسرائيل و ئەوروپا پشتگيری دەکەن. بۆ تورکيا و جۆلانی قوورستر دەبێت پەلاماريان بدەن. هاوکات ئەگەر کورد ببێتە نوێنەری ئەم بەرەیە، ئەوا ئيسرائيل و ئەمريکا قوورستر و گرانتر سازش لەسەر کورد دەکەن بۆ تورکيا و سوريای نوێ. هەلێک دەبێت کە هەسەدە لە ئەلبوکەمالەوە بە تێپەڕبوون بە سنووری عيراق-سووريا بگات بە تەنەف و سنوورەکانی ئيسرائيل و ئوردن. ئەمە دەبێتە دەرەفەتێکی مێژوویی بۆ کورد کە لە ڕێگەی ئوردن و ئيسرائيلەوە بگات بە دەريا و سنوورێکی بە دوو دەوڵەتەوە هەبێت کە لە چوار دەوڵەتە داگيرکەرەکە نين. ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانيش دەستکەوتێکی گرنگ دەبێت. 

پێويستە بە زووترين کات ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵبدات خۆی بکات بە بەشێک لەو پەيوەندی و ڕێککەوتنەی لە نێوان ئيسرائيل و دروزەکانی سووريا هەیە. ئيسرائيل بووە بە بکەر و بڕياردەری سەرەکی لە ئايندەی سوریا و لوبنان و فەڵەستين و، لەوانەیە لە ئايندەیەکی نزيک ببێتە بڕياردەری سەرەکی لە ناوچەکە بە گشتی. ئەردۆگان و جۆلانی ئەم هەقيقەتان زانی و قۆستیانەوە. پێويستە کوردەکانی رۆژئاڤا وەک ئەردۆگان و جۆلانی هەوڵبدەن ئەو هەلانە بقۆزنەوە کە پێگەی نوێی ئيسرائيل دەيڕەخسێنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP