لە سەرەتای ئۆپراسيۆنەکەی دەستەی تەحريری شام لە حەلەب و پاشان کەوتنی ئەسەد و تا ئێستا، سەبارەت بە پەيوەندی هەسەدە و گروپەکەی جۆلانی دوو خاڵ مایەیی سەرنجن، ئەم دوو خاڵە چەند لایەنێکی هاوکێشەی سووريا و ناوچەکە ڕوون دەکاتەوە. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە تەحريری شام هەر لە سەرەتاوە تا ئەمرۆ شەڕی ڕانەگەياندووە بەرانبەر بە هەسەدە و، و پێکدادانێکی جدی و قوورسيش لە نێوانياندا ڕوویەنداوە. خاڵی دووەم بريتييە لەوەی هەرچەند تا ئێستا شەڕ و پێکدادان ڕووینەداوە، بەڵام ڕوودانی ئەو شەڕە هەميشە وەک ئەگەرێکی نزيک و چاوەڕواننکراو دەبينرێت.
سەبارەت بە خاڵی یەکەم چەندين هۆکاری هەیە: ١. ئۆپراسيۆنەکەی تەحريری شام زیاتر ئۆپراسيۆنێکی هەواڵگری دەرەکی بوو (ئيسرائيلی تورکی ئەمريکی)، نەک خۆڕسک و ناوخۆیی. چونکە دەستەی تەحريری شام لە لاوازترين و بچووکترين گروپە چەکدارەکانی ناو سووريا بوو، بە درێژایی چەندين ساڵ نەيدەتوانی تەنانەت تەواوی پارێزگای ئيدلب بگرێت. ئەگەر ڕێککەوتنەکانی نێوان تورکيا و ڕووسيا و ئەمريکا نەبوایە، ميليشياکانی ئێران لە تەواوی سووريا دەسەڵاتی جۆلانيان لەناودەبرد. هەر بۆیە فاکتەری دەرەکی (بە تايبەت ئيسرائيل) کۆمەڵێک ئەرک و سنووری بۆ جۆلانی دياريکردبوو، نەدەبوو سەرپێچی بکات. شەڕی کورد یەکێک نەبوو لەو ئەرکانە.
٢. ئامادەیی سوپای ئەمريکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی هەسەدە ڕێگرييەکی سەرەکييە. ٣.دووژمنی سەرەکی و یەکەمی تەحريری شام ڕژێمەکەی ئەسەد و ئێران بوو، نەدەکرا لە یەک کاتدا چەندين بەرەی شەڕ بکاتەوە. ٤. تورکيا ئەرکی پەلاماردانی هەسەدەی دابوو بە گروپەکانی ناو سوپای نيشتيمانی سووريا، گروپەکانی ناو تەحريری شامی بۆ ئەسەد و ئێران دانابوو.
چەند ئاماژەیەکی گرنگ هەیە کە دەکرێت ڕۆڵ و هەژموونی ئيسرائيل پيشانبدات سەبارەت ڕووداوەکانی سووريا و جۆلانی؛ جوڵە و گوتارەکانی جۆلانی، ناڕاستەوخۆ، ويستی ئيسرائيل پێشاندەدات. بۆ نموونە جۆلانی بە شێوەیەکی سەرەکی دژی ئێران و ڕژێمەکەی ئەسەدە، بەڵام ئەو دژایەتییە بەدی ناکرێت بەرانبەر بە ڕووسيا. لە کاتێکدا ئەوەی لە ئاسمانەوە هاوکاری ئێران و ڕژێمەکەی ئەسەدی دەکرد فڕۆکەکانی ڕووسيا بوون. ئێران و ئەسەد بە خێرایی و بێ دانوستان دەرکران لە سووريا، بەڵام تا ئێستا بنکە سەربازييەکانی ڕووسيا ماون. ئيسرائيليش بە هەمان شێوە، لە سووريا دژی ئێران و پاشان ئەسەد بوو، لەگەڵ ڕووسيا لە یەکتێگەيشتن و پەيوەندی بەردەوامی هەیە. فاکتەری تورکياش لەمەدا ڕۆڵی هەبووە.
ئاماژەیەکی تر بريتييە لەو بێ دەنگی و بێ هەڵوێستييەی جۆلانی بەرانبەر بە ئەو هەموو ئۆپراسيۆنە سەربازی و هەواڵگری و داگيرکارييانەی ئيسرائيل لە سووريا. لە ئێستادا ناوچەیەکی دياری باشووری سووريا لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئيسرائيلە، جگە لەوەی ژێرخانی سەربازی سوريای وێران کردووە.
هەڵوێستی جۆلانی بەرانبەر بە دروزەکان و ناوچەکانيان، ئاماژەیەکی ترە بۆ هەبوونی ڕۆڵێکی کاريگەری ئيسرائيل. کەچی بەرانبەر بە عەلەوييەکان زۆر توندوتيژن، لە کاتێکدا دروزەکان بچوکتر و لاوازترن، بەڵام ئيسرائيليان لە پشتە.
ئاماژەیەکی تر پرسی باشووری سووريایە، بە تايبەت ئەو بەشەی کە دەکەوێتە سەر سنووری ئيسرائيل. جۆلانی و چەکدارەکانی تا ڕادەیەک ئەو ناوچانەیان فەرامۆش کردووە وەک ئەوەی پێيان وترا بێت کە جارێ دەبێت لای ئيسرائيل بێت. لە کاتێکدا جموجۆل و چالاکييەکی ڕۆژانە و گەورەیان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی تری سووريا، بە تايبەت حەلەب و حەما و حيمس و ديمەشق و ناوچەی کەناری سوويا (لازەقييە و تەرتووس).
جگە لەو هەموو لێدوانانەی جۆلانی کە وەک پەيامە بۆ ئيسرائيل سەبارەت بەوەی سووريا نايەوێت و ناتوانێت شەڕی ئيسرائيل بکات و نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە و کێشە بۆ هيچ دەوڵەتێکی ناوچەکە.
یەکێک لە هۆکارەکانی پەيوەندی جۆلانی لەگەڵ هەسەدە و ناوچەکانی لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بۆ فاکتەری ئيسرائيل دەگەڕێتەوە. چ تورکيا و چ جۆلانی باش دەزانن توڕەکردنی ئيسرائيل یان هەوڵدان بۆ دژایەتيکردنی ئەنجامێکی خەراپ و کتوپڕی دەبێت. ئيسرائيل وەک ئەمريکا و وڵاتانی ئەوروپا نييە زیاتر نا ڕەزایەتی دەرببڕێت، یان سزای ئابووری و دبلۆماسی بسەپێنێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ جۆلانی و تەواوی سەرکردەکانی تەحريری شام دەکووژێت بێ ئەوەی گوێ بداتە هيچ کاردانەوەیەک. بە تايبەت کە یەکێک لە چالاکييەکانی ئيسرائيل بريتييە لەوەی سەرکردەیەک دەکووژێت، یان هێرشێکی هەواڵگری ئەنجامدەدات، بێ ئەوەی بە فەرمی ڕايبگەيەنێت و خۆی بکات بە خاوەنی.
سەبارەت بە خاڵی دووەم (ئەگەری پێکدادانی نێوان هەسەدە و تەحريری شام). ئەم گريمانەیە هەميشە چاوەڕواننکراوە چونکە: ١. جۆلانی پلانی هەیە ببێتە سەرۆک یان کەسی یەکەمی سووريا و تەواوی وڵاتەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بە بێ کۆنتڕۆڵکردنی هەسەدە ئەمە نایەتە دی، چونکە زیاد لە ٢٥٪ نەخشەی سووريا لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە. ٢. لەگەڵ ئەوەی جۆلانی و حکومەتەکەی بە فەرمی بانگەشەی دانوستان و ئامرازی دبلۆماسی دەکەن لەگەڵ هەسەدە و کورد، بەڵام زۆرێک لە لایەنگران و ئەندامانی خوارەوەیان بە ئەندازەی تورکيا دژی هەسەدە و کوردن. ئەمە لە پەيچ و ميدياکانيان بە ڕوونی دەردەکەوێت. بێ گومان ئەمە بۆچوونی ڕاستەقينەی جۆلانی و تەحريری شامە بە گشتی ٣. ڕۆڵ و هەژموونی تورکيا لە ديمەشق بەهێزترينە، ئامانجی سەرەکی تورکيا ئەوەیە قەوارەکەی رۆژئاوا لەناوببرێت، ئەمە کاريگەری هەیە بەسەر جۆلانی.
ئەم سێ خاڵە جێگير و نەگۆڕن، ئەگەر چەند فاکتەر و ڕێگرييەک نەبێت، ئەوا بە زووترين کات تەحريری شام و تورکيا و چەتەکانی پەلاماری رۆژئاوای کوردستان دەدەن. هەر بۆیە لە ئەگەری نەمانی ئەو ڕێگری و فاکتەرانە، یان گۆڕانيان بە هۆی ڕێککەوتن و تێپەڕبوونی کات و گۆڕانکاری لە سياسەت و ستراتيژەکان، پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن سوریای نوێ و تورکياوە حەتمييە. ئەو ڕێگرييانە بريتيين لە: ١. ئامادەیی سوپای ئەمريکا لە ڕۆژئاوای کوردستان. تورکيا و جۆلانی چاوەڕیی هاتنەوەی تڕەمپ دەکەن بەو هيوایەیی بڕياری کشانەوە بدات لە سووريا. لەوانەیە لەبەر ئەوەش بێت تا ئێستا شەڕێکی ڕاستەقينە و سەرتاسەری لە لایەن تورکياوە ڕانەگێنراوە دژ بە هەسەدە و، تا ئێستاش جۆلانی بڕياری پێکدادانی نەداوە.
٢. ڕۆڵی ئيسرائيل لە سوريای نوێ یەک لاکەرەوەیە. ئيسرائيل تا ئێستا پێی باشە قەوارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بمێنێتەوە. تەنانەت ئەگەر تڕەمپ بڕياری کشانەوە سوپاکەی بدات لە ڕۆژئاوا، ئيسرائيل دەتوانێت پەشيمانی بکاتەو لەو بڕيارە. لێرەوەیە ئەردۆگان و جۆلانی هەوڵدەدەن ئەو پەيامە بدەنە ئيسرائيل کە سووريای نوێ نابێتە هەڕەشە و سوپای ئيسرائيليش بۆی هەیە ئۆپراسيۆنی سەربازی و هەواڵگری بکات هەر کات بە پێويستی زانی، بۆیە پێويست ناکات کارتی رۆژئاوای کوردستان بهێڵێتەوە. لەوانەیە تا ئايندەیەکی نزيک ئيسرائيل ڕازی نەبێت بە داواکاریيەکانی تورکيا و سوريای نوێ، بەڵام بۆ ئايندەی دوور هيچ شتێک مسۆگەر نييە.
٣. ترس لە دووبارە گەڕانەوەی سووريا بۆ شەڕی ناوخۆ یەکێکە لە ڕێگرييەکانی بەردەم هێرشی تەحريری شام بۆ سەر هەسەدە. ڕوون و ئاشکرایە هەسەدە لە ڕووی هێزەوە توانای هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ شەڕێکی قوورس بکات، لە سوپای نيشتيمانی سووريا و تەحريری شام بەهێزترە، بە تايبەت سوپای تورکيا لەبەر ئەمريکا ناتوانێت بە شێوەیەکی فراوان هێرش بکاتە سەر هەموو ناوچەکانی هەسەدە. ئەمەش وایە ڕوودانی شەڕێکی فراوان و ماوە درێژ و قوورس، دەرگا دەکاتەوە بۆ دەستتێوەردانی دەوڵەتانی تر، بۆ نموونە بە ئەگەری زۆرەوە لە دۆخیکی وادا ئێران هەوڵدەدات دووبارە بگەڕێتەوە، ئيماڕات و سعودييە ڕۆڵی زۆريان دەبێت. سەرهەڵدانەوەی داعش و گەڕانەوە بۆ فەوزاکەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٧، ئەمە سوريا بەرەو دابەشبوونی زیاتر و لەوانەیە دابەشبوونێکی یەک لاکەرەوە ببات. ئەم سيناريۆیە نە تورکيا نە جۆلانی نايانەوێت.
٤. ئەوەی ئاشکرایە بە پێی یاسا و بۆچوونی ئەمريکا و ئەوروپا و تەنانەت خودی تورکياش، ئەوانەی ئێستا لە سووريا حوکم دەکەن گروپێکی تيرۆريستی سەر بە قاعيدە و کۆنە داعشن. ئێستا تورکيا و جۆلانی و قەتەر دەيانەوێت ئەم وێنەیە بگۆڕن، گوایە جۆلانی و گروپەکەی ئێستا قاعيدە نين و گۆڕاون. چونکە بە بێ ئیعترافی نێودەوڵەتی و قبوڵکردنی ئەم حکومەتە نوێيە، سزاکانی سەر سووريا لاناچێت. بە بێ سڕينەوەی سزاکان، سووريا ناتوانێت ببێتەوە بە دەوڵەتێکی ئاسایی، نە تورکيا نە قەتەر توانایان نييە سووريا درووست بکەنەوە بە تەنيا. بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئيعترافە و لابردنی سزاکان پێويستە سوريای نوێ مامەڵەیەکی نا سەربازی لەگەل دۆزی کورد بکات لە ڕۆژئاوا. چونکە بە پێی وڵاتانی رۆژئاوا، هەسەدە تاکە گروپی بەهێزە لە سووريا کە تيرۆريست نييە و شەڕی تيرۆری کردووە.
لەبەر ئەوە تورکيا و سوريای نوێ دەيانەوێت بە ڕێگەی تر قەوارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بڕوخێنن؛ بە ڕێگەی دانوستان و چەواشە و وەهمەکانی درووستکردنەوەی سوريا و دەستوور و سوپایەکی نوێ بۆ ئەوەی کورد بە ويستی خۆی، خۆی لاواز و دووژمنەکەی بەهێز بکات. یاخود چاوەڕوانی گۆڕانێک لە ڕۆڵ و هەڵوێست و سياسەتی ئەمريکا و ئيسرائيل، بۆ نموونە کشانەوەی سوپای ئەمريکا لە ڕۆژئاوا، یان پێدانی چەندين دەستکەوتی گرنگ و بەڵێن و مسۆگەری تر بە ئيسرائيل لە بەرانبەر دەستبەرداربوون لە کوردەکانی ڕۆژئاوا.
لەوانەیە جۆرێک لە ئەرک دابەشکردن هەبێت لە نێوان تورکيا و جۆلانی سەبارەت بە ڕۆژئاڤا، بۆ نموونە شەڕی سەربازی دژ بە کورد بۆ تورکيا و چەتەکانی دانرابێت، شەڕی دبلۆماسی و یاسایی بۆ جۆلانی.
هەسەدە پێويستە هەموو سيناريۆ خەراپ و کووشندەکان بە گرنگييەوە وەربگرێت و خۆی بۆ ئامادە بکات، بە تايبەت بۆ ئايندەیەکی دوورتر کە هەموو شت ئەگەری هەیە ڕووبدات. هاوکات هەوڵبدات درێژە بەو پشتگيرييە ئەمريکی و ئيسرائيلی و ڕۆژئاواییە بدات.