"ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ کۆماری ئیسلامی به کورد نه‌ڕووخێ، کۆماری ئیسلامی به کوردیش ئیسلاح ناکرێ!"
تراویلکه‌ی ده‌شتی قوم
(تازه‌ترین ژماره‌ی رۆژنامه‌ی "کوردستان")
سه‌ره‌ڕای ده‌یان قه‌یرانی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی و که‌ڵه‌كه بوونی کێشه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هه‌روه‌ها بێزاریی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خه‌ڵک و چه‌ند جار هه‌ستانی چین و توێژی جیاوازی کۆمه‌لگای ئێران به‌دژی کۆماری ئیسلامی، ئه‌و رێژیمه هێشتا له‌سه‌ر کار ماوه و تا ئێستا نه‌ڕووخاوه. له ده‌سپێکی چل و حه‌وت ساله‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا، له‌کاتێکدا بزوتنه‌وه‌ی ژینا خه‌باتی خه‌ڵک و گه‌لانی ئێران به‌دژی ئه‌و رێژیمه‌ی برده قۆناغێکی بێ‌گه‌ڕانه‌وه له قه‌ڵشت خستنه دیواری ترس و خۆیه‌کلاکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئه‌و رێژیمه و دوای ئه‌وه‌ی به ڕووخانی حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌سته‌کانی رێژیمی ئێران له ناوچه‌دا له هه‌موو کاتێک زیاتر کورت کرانه‌وه و رۆژئاواییه‌کانیش باسی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆکان و ته‌وژمی نوێ بۆ سه‌ر تاران ده‌که‌ن، هه‌ق وایه له خۆمان بپرسینه‌وه رازی مانه‌وه‌ی ئه‌و رێژیمه چیه و چ شتێک هێشتا ده‌توانێ رێژیم له هه‌ڵدێری کۆتایی بگێڕێته‌وه.
رازی نه‌ڕووخانی تا ئێستای کۆماری ئیسلامی فره‌چه‌شنه. به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی رێژیمه دیکتاتۆره‌كانی دنیا، کۆماری ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه جێگیربوون و مانه‌وه‌ی خۆی له چه‌ندین لاوه ده‌سته‌به‌ر کردبوو. هه‌ربه‌و پێیه رووخانی ئه‌و رێژیمه‌ش زیاتر له هۆکارێكی پێویسته. زۆر فاکته‌ر هه‌ن که ئێستاش وه‌ک کارتی یاری له‌ده‌ستی کۆماری ئیسلامی‌دا ماون، به‌ڵام به ته‌واوی لاواز بوون یا لانیکه‌م بڕشتی جارانیان نه‌ماوه و ده‌كرێ لاوازتریش بکرێن. له‌نێو ئه‌و فاکته‌رانه‌دا ده‌توانین ئاماژه به سه‌رکوتی جیابیران و ترساندنی خه‌ڵك، کایه كردن به هه‌ستی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵک، به‌رزکردنه‌وه‌ی داوه‌ڵی له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شانی ئێران، ساتوسه‌ودا به مه‌وقعییه‌تی ژیئۆستراتژیکی ئێران، سوود بردن له شکڵنه‌گرتنی ئالتێرناتیڤێكی جیددی و له هه‌مووی گرینگتر به‌کاربردنی ئۆختاپووسی ئیدی په‌ڕوپۆکراوی پراکسییه‌کانی رێژیم له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا به بیانووی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی شۆڕش و به‌پێی تازه‌ترین دانپێدانانی خودی خامنه‌یی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیی هاتنی دوژمن بۆ نێو ماڵه‌که‌ی بکه‌ین.
نه‌خش و توانای خه‌ڵک و لایه‌نه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی کارکردی ئه‌و فاکته‌رانه‌ی سه‌ره‌وه بۆ هه‌موویان وه‌ک یه‌ک نیه. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه که له ده‌وڵه‌تانی دێموکراتیک و ته‌نانه‌ت مه‌یله و دێموکراتیک‌دا ده‌بینین، لە ئێران زۆربه‌ی ئه‌و فاکته‌رانه به داوا و ئاره‌زووی خه‌ڵک ناگۆڕێن و له‌ده‌ست خه‌ڵکدا نین. بۆ نموونه له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی سه‌رکوتدا که وێ ده‌چێ تا سه‌ر ئه‌و رێژیمه هه‌ر په‌نای بۆ ببا، خه‌ڵک ته‌نیا ده‌توانن خۆیان رێك بخه‌ن، یه‌كگرتووتر بن و رێکاره‌کانی خۆڕاگری و خۆپاراستن و هاوپێوه‌ندیی نێوانیان باشتر بکه‌ن. به هه‌مان شێوه، به‌رنامه تێکده‌رییه‌کانی رێژیم له ناوچه‌دا و پشتیوانی له تێرۆریزم یان سات و سه‌ودا به هه‌ڵکه‌وتی ستراتژیک و سه‌رچاوه‌کانی ئێران به‌تایبه‌تی له‌ڕوانگه‌ی دابینکردن و گواستنه‌وه‌ی وزه‌وه فاکته‌رگه‌لێک نین که گۆڕینیان له ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵکدا بێ. له باشترین حاڵه‌تدا نه‌یارانی کۆماری ئیسلامی ده‌توانن له رێگای ئامرازه ده‌ڵه‌مه و په‌رش و بڵاوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه له‌لای بیروڕای گشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوه‌نده‌کانی بڕیاری جیهانی له‌و باره‌وه به‌دژی رێژیم لۆبیگه‌ری بکه‌ن.
له به‌رامبه‌ردا، هێندێك فاکته‌ری دیکه هه‌ن که خه‌ڵک و هێزه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی ده‌توانن له‌واندا نه‌خشی چالاک و شوێندانه‌ر بگێڕن، بۆ نموونه دروستکردنی بنه‌ماکانی لێکگه‌یشتنی گشتی به‌مه‌به‌ستی پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی فێل و پیلانه‌کانی رێژیم بۆ په‌ره‌پێدان به درزی کۆمه‌ڵایه‌تی و پچڕاندنی پرده‌كانی هاوپێوه‌ندیی نێوان چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا؛ دۆزینه‌وه و قووڵکردنه‌وه‌ی پاڵنه‌ره هاوبه‌شه‌کانی خه‌بات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، تۆکمه‌کردنه‌وه‌ی مایه‌کانی دروستکردنی ئالتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی یا لانیکه‌م جه‌مسه‌ره جیاوازه‌کانی وه‌ها ئالتێرناتیڤێك، و... هتد.
له‌نێو ده‌سته‌ی دووهه‌می فاکته‌ره‌کاندا فاکته‌رێک هه‌یه که ئه‌مه‌یان به ته‌واوی له ده‌ستی ئۆپۆزیسیۆن و خه‌ڵکدایه و خۆ لێ لادان و وه‌دواخستنی پاساو هه‌ڵناگرێ، ئه‌ویش خۆیه‌کلاکردنه‌وه له‌گه‌ڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامییه. یه‌كێک له رازه‌کانی جێکه‌وتن و مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌یه که له نه‌خشه‌سازیی ده‌ستووری و رێکخستنی ژیانی نیهادیی ئه‌و رێژیمه‌دا، سه‌ره‌ڕای بوونی وه‌لی فه‌قیه، باڵه‌خانه و ویترینێکی به‌ڕواله‌ت به زه‌رفیه‌ت و ڕکابه‌رانه له‌سه‌ر بنه‌ما و ژێرخانێکی ئیدئۆلۆژیی پاوانخواز و تۆتالیتاریست دامه‌زراوه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی رێژیمه دیکتاتۆره‌کانی دنیا و سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ناوک و لوتکه‌ی هه‌ره‌می سه‌ره‌رۆیی، له کۆماری ئیسلامی‌دا ئه‌و هه‌ره‌مه له کرده‌وه‌دا له‌سه‌ر یه‌ک که‌س رانه‌وه‌ستاوه و چه‌ندین کۆڵه‌که‌ی هه‌یه. هه‌ر ئه‌و چه‌ند پایه بوونه‌شه که وای کردووه که ساختومانی کۆماری ئیسلامی، سه‌ره‌ڕای رزین و چه‌مانی، هه‌رچۆنێک بێ تا ئێستا ده‌ره‌قه‌تی بوومه‌له‌رزه نێوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان بێ.
هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌ی رێژیم‌دا، کۆماری ئیسلامی توانیویه‌تی کۆمه‌ڵێك زه‌رفیه‌تی هه‌میشه قابیلی مه‌هار له ده‌روونی خۆیدا دروست بکا بۆ ئه‌وه‌ی چ له‌رێگای مه‌وعیده‌کانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری و پارلمانییه‌وه و چ به‌هۆی مشتومڕی نێوان باڵ و لاباڵ و کلیڤاژ(سه‌فئارایی)ه نێوخۆییه‌کانییه‌وه، خه‌ڵک و دنیای ده‌ره‌وه به خۆیه‌وه خه‌ریک بکا بۆ ئه‌وه‌ی له نه‌بوون یان خراپ بوونی بژاری رووخانی رێژیم به لێدانی سه‌ربازیی ده‌ره‌کی یان هه‌ستانی توندوتیژی خه‌ڵک، ئه‌و ته‌مایه‌یان تێدا پێک بێ که ره‌نگه له رێگای ریفۆرمه‌وه بتوانن ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر ماهیه‌ت و کارکردی ئه‌و رێژیمه‌دا بێنن. شتێک که جیاوازیی ئاقاره‌کانی خه‌بات به‌دژی رێژیم و په‌رش و بڵاوبوونی وزه و سه‌رنجی خه‌ڵک و هێزه ئازادیخوازه‌کانی لێ که‌وتۆته‌وه.
واقعییه‌تێك هه‌رچه‌ند تاڵ و درێژ‌خایه‌ن بێ، به‌بێ قبووڵکردن و دانپێدانانی ناگۆڕدرێ. ئه‌و واقعییه‌ته‌ش ئه‌وه‌یه که ئه‌و فاکته‌ره‌ی دوایی که رێژیمی کۆماری ئیسلامی له چوار ده‌یه و نیوی رابردوودا به زیره‌کانه‌ترین شێوه پشتی پێ به‌ستووه، هه‌میشه رۆڵی سوپاپی دڵنیایی و کاریگه‌رترین هۆکاری مانه‌وه‌ی رێژیمی گێڕاوه.
ئاشکرایه که له هه‌موو وڵاتێک‌دا و بۆ هه‌موو که‌س و لایه‌نێکی له‌ڕووی سیاسییه‌وه ساغ و به‌رپرسیار، سیناریۆی ئیده‌ئال و دڵخواز ئه‌وه‌یه که کێشه‌کان به نه‌رمی و له به‌ستێنێکی ئارام و له‌باری سیاسی‌دا چاره‌سه‌ر بکرێن. به‌ڵام دیکتاتۆره‌كان هه‌میشه که‌ڵکی خراپ له خه‌ون و ئیده‌ئال و نیازپاکیی نه‌یارانی خۆیان وه‌رده‌گرن هه‌تا باشتر زه‌ربه‌یان لێ بده‌ن و ته‌فره‌قه بخه‌نه ریزه‌کانیانه‌وه و له ئاکامدا ته‌مه‌نی خۆیان هه‌رچی زیاتر درێژ بکه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ش راست ئه‌و شته‌یه‌که له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا رووی داوه، چونکه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی کێشه‌ی نێوان کلیڤاژه جیاوازه‌کانی رێژیم له‌سه‌ر ماف و داواکارییه‌کانی خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵات با نه‌ک له‌سه‌ر جێگه و پێگه و قازانجی تایبه‌تیی باڵه‌کان و ڕوخساره‌کان و چۆنیه‌تی پاراستنی ئه‌و رێژیمه له ڕووخان، چل و شه‌ش ساڵ کاتێکی که‌م نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێژیمه که‌مترین ئاڵوگۆڕی پۆزه‌تیڤ به‌سه‌ر ماهیه‌تی خۆی و دۆخی وڵات و خه‌ڵکدا بێنێ. نابێ له‌بیرمان بچێ که به‌ڵێنی به‌درۆی باشکردنی دۆخی خه‌ڵک و وڵات و پێوه‌ندییه‌کانی رێژیم له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه و به‌کورتی تراویلکه‌ی نه‌رمئاژۆیی له کۆماری ئیسلامی‌دا شتێکی تازه نیه به‌ڵکوو هه‌ر له‌دوای سه‌قامگیر بوونی ئه‌و رێژیمه له کۆتایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌دا واته له سه‌ره‌تای ده‌هه‌ی دووه‌می ته‌مه‌نی رێژیم و سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی هاشمی ره‌فسه‌نجانییه‌وه ده‌ستی پێ کرد.
له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و فاکته‌رانه‌ی سه‌ره‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ی دواییدا، ئه‌رک و ریساله‌تی خه‌ڵکی کوردستان و هێزه سیاسییه‌کانیان له هی باقیی خه‌ڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران قورس‌تر و هه‌ستیارتره. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه که کوردستان ته‌نیا سه‌رزه‌مین له ئێراندایه که هه‌ر له رۆژی ئه‌وه‌ڵه‌وه ده‌ستی ئه‌و رێژیمه‌ی خوێندۆته‌وه و به‌هۆی ڕاوه‌ستانی بێ‌وچانی له به‌رامبه‌ر ئه‌و رێژیمه‌دا زۆرترین قوربانیی داوه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی شۆڕشی ژینا که ده‌سپێک و قه‌ڵای سه‌مبولیک و ته‌نانه‌ت مه‌یدانیی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه کوردستان بوو، دروستبوونی ئیجماعێكی سه‌راسه‌ری له ئێران‌دا بۆ ره‌تکردنه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له ته‌واوه‌تیی خۆیدا بوو. ئه‌مه ده‌سکه‌وتێکه که نابێ له‌خۆڕا و ته‌نیا به‌هۆی که‌موکوڕییه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه یان دامرکانی کاتیی بزوتنه‌وه‌که بچێته‌وه ژێر پرسیار.
خۆیه‌کلاکردنه‌وه‌ی ڕوون و گشتگیری خه‌ڵک له ئێران و زۆرینه‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ده‌توانێ خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له پرۆسه‌ی رووخانی ئه‌و رێژیمه‌دا بێ، هه‌روه‌ک که ده‌توانێ سه‌ره‌تای قۆناغێك بێ که یه‌کسه‌ر رووخانی کۆماری ئیسلامیی لێ نه‌که‌وێته‌وه (ئه‌مه پێوه‌ندیی به فاکته‌ره‌کانی دیکه‌وه هه‌یه). ئه‌و قۆناغه هه‌رچه‌ندێک بکێشێ ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه ئه‌وه‌یه که سه‌رباری هه‌وڵه‌کانی رێژیم بۆ درێژه‌دان به مانۆڕه فێڵاوییه‌کانی و هێنانی پزیشکیان وه‌ک بێ‌مایه‌ترین سه‌رکۆماری مێژووی خۆی که ته‌نیا سوودی وی سووککردنی هه‌رچی زیاتری نیزام و هێنانه سه‌ر به‌ڕه‌ی شتی ژێر به‌ڕه‌یه، ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی نابێ هه‌رگیز بکه‌وێته‌وه داوی ئه‌و کایانه‌ی رێژیم که پاش ئه‌و هه‌موو کابینه یه‌ک له‌دوای یه‌که ئێستا ئیدی ده‌رکه‌وتوه که له تراویلکه‌یه‌ک زیاتر نین. له هه‌رحاڵدا ئه‌وه کورد نیه که ده‌بێ ببێته پێشه‌نگی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی زیانبه‌خشی له‌م چه‌شنه بۆ دواوه، به‌تایبه‌تی که سیگناڵه‌کانی ڕابردوو قه‌ت هیچیان لێ شین نه‌بووه.
لێره‌دا ره‌نگه ئه‌و پرسیاره بێته پێش که وه‌ها پێداگرییه‌ک له فڕێدانی بۆ هه‌میشه‌ی ته‌وه‌هوم به ئه‌گه‌ری ئاڵوگۆڕ له ماهیه‌ت و ره‌فتاری رێژیم‌دا چ شوێنه‌وارێک له‌سه‌ر بردنه‌پێشی خه‌باتی فره‌ڕه‌هه‌ند له به‌ستێنی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری و زه‌رووره‌تی ئه‌رکدارکردن و به‌شدارکردنی خه‌ڵک له خه‌باتی رۆژانه‌دا داده‌نێ. وڵامی ئه‌و پرسیاره ڕوونه. خه‌باتی فره‌ڕه‌هه‌ند به‌بێ خه‌ڵک ناکرێ و له‌و باسه‌دا پێویسته حیسابی خه‌ڵک و رێژیم به‌ڕوونی لێک جوێ بکرێنه‌وه، به‌ڵام خه‌باتی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری نابێ به قیمه‌تی ته‌وه‌هوم به رێژیم ته‌واو بێ و پێویسته ئه‌و خه‌باته له‌پێناو رووخانی رێژیم‌دا بێ.
هه‌ر له بنه‌ڕه‌ت ڕا به‌شی زۆری رێکار و ئاقاره‌کانی جم‌وجۆل و چالاکیی شوناسخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان هیچ پێویستی به کایه‌کردن له زه‌مینی کۆماری ئیسلامی‌دا نیه و له‌هه‌رحاڵدا بۆ له‌مه‌یداندابوونی گه‌لی کورد و به‌هێزکردنی بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵگای دواڕۆژ و ده‌سته‌به‌رکردنی هه‌رمانی ئه‌و گه‌له و پاراستنی زمان و ناسنامه و کولتور و دێمۆگرافی و سه‌رچاوه‌کانی زه‌روورن. بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ش که بابه‌تی خه‌باتی رۆژ و تاکتیکی سیاسیین -هه‌روه‌ک ئه‌زموونی شۆڕشی ژینا نیشانی دا- پێویسته پێوه‌ره‌که هه‌ر ئامانجی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بێ. لێره‌دا هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی رۆژهه‌ڵات ده‌توانن بۆخۆیان مه‌یدانی مانۆڕ بۆ خه‌باتێکی جه‌ماوه‌ری پێناسه و رێکاره‌کانی ده‌ستنیشان بکه‌ن که خه‌ڵک نه‌باته‌وه ئه‌و خانانه‌ی کۆماری ئیسلامی به مه‌به‌ست و ئاجێندای خۆی دیاری‌یان ده‌کا و به‌ڕێوه‌یان ده‌با. چونکه ئه‌گه‌ر که‌سیش ته‌وه‌هومی به‌و رێژیمه نه‌بێ، چوون بۆ نێو کایه‌گه‌لێك که هه‌رگیز که‌مترین پاشه‌کشه‌ی کۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر ویستی خه‌ڵکدا لێ نه‌که‌وتۆته‌وه، به‌رهه‌مه‌که‌ی ته‌نیا په‌رش و بڵاوکردنی هێزی خه‌باتگێڕی و درێژ بوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی رێژیمه.
ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ وه‌ك ده‌ڵێن کۆماری ئیسلامی به کورد ناڕووخێ، کۆماری ئیسلامی به کوردیش ئیسلاح ناکرێ و دروست نیه له پرستیژی جوڵانه‌وه‌ی کوردستان و یه‌كگرتوویی نێوماڵی کورد له رۆژهه‌ڵات بۆ ئه‌و بابه‌ته تێچوو بدرێ. به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌کرێ به خه‌لاقیه‌ت و راوێژ و ده‌کارخستنی توانای بژارده‌کانی نێوخۆ و ده‌ره‌وه زۆر فۆرم و شێوازی دیکه بۆ ئه‌رکدارکردن و هێنانه مه‌یدانی خه‌ڵک ده‌كار بخرێن که له خانه‌ی خه‌باتێکی شوناسخوازانه‌ی گه‌لێکی رزگاریخوازدا پێناسه ده‌کرێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی بتوانێ که‌ڵکی خراپیان لێ وه‌ربگرێ یا دڕدۆنگی له‌نێو ریزه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردستانیان لێ بکه‌وێته‌وه.
ئه‌گه‌ر رۆژێکیش فه‌ڕزی مه‌حاڵ رووی دا (که ڕوو نادا) و له کۆماری ئیسلامی‌دا مێهدی‌یه‌ک په‌یدا بوو گوتی ئه‌من گۆرباچۆفی ئێرانم، که‌س پێشی پێ نه‌گرتووه. ئه‌زموونی دوور و درێژ ده‌ری خستووه که کورد نابێ به‌و خه‌ون و خه‌یاڵانه‌وه بژی و نابێ چاوه‌ڕوانی "گۆدۆ" بێ.
--
("کوردستان"، ئۆرگانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، ژماره ٨٨٦)