دواین هەواڵ

پرسی چارەسەری دەبێت وەكوو ئەفریقیای باشوور بێت

‌كارزان گلی

23 کاتژمێر پێش ئێستا

بەدرێژایی ١٠٠ ساڵ، رەگەزپەرستی تورك بەرامبەر بە كورد، جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ئەو رەگەزپەرستییەی لە ئەفریقیای باشوور بەرامبەر بە رەشپێستەكان كرا. ماندێلا، خەباتی كرد تا ئەو رەگەزپەرستییە كۆتایی پێبهێنێت، ئەنجام خرایە زیندان و نیوەی تەمەنی لە زیندان بردە سەر.

دەستگیركردنی ماندێلا، نەبووە هۆی ئەوەی خەبات دژی رەگەزپەرستی كۆتایی پێ بێت، نەخێر شۆڕشگێڕان، ئیلهامیان لە ماندێلا وەرگرت و دژی رەگەزپەرستی بەرامبەر بە رەشپێستەكان بەردەوام بوون.

ماندێلا لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا لە زیندان، توانیان بزوتنەوەی رزگاری دروست بكەن، كە هێزێكی چەكداری بوو و دژی حكوومەتی رەگەزپەرستی ئەفریقیای باشوور دەجەنگی.

ئەفریقیای باشوور، بۆ چارەسەركردنی رەگەزپەرستی بەرامبەر رەشپێستەكان، ماندێلایان لە زیندان هێنایە دەرەوە، پاشان كردیانە سەرۆكی وڵات و رەگەزپەرستی لە ئەفریقیای باشوور كۆتایی پێهات.

لە توركیا، ئەگەر مەبەستەكە تەنیا ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلانە و توركیا پێی وابێت بەئازادكردنی ئۆجەلان، ئیدی پرسی چارەسەری كورد لە توركیا دەگاتە ئەنجام هەڵەن، چونكە پێویستە لێبوردنێكی گشتی بۆ هەموو ئەو چەكدار و بەرپرسانەی پەكەكە دەربچێت و بگەڕێنەوە ناو توركیا و خەباتی سیاسی بكەن، ناڵێم ئۆجەلان ببێتە سەرۆكی توركیا، بەڵام دەكرێت ببێتە سەرۆكی دەم پارتی و رێبەرایەتی ئەو پارتە بكات و ئیدی خەباتی مەدەنی لەناو پەرلەمانی توركیا بكەن بۆ بەدەستهێنانی مافی كورد.

لە كۆڵۆمبیا، زیاتر لە نیو سەدە، رێكخراوی فارك دژی حكوومەت شەڕی كرد، میلۆنان كەس بریندار و ملیۆنانیش كوژرا، ئەنجام لەسەر چەند خاڵێك و بەهاوكاری كاسترۆ گەیشتنە رێككەوتن.

یەكێك لە خاڵەكان ئەوەبوو، پێویستە هەموو چەكدار و سەركردەكانی فاڕك، لێبوردنی گشتیان بۆ دەربچێت، تەنیا ئەوانە نەبێت كە كاری كۆمەڵكووژیان كردووە، هەروەها رێگە بدرێت بەشێوەیەكی مەدەنی خەباتی سیاسی بكەن.

چارەسەركردنی پرسی كورد، نەبەستراوەتەوە بەئازادكردنی ئۆجەلان، بەڵكوو بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند كورد وەكوو نەتەوە لە توركیا دەناسێنرێت.

لە ساڵانی حەفتایەكان، بولەند ئەجەویت، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، باسی برایەتی گەلانی دەكرد، بەمە دەنگی كوردی بۆ لای خۆی راكێشا، پاشان گوتی ”بەهەڵە تێمەگەن، باس لە برایەتی گەلان ناكەم، باس لە برایەتی گەل دەكەم، ئەویش گەلی توركە“
كەواتە دەبێت، بزانین دەسەڵاتدارانی توركیا، بۆ كاتێكی دیاریكراو كە لەبەرژەوەندی خۆیانە باس لە برایەتی كورد و تورك دەكەن، دەبێت ئێمەش نەكەوینە ناو ئەو هەڵەیەوە، كە پێمان وابێت برایەتی تورك و كورد دروست دەكرێت، بەمە پرسی چارەسەری كورد لەناو دەچێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP