بەشار ئەسەد جیاوازبوو لە باوکی. یەکێک لەو دیاردانەی کە ئەمڕۆ لە ناو کورد و ناوچەکەدا باوە، دەسەڵاتی خێزانیی و هاتنی مناڵەکان بۆ سەر دەسەڵات، لە ناوچەیەکدا کە دەسەڵاتدارێتی پێویستی بە کارامەیی و یاریکردن و توانای بەرگەی فشار و زۆر خەسڵەتی تر هەیە. بەڵام من ئەمڕۆ باس لە هەندێک خەسڵەتی تر دەکەم. ئەسەد مۆدێلێکی تایبەت بوو لە دەسەڵات. مۆدێلێک کە سەردەمی بەسەرچووە. دەسەڵاتێک کە زۆر هاوشێوەی سوریای ئەسەدبوو کۆریای باکورە.
کرۆکی سیستەمی حوکمڕانی کوڕ و باوکە هەرگیز نەمرەکەی کۆریای باکور ئەوەیە کە دەبێت خەڵکی ناو ئەو وڵاتە هەتا ئاستی کۆیلە ملکەچی ئەوان بن.
وەک کۆیلەش هەر کاتێک هەر یەکێکیان نوزەیەکی ناڕەزایی لێوە دەرچێت، دەبێت بە دڕندەترین شێوە لە ناو بچێت. ئەمە فەلسەفەی حوکمداریی ئەم شێوازەیە لە حوکم. لەم ڕوەوە سیستەمی حوکمڕانی ئێرانی لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەیە. بنەمایەکی سەرەکی ئەم مۆدێلە ئەوەیە کە خەڵک نەیارن و دەبێت وەک دوژمن تەماشا بکرێن. بۆیە هەرگیز نابێت بە هیچ شێوەیەک سازش بۆ خەڵک بکرێت. لە یادەوەریی خامنەئیدا لە سەردەمی شادا، کاتێک شا سازش دەکات، ئەوان وەک خاڵی لاوازی دەیخوێننەوە. بۆیە سازش بۆ خەڵک وەک خاڵی کەوتن دەبینن.
وەک لە مۆدێلی ئەسەددا بینیمان لە دۆخێکی وەهادا دەبێت سازش بۆ دەرەوە بکات.
ئەوەی بەرەو کۆتایی دەچێت ئەم مۆدێلەیە لە حوکمڕانی کە دژایەتی ناوخۆی دەکات و سازش بۆ دەرەوە دەکات. چەند هۆکارێک هەن بۆ کۆتایی ئەم مۆدێلە:
یەکەم، بە ئاگابونەوەی خەڵک. دووەم، دەستوەردانی هێزی تر کە وەها دەکات تێچونی پشتیوانی هەر دیکتاتۆرێک زۆر گران بێت. بۆ نمونە ڕوسیا و ئێران نەیانتوانی چیدی پشتیوانی ئەسەد بکەن.
سێیەم، گەناندنی سیستەمە لە ناوەوە.
ڕەنگە تێزێک کە بتوانێت هەندێک ڕوناکی بخاتە سەر ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتی تێزەکەی نەزیه ایوبی بێت لە کتێبی هەڵاوسانی دەوڵەتی عەرەبی. تضخيم الدولة العربية: السياسة والمجتمع في الشرق الأوسط. بەڵام تێزەکە خۆی لە بنەمادا بە زمانی ئینگلیزی نوسراوە، بۆیە بە زمانە ڕسەنەکەی ماناکەی ڕونترە Over-Stating the Arab State: Politics and Society in the Middle
کرۆکی تێزەکە ئەوەیە کە دەوڵەت لە ناوچەکە بەهێزە بەڵام بە توانا نیە. بەو مانایە دەتوانێت بکوژێت یان بتۆقێنێت بەڵام ناتوانێت خەڵکیی ڕازیی بکات.
ماوەیەک لەمەوپێش تێزێک لە ئارادابوو کە گوایە دیموکراسیی و لیبرالیزم سەردەمیان کۆتایی هاتوەو و سەردەم سەردەمی دژە لیبرال و دیکتاتۆر و نادیموکراسییە. بۆ نمونە خەڵکانی وەک ئەردۆگان، پوتین، بەشار، شی و ئەوانیتر وەها دەبینران کە بەدیلی دیموکراسیین.
مۆدێلی بەشار تەنها باوەڕی بە تۆقاندن هەبوو، مۆدێلێکە کە لە کرۆکی دەسەڵاتی کۆن و بە تایبەتی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتیدایە، قاعیدە و داعش زەقترین دەرکەوتەی بوون.
بەڵام لە هەمانکاتدا خەڵک هێشتا بە تەواوی نەبوە بە هێز. خەڵک داواکارییان هەیە نەک خواستی حوکمڕانی. ئەمە لاوازییەکی گەورەیە ئەمڕۆ لە کوردستانیش دەیبینین. زۆرینەی خەڵک دەڵێن، هەرکەسێک بێت بمژێنێ. ئەم دیدە لەوەدا کورت دەهێنێت کە خەڵک دەبێت تێبگات کە تەنها خۆی دەتوانێت خۆی بژێنێ.