کەوتنی هەر سیستم و دەوڵەتێکی دیکتاتۆری لە جیهاندا لە بەرژەوەندی کورددایە، چونکە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد بەشێکە لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی جیهان بەتایبەتی کەوتنی ئەو دەوڵەتانەی کوردیان لە نیشتمانی کورد دا وەک بارمتە گرتووە، ئەوکات ڕژێمێکی ناوچەکە دەکەوێ کورد چاوەڕێی ئەقڵییەتێکی نوێی حوکمڕانییە بۆ ئەوەی لەتەک کورد بە گفتوگۆ بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام مێژوو پێچەوانەکەی دەڵێ هەرکات ڕژێمێکی نوێ دەسەڵاتی گرتەدەست لەبەرئەوەی پێویستی بە کاتە بۆ بەهێزکردنی خۆی بۆیە بە زمانێکی نەرم لەتەک کورد دەدوێت، دواتر کەوتوەتە سەرکوتکردنی کورد لە (عیراق لە ئێران لە تورکیا ) نمونەمان هەیە، ئێستا لە قۆناغێکی زۆر هەستیارداین ئەویش قۆناغی دوای بەعسی سوری و ئەسەدە، هەر چۆن ڕوخانی ئەسەد ئاسان نەبوو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ سوریاو سوریایەکی دیموکرات ئاسان نییە، بەڵام لە هەموو بارێکدا کەوتنی ئەسەد دەرگا ی سیاسی وئابوری گۆڕانکاری لەبەردەم کورد و ناوچەکە دا دەکاتەوە بەمەرجێ کورد وەک خۆی هەبێت باڵاتر لە حزب و ئایدۆلۆجیا ئەوا دەتوانێ سەرکەوتن مسۆگەر بکات، ئێستا ڕۆژئاوا دەکرێ لەتەک هەرێمی کوردستاندا لەزۆر کایەدا تەواوکەری یەکدی بن و کاری زۆر گەورەو مێژوویی بکەن، بەمەرجێ کەڵکەکەی خاوەنداریەتی و خۆسەپێنی لە ئەقڵی کورد دا بسڕێتەوە.
ئێستا لە ڕۆژئاڤا دووهێز هەن بەدوو جیهانبینی جیاواز، گرنگە ئەم دوو جیهانبینیە لەیەک ئامانجدا کۆبکرێنەوە، ئێستا دووهێز (پەیەدە و ئەنەکەسە) بوونیان هەیە مێژوو پێگەو جەماوەرو هێزی خۆیان هەیە دەبێت هەردوولا ئیعتیراف بەبوونی یەکدی بکەن بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا لە شەڕی ئیعتیرافدا کورد براوە بێت، چونکە ئەوە واقیعەو هەیە گفتوگۆی ئەم دووهێزە بە جیا جیا لەتەک دیمەشقدا گەورەترین خاڵی لاواز دەبێت، کە دژەکانی کورد دەتوانن کاری لەسەر بکەن، دواتر پێویستە لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەتی باکورو باشور بەرپرسانە مامەڵە لەتەک ئەو دۆخە نوێیەدا بکەن، ئەمە مەسەلەیەکی چارەنووسسازە چەلەحانەی ناو فەیسبوک نییە، لێرەدا حزبەکانی باکورو باشور لەبری دەسوەردان بۆ نفوس پەیداکردن و خاوەنداریەتی باشتروایە ڕێنمایی دروست و هاریکاری ئەرێنییان بکەن بۆ ئەوەی ئەزمونی پەرتەوازەیی باکورو باشورو ڕۆژهەڵات نەگوازرێتەوە ڕۆژئاوا، ئەگەر کاری چاکمان پێ نەکرێت دەسوەردانی خراپمان نەبێت ئەوە گەورەترین چاکەمان کردوە بۆیان، دواجار هەردوو ئەو دوو هێزەی ڕۆژئاوا ئەگەر نەکرێنەوە بەرامبەر یەکدی و بەرامبەر بە دیموکراتی کردنی پرۆسەی سیاسی، ئەوا دیمەشق ئیعتراف بە هیچ لایەکیان ناکات و تەنها بەکاریان دێنێت هەتا ئەوکاتەی لە کاردەکەون.
بۆیە بۆ هەموو کوردێک واباشە کوردبوون لەسەرووی هەموو حزب و ئایدیایەک لەبەرچاو بگرن لەوەش دڵنیابن سەرکەوتنی کورد لەهەر جێگایەک سەرکەوتنی هەموو کوردە و کەوتنی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو کورد دەبێت، چونکە دوژمنانی کورد وەک تاک دژی هیچ کوردێک نییە، بەڵکو دژی کۆی کوردە وەک نەتەوە، بۆیە لەنێوان (ئەو دوو هێزە کوردییەدا) دەبێت کورد و کوردبوون لەسەروی هەموو ئایدیۆلۆجیاو حیزبایەتیەوەبێت بە دامەزراوەیی کردنی کۆی کایەکانی ژیانی سیاسی وسەر بازی و ئەمنی وپەروەردەی و دبلۆماسی، بەتایبەتی ئێستا جوڵەیەکی خێرای دبلۆماسی بەرامبەر سوریا هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا گرنگە کورد بە زمانێکی هاوبەشی دبلۆماسی لەتەک جیهان و دەوروبەردا بکات، چونکە لۆژیک ئەوەمان پێ دەڵێت سەرەتا بەرەنجام دیاریدەکات ئەگەر سەرەتا بە باشی بکەینە بناغە ئەوا داهاتومسۆگەر دەبێت.