ئەمڕۆ قائانی گەشتە بەغداو چوارشەممە سودانی دەڕوات بۆ تاران
ئەم ترافیکە چیە؟
بەپێی هەواڵ و زانیاری و شرۆڤەی ڕوداوەکان کات بەرەو کەمی دەڕوات لەبەردەم ئێران و عێراقدا، بۆیە ترافیک دروستبوە ، کۆبونەوەکان زۆرو بەردەوامن..
سەرانی حشد زۆرکەم دەردەکەون و کەم قسەو بێ هەڵوێستن، خۆیان دەدزنەوە لە ڕوداوەکانی سوریا، زۆرباسی هاتنەوەی داعش دەکەن بۆ پاساوی مانەوەیان، چاوەڕوانی لوتفی ئێران دەکەن بۆ ئەوەی فشاریان لەسەرنەکات..
ئێران:
بەدوای سەرەداوی ئەو چارەسەردا دەگەرێت پێش ئەوەی ترەمپ دەست بەکاربێت..
ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر ئەتۆمیەکەی.
هەلوێستی نیە لەسەر سوریاو بەشار.
هەموو هەڕەشەکانی خۆی بلۆککردوە.
سەرۆک کۆمار باسی ئاشتی و ژیان و بژێوی ئێرانیەکان دەکات و بە وتەو وتارو لێدوانەکانی دەیەوێت بە خامەنەئی بڵێت ئیدی سەڕەی حکومەتی مەدەنیەوە چیتر دەسەلاتی ئەمنی و سەربازی پاسداران کەڵک ناخوات و لەوەزیاتر دەبنە سەرەخۆرە.
ئێران دواجار ئامادەی هەموو قوربانیەکە بەمەرجی مانەوەی ڕژێم و یەکپارچەیی خاکەکەی ..
بۆچی قائانی پێش سودانی هاتە بەغدا؟
قائانی دێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی :
یەکەم: لەنزیکەوە گوێبیستی سودانی و حکومەتی عێراق بێت سەبارەت بەڕووداوە بەردەوام و گەرمەکان لەناوخۆی عێراق و سوریاو پێکەوە گەنگەشەی ئەگەرەکان بکەن و دوا سەرنج و هەلوێست و دیدگای سودانی و مەرجەعیەت بباتەوە بۆ خامەنەئی.
دوەم : کۆبونەوە لەگەل سەرانی حشد بۆ ئەوەی هەلوێست و ڕاو سەرنجی خۆیان بخەنە ڕوو سەبارەت بەهەموو ڕوداوەکان و چارەنوسی خۆیان بە کەمترین زەرەر لەم دۆخە دەربازبن کەبریتیە لە رێکخستنیان لە نێو سوپای فەرمی عێراق و هەڵوەشاندنەوەیان وەک دەزگایەکی سەربەخۆی دەسەلاتدار.
سێیەم : دەیەوێت بە سودانی و حشد بڵێت، ئێران لەبەردەم دۆخێکی دژواردایەو پێویستە هاوکاری یەکتر بین بۆ دەربازبوون لەم دۆخە پڕ قەیرانە جۆربەجۆرە و هەر قوربانیەکی گونجاویش پێویست بێت دەبێت ئامادەبین.
چوارەم : قائانی دوای ئەوەی پەیامی خۆیان دەگەیەنێتە سودانی و حەشدو دەڵێت پەیامی نیەتباشی ئێرانیش بگەیەنن بە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی.
پێنجەم: دوور نیە قائانی پێش ئەوەی عێراق بەجێبهێڵێت بڵێت:
ئێمە بە توانا سەربازیەکانمان دەتوانین هەموو بەرگریەک لەخۆمان بکەین بەرژەوەندی زلهێزان بخەینە مەترسیەوە بەڵام لەبەر ئەو بارودۆخەی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست هاتوەتە کایەوە ئێمە پێمان باشە گەلان و دەولەتانی ناوچەکە بەئاشتی و سەربەخۆیی پێکەوە بژین و زلهێزان لەوەزیاتر دەستنەخەنە کاروباری ئەم ناوچەیەوە، لێرەوە پێموایە ئیدی ئێران دەستهەڵگرێت لە زمانی شەڕو هەناردەکردنی شۆڕش و بەشیعەکردن و بەکارهێنانی هێزە وەلائیەکان.
پێموایە قائانی بەم سەردانەی بۆ بەغدا کەدوا سەردانی دەبێت
سودانی بۆ ئەوە دەڕواتە تاران تاوەکو خامەنەئی سودانی دەستکراوە بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بەپێی پێشهاتەکان و ئەگەرەکان و بەرژەوەندی باڵای عێراق و مانەوەی دەسەڵاتی رەهای شیعە لە عیراقدا مامەڵە لەگەڵ چارەنوسی چەکدارەکان و حشدی شعبی بکات.
هاتنی قائانی ئیش و ئەرکەکەی بۆ سودانی ئاسانتر کردو ئەوەی دەمێنێتەوە گەیاندنی دوا هەوال و زانیاریە بە خامەنەئی و وەگرتنی دوا هەلوێستی خامەنەئی لەسەر سەربەخۆیی عێراق لە بڕیارو هەڵوێست وەرگرتندا لانیکەم بۆ ئەو قۆناغە سەخت و دژوارەی عێراق و ئێرانی پێدا تێدەپەڕێت..
ئەگەر ئێران قوربانی نەدات و سوربێت لەسەر مانەوەی هێزە چەکدارەکان؟ بژاردەکانی عێراق چیەو ،ئەمریکا هەڵویستی چی دەبێت؟
بژاردەی یەکەم ئەوەیە عێراق ئەمریکا ئاگادارکاتەوە کە ئێمە ناتوانین هێزە وەلائیەکان هەڵ وەشێنین.
بژاردەی دوەم ئەوەيە گوێ بەئێران نەدات و یەکلایەنە هێزەکان هەڵوەشێنێتەوە خۆی ئامادەکات بۆ شەڕێکی کورتخایەن لەگەڵ چەکداری وەلائی و ئەگەری هەوڵی کودەتا لەلایەن وەلائیە سەربازی و سیاسیەکانەوە.
بژاردەی سێیەم ئەوەیە عێراق گوێنەداتە هەڕەشەکانی ئیسرائیل و خۆی بداتە دەست قەدەرو لەترسی ئێران و وەلائیەکان.
هەڵوێستی ئەمریکاو ئیسرائیل چی دەبێت؟
کۆمەڵێک مژارو ئەگەری کراوە هەیە لەوانە:
لێدانی راستەوخۆی ئیسرائیل لە گروپە چەکدارە وەلائیەکان و پەکخستنیان.
لێدانی حەشدی شەعبی و بەرپرسەکانی.
سەرلەنوێ ئابڵوقەی ئابوری و بڕینی دۆلارو دروستکردنی قەیرانێک کە بەکەمترین کات عێراق بێنێت بە چۆکدا.
دروستکردنی شەڕی ناوخۆی شیعە و سوننە و ڕاگەیاندنی ئیقلیمی سوننەو پڕچەککردنی.
دروستکردنی شەڕی ناوخۆی شیعە شیعە و ڕوخاندنی حکومەت و دروستبونی قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵايەتی.
هەرچەند ئەمریکا پێی خۆش نیە عێراق بگەڕێتەوە خاڵی سفر بەڵام ئەگەر نەتوانێت لەژێر هەژمونی ئێران و هێزە وەلائیەکان دەرچێت بێگومان ناچارە بژاردەی خراپ بگرێتەبەر..