پێمان نایە ساڵێکى نوێ، بە هاتنى ساڵی نوێ لەوە دەچێت یەکەم روداوى گرنگ روبەڕووی ببینەوە دەست بەکاربوونى دۆناڵد ترەمپ بێت کە وابڕیارە لە 20ـى ئەم مانگەدا پێ بنێتە نێو کۆشکی سپی، ئەگەر خولى یەکەمی دەسەڵاتى بکەینە بنەما بۆ تێگەیشتن لە ماوەى چوار ساڵی داهاتووى دەبێت بگوترێت زۆرترین گۆڕانکاریی دێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەوەى کە جێگەى سەرنجە ئەوەیە ئەو هەمیشە کارە چاوەڕوان نەکراوەکان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشی لەو سیاسەتمەدارانە دێت کە دەتوانن کێشەکان چارەسەربکەن، یەکێک لەوانەى کە لەنزیکەوە دەیناسێـت و پێیى وایە بتوانێت کێشەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هێوربکاتەوە، رۆڵی هەبێت لە بەیەکگەیاندنى وڵاتان سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانییە، کە وا چاوەڕێدەکرێت لەنێو پلانی چوار ساڵەی ترەمپدا جێگەیەکی تایبەتى بۆ دیاریکرابێت،
ئەو یەکێکە لەو سیاسەتمەدارە دیارانەى بەبێ ترس داوای مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا دەکات و بە بێدەنگی دەڵێت ئەگەر لە عێراق جێگەیان پێ لەقکردن وەرنە هەرێم، لە هەمان کاتدا سەردانى ئێران دەکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتەدا پەیوەندییەکانى ئاسایی دەکاتەوە.
جەنگ لە نێوان ئۆکراین و روسیا بەردەوامیی هەیە، لە غەزە جەنگەکە ماڵوێرانکارن و ئیسرائیل خەریکە لەرێژەى 95%ـى تەختکردنى غەزە نزیکدەبێتەوە، بەردەوام هێرشدەکاتە سەر حوسییەکان، ئەمریکاش لەو ئەرکەدا هاوکارێکی تەواویەتى، گۆڕانکارییە خێراکانى سوریا و گۆڕینى فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە ئەگەرى ئەوەى هەبوو بپەڕێتەوە بۆ عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دانوستانەکانى نێوان تورکیا و پەکەکە خەریکە بگەنە ئەنجام و لە هەموو ئەم گۆڕانکارییانەشدا سەرۆکی هەرێمى کوردستان یەکێک بووە لەو سیاسەتمەدارانەى رۆڵی سەرەکی هەبووە" کوردستانی کردووەتە پردی پەیوەندی نێوان رۆژھەڵات و رۆژئاوا.
لە رێگەی دیپلۆماسیەتێکی وردەوە، لە سایەى سیاسەتە حەکیمیانەکەی ئەودا ھەرێمی کوردستان بۆتە فاکتەرێکی سەقامگیری لە ناوچەیەکی پڕ لە ناسەقامگیری.
هێشتا نازانرێت روسیا لە سوریا دەکشێتەوە یان نە، بەڵام ئەوە روونە بەهەماهەنگی لەگەڵ رۆژاڤای کوردستان ئەمریکا هاوکارییەکانى بۆ کۆبانێ و رۆژاڤا زیاتر کردووە.
ئەمە بەرھەمی دیپلۆماسیەتی نەرمی نێچیرڤان بارزانییە، کە لە یەککاتدا لەگەڵ تورکیاو بەغداو ئێران و مەزڵوم عەبدی رۆژئاوا و شاندەکانی فەڕەنسا و ئەمریکا بۆ پرسەکانی رۆژئاوا گشتی لەسەر ھێڵە و دوور لە چاوی میدیا دەیەوێ ناوچەکە سەقامگیر بێت و کوردانی رۆژئاواش لە چوارچێوەی سوریای نوێ لە دەستووردا مافیان جێگیر بێت.
لە رۆژئاوای کوردستان، لە کاتێکدا ھەموو لایەنەکان پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر پچڕاوە، نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ ھەموو لایەک بپارێزێت. لە رێگەی دیپلۆماسیەتی چەند-لایەنەوە، کێشەکان بەرەو چارەسەر دەڕۆن نەک بەرەو ئاڵۆزی.
چاوەڕێش دەکرێت، لە ساڵی نوێدا، پرسی چارەسەرى لەتورکیا هەنگاوێکى باش بچێتە پێشەوە، رۆژاڤاى کوردستان سوود لە ئەزمونەکانى هەرێمى کوردستان و پەیوەندییەکانى ببینێت، لەسەر ئاستى ناوخۆیش لەم ساڵدا هێزەکانى حەفتا و هەشتا یەکبگرنەوە، هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدرا وکارەکانى نێچیرڤان بارزانی رەنگدانەوەى هەبووە لەو دەستکەوتە مێژووییەدا و پارتى لە ریزبەندی یەکەمدا بە جیاوازییەکی زۆرەوە هێشتەوە.
بە گوێرەى بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەکان شارەزایان باوەڕیان وایە، دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراوە:
یەکەم: نێچیرڤان بارزانى خاوەنى سیاسەتێکى نەرمونیانە، بەڵام بەبێ لاوازیی و خۆبەدەستەوەدان.
دووەم: ئەو کاتێک گفتوگۆدەکات و سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیەتى بەھێزێکی بێ توندوتیژییە.
سێیەم: سیاسەتەکانى نێچیرڤان بارزانی زۆر کاریگەرە، لە هەمان کاتدا بێ ھەڕەشەیە و بەرامبەرەکەى هەست دەکات ناچاریی جێبەجێکردنە بە بێ ئەوەى لەزمەیەکی دابێت بە دەستەوە.
هەربۆیە ئەوان باوەڕیان وایە، سەرۆکی ھەرێم بۆ دیپلۆماسیەت زمانێکی جیاوازی ھەیە، جوڵەکانى لەکاتێکدا دەکات کە کاتى خۆی بێت بەجۆرێک ھونەری گۆڕینی دوژمنە بۆ رکابەر، گۆڕینی رکابەرە بۆ ھاوبەش، گۆڕینی ھاوبەشە بۆ دۆست، هەربۆیە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى، هەرێمایەتى و ناوچەکەش وەک کەسایەتییەکى ئەرێنى دەردەکەوێت و تەنانەت لە نێو رکاربەرەکانیشدا جێگەى تایبەتى هەیە...