دواین هەواڵ

لە سالی ٢٠٢٤ چ زۆر گرنگە بۆ خەلک و کیانی ھەرێمی کوردستان؟

‌ئازاد عوسمان

19/01/2024

ئاشکرایە سالی ٢٠٢٤ سالێکی سەخت دەبێت بۆ خەلک و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی تەبایی سیاسیی و دەستکردن بە چاکسازیی ئیداریی و ئابووریی بەکردەیی واتە بۆ (شێوەی حوکمرانیی ڕەشید) و (شێوازی گفتوگۆی سەرکەوتوو لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکان) لە سالی ٢٠٢٤ بەدواوە پێش ھەموو شتێک پێویستی بە: «کۆمیسیۆنی ڕاوێژیی باڵا» ھەیە، کە دەبێت لە پسپۆرانی شارەزا و بە جورئەت و سەربەخۆی: بوارەکانی سیستەمی سیاسیی و پەیوەندیی نێودەولەتیی و دیپلۆماسیەت و یاسای دەستووریی و یاسای ئیداریی و ئابووریی و دەروونناسیی و ڕاگەیاندن و زانستی لەشکریی پێکبھێنرێت، بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ گرفت و کێشە ئالۆزەکانی خەلک و کیانی گەرێم. ئەنجامدانی ئەم دوو کارە ژیارییەی سەرەوە لە توانای ڕاوێژکارە فەرمییەکان نییە، لەگەل رێزم بۆ ھەموویان.

لە سەرەتای سالی ٢٠٢٤وە حکومەتی مەرکەزیی عیراقی: ھەولدەدات بە زنجیرەیەک ڕێکار و بڕیاری یاسایی و سیاسیی بەخۆی و لە ڕێگەی دادگەی ئیتیحادی و ئەنجومەنی نوێنەران حکومەت و کیانی ھەرێم لەقالب بدات، بەتایبەتی بە بڕیاری یاسایی دادگەکە سەبارەت بەو ڕێکارانەی حکومەتی ھەرێم کە بنەمای یاساییان نییە، و بە یاسا و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران کە ڕەھەندی سیاسیی و ئابووریی نەرێنییان دەبێت بەرامبەر خەلک و خاک وکیانی ھەرێم.( جگە لە شەڕی موشەک و دڕۆنی چەند گروپێکی حەشدی وەلائیی).

بۆیە واباشە حکومەتی ھەرێم لە ئێستاوە بە رێکارە بێ بنەما یاساییەکان دابچێتەوە و چاکیان بکاتەوە: وەک دانانەوەی سندوقی خانەنشینی کە لە سالی ١٩٩٢وە پشتگوێخراوە، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و سەرمووچەی سالانەیان کە لە سالی ٢٠١٦وە ڕاوەستێندراون، یەکسانکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێم بە ئی پارێزگا نافیدرالییەکانی عیراق، کردنی مووچەی لێبڕاو و کەمدراو بە پاشەکەفت بە کردەیی بە دانانی لەسەر حیسابی بانکیی ... تاد. ئەگەرنا دادگەی ئیتیحادی بە بڕیاری تایبەت چاکیان دەکاتەوە، ئاواش بڕیارە یاساییەکانی دادگەکە ھەم دەبنە چاکەی وان بۆ کارمەندانی ھەرێم و ھەم دەبنە فشار لەسەر حکومەتی ھەرێم لەبەرژەوەندیی ھاوولاتیانی ھەرێم، کە مایەی ئیحراجن بۆ حکومەتی ھەرێم. ھەروەھا دەبێت حکومەتی نوێی ھەرێم (ئی پاش ھەلبژاردن) بەھاوکاریی ئەو کۆمسیۆنە خۆی بۆ گەرێکی چڕی دانوستان لەگەل بەغداد و واشنتۆن و تاران و ئەنقەرە بەچاکیی ئامادە بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP