حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ (شێوەی حوکمرانیی ڕەشید) و (شێوازی گفتوگۆی سەرکەوتوو لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکان) لە سالی ٢٠٢٤ بەدواوە (پاش ھەلبژاردن) پێویستی بە: «کۆمیسیۆنی ڕاوێژیی باڵا» ھەیە، کە لە پسپۆرانی شارەزا و بە جورئەت و سەربەخۆی: بوارەکانی سیستەمی حوکمرانیی و پەیوەندیی نێودەولەتیی و دیپلۆماسیەت و یاسای دەستووریی و یاسای ئیداریی و بواری ئابووریی و زانستی لەشکریی پێکبھێنرێت. ئەم دوو پرسە ژیارییەی سەرەوە لە توانای ڕاوێژکارە فەرمییەکان نییە، لەگەل رێزم بۆ ھەموویان.
ئەگەرنا حکومەتی شیعیی عیراقی-ئیرانی: بە زنجیرەیەک بڕیاری یاسایی و سیاسیی لە ڕێگەی دادگەی ئیتیحادی و ئەنجومەنی نوێنەران حکومەت و کیانی ھەرێم لەقالب دەدات، بەتایبەتی بە بڕیاری یاسایی داگەکە سەبارەت بەو ڕێکارانەی حکومەتی ھەرێم کە بنەمای یاساییان نییە، و بە یاسا و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران کە ڕەھەندی سیاسیی و ئابووریی نەرێنییان دەبێت بەرامبەر خەلک و خاک وکیانی ھەرێم.
بۆیە واباشە حکومەتی ھەرێم لە ئێستاوە بە رێکارە بێ بنەما یاساییەکان دابچێتەوە و چاکیان بکاتەوە: وەک دانانەوەی سندوقی خانەنشینی کە لە سالی ١٩٩٢وە پشتگوێخراوە، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و سەرمووچەی سالانەیان کە لە سالی ٢٠١٦وە ڕاوەستێندراون، یەکسانکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێم بە ئی پارێزگاکانی دیکەی عیراق، کردنی مووچەی لێبڕاو و کەمدراو بە پاشەکەوت بە کردەیی بە دانانی لەسەر حیسابی بانکیی ... تاد. ئەگەرنا دادگەی ئیتیحادی بە بڕیاری تایبەت چاکیان دەکاتەوە، ئاواش بڕیارە یاساییەکانی دادگەکە ھەم دەبنە چاکەی وان بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم و ھەم دەبنە فشار لەسەر حکومەتی ھەرێم لەبەرژەوەندیی ھاوولاتیانی ھەرێم، کە مایەی ئیحراجن بۆ حکومەتی ھەرێم. ھەروەھا دەبێت حکومەتی نوێی ھەرێم (ئی پاش ھەلبژاردن) بەھاوکاریی ئەو کۆمسیۆنە خۆی بۆ گەرێکی توندی دانوستان لەگەل بەغداد و واشنتۆن و تاران و ئەنقەرە بە چاکیی ئامادە بکات.