دواین هەواڵ

لوبنان لەنێو گوتارەکانی حیزبوڵڵاو شەڕی حەماس وئیسرائیلدا

‌چنور جەعفەر ئەحمەد

20/11/2023

دەسەڵاتدارانی حیزبوڵڵا لەنێو شەڕە بەردەوامەکانی نێوان حەماسی فەلەستینی و ووڵاتی ئیسرائیلدا، هەلوێستی لوبنان لەکاردانەوەی شەڕی نێوان ئەم دوو هێزەی ناومان هێناون شیدەکەینەوە بەئەگەری بوونی مەترسیەکانی ئەم جەنگە بۆ سەرخاکی لوبنان لە ناوچەکەدا. سەبارەت بە گرنگترین پێشهاتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و جیپۆلەتیکی ئەو ناوچەیەی کە ئێستا جەنگ تێدا بەردەوامە، بەتایبەتی تیشک دەخەینە سەر لوبنان، بەتایبەت ئەو کارلێکە سیاسیانەی نێوان حیزبوڵلاو ئیسرائیل کەبوونەتە هەڵکشانی مەترسیەکان بۆ هەموو تەواوی ناوچەکە لەئەگەری دروست بوونیدا.

بەو خوێندنەوەی کە لە دوای هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمدا، گرژییەکان لەسەر سنووری باکووری ئیسرائیلدا لەگەڵ ووڵاتی لوبناندا تا دێت زیاتر دەبێت. بەتایبەت دوای چەند هەفتەیەک لە دەستپێکردنی شەڕەکە، هەربۆیە حەسەن نەسروڵڵا سەرۆکی حزبوڵڵا ناچاربوو بێدەنگی خۆی بشکێنێت، بە ووتارێکی چاوەڕوانکراو لەسەر کردەوەکانی حیزبەکەی کەلەمانگی ڕابردوو ڕوویاندابوو. نەسروڵڵا لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، کە شەڕە سنووردارەکان بەدرێژایی ناوچەی سنووری لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ئێستاوە هۆکارن بۆ چوونی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ ناو شەڕی نێوان ئیسرائیل- فەلەستیندا.

بەیاننامەیەکی لەم شێوەیە ئەوە دەردەخات لەم قۆناغەدا کەچیتر لە بەرژەوەندییەکانی هەردوولادا نیە کە ئیدامە بەململانێکانیان بدەن لەبەرامبەر یەکتردا. هەرچەندە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەردەوام خەریکی شەڕێکی کەم چڕیی پەرتبوون بوون  لەڕابردوو لەبەرامبەر یەکتردا، بەڵام لە ئێستادا بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی حیزبوڵڵا لەم جەنگە ووڵاتەکەی توشی چەندین تەحەدای قورس دەکاتەوە. جگە لەوەش، نابێت ئەو مەترسییانە فەرامۆش بکرێت کە دەبنە سەرچاوەی گرژییەکانی ئێستای کە هەیە زیاد بکەن و ببنە هۆکاری چەندین ڕووداوی نەخوازراو.

لەم چوارچێوەیەدا قەیرانی سیاسی و ئابووری لوبنان هێشتا جێگەی نیگەرانییە، ئەگەر ململانێی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل پەرەبسێنێت، ئابووری و دانیشتوانی ووڵاتی لوبنان ڕووبەڕووی باجێکی قورس دەبنەوە. هەروەک کابوسی جەنگی ساڵی ٢٠٠٦ ی نێوان حیزبوڵڵاو ئیسرائیل کە ڕوویدا، هەربۆیە نە حزبوڵڵا ونە ئیسرائیل نایانەوێت بچنە ناو شەڕێکی تەواوەوە. حەسەن نەسروڵڵا لە وتارەکەی ئەم دواییەیدا چەند جارێک دووپاتی کردەوە کە دەیەوێت ئاگربەست لە غەززە بگیرێتەبەر. هەروەها ڕوونی کردەوە کەلەم نێوەندەدا، خۆی و حیزبەکەی دەیەوێت لە پرشکی ئەم جەنگە بەدووربن.

بەتایبەت بۆ ئیسرائیلیەکان، شکستی ئیسرائیل لەلایەن حزبوڵڵای لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦دا هێشتا لە مێشکی هەموواندا تازەیە. کاتێک دوو کۆمیسیۆنی سەربەخۆو دامەزراوەی بەناوەکانی (کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوە  کۆمیسیۆنی وینۆگراد)، لە کۆتایی ململانێکاندا دامەزرا بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی شکستەکە. ئیهود ئۆلمێرت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە لەدەست چوونی 2%ی پێشبینیەکانی لە راپرسیەکانی ئەم جەنگەدا ناچارکرا پۆستەکەی بەجێبهێڵێت. جگە لە هەریەکە لە ئەمیر پێرێتز وەزیری بەرگری و سەرۆکی پارتی کرێکاران هەردوو پۆستەکەی لەدەستدا. هەروەها دان هالوتز، سەرۆکی ئەرکانی سەربازی، دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کە تەنها چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی هێرشەکە (بازرگانی ناوخۆیی) هەموو پشکەکانی لە بۆرسەی تەلئەبیب فرۆشتووە، دادگایی کران، هەربۆیە  بێنیامین ناتانیاهۆ ناتوانێت هەموو ئەم شکستانەی ساڵی ٢٠٠٦ ی بەرامبەر بەرەی حیزبوڵڵا لەبیر بکات و بچێتە بەرەی جەنگەوە لەگەڵ ووڵاتی لوبناندا.

لەلایەکی تریشەوە نەسروڵڵای سەرۆکی حیزبوڵڵا لە دەرەوەی قسەکردن هیچ ئارەوزوویەکی چوونە جەنگی نێو ئەم دووبەرەی نیە لەناوچەکەدا. هەروەک چاودێرانی سیاسی دەڵێن (وتاری نەسروڵڵا کردەوەیەکی نایابی خۆدزینەوەی لە سیاسی دەرچوونە). لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی ڕاگەیاندنەکەیەوە حیزبەکەی کەلە ٨ی ئۆکتۆبەرەوە لەشەردایە بەرامبەر ئیسرائیلیەکان. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەوڵی ئارامکردنەوەی لایەنگرانی داوە. لەهەمان کاتدا داوای لە پارتی خودا کردووە کەپشتیوانیەکانیان زیاد بکەن بۆهێزەکانی حەماسی فەلەستینی. جگەلەوەش نەسروڵڵا ئەمریکای بەهۆکاری پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی ئیسرائیل تۆمەتبارکردووە. نەسروڵڵا کە بەناوی میحوەرەی بەرخۆدانەوە لێدوانەکانی دەدات، هۆشدارییەکی ڕوونی بۆ ئیسرائیلیەکان ڕەوانە کرد، کە پێویستە ڕێز لە داب ونەریتی شەڕ بگرن. ئەگەرنا ناچار دەبین وەڵامی گونجاو بدەینەوە، لەڕێگەی فرۆکەوانە بێ فڕۆکەکانیانەوە هەردوولا دەتوانن بچنە ئەو جێگایانەی کەنایانەوێت بچنە ناوی بۆ شەڕ.

 هەربۆیە بە ئەگەری بەردەوامی ئەم جەنگە لە غەززەدا، ڕەنگە لقی لوبنانی حەماس هەڵوێستی سەربازی بگرێتەبەر، فراکسیۆنە فەلەستینییەکان مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە ڕێکخستن لە لوبناندا. بەشێک لە گروپەکان بەدرێژایی میحوەری لایەنگری سوریا ولایەنگری ئێران توانای سەربازییان زیاترە لەو چەکە سووکانەی لە کەمپەکانی پەنابەراندا دۆزراونەتەوە وناوبەناو موشەکیان بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، سەرکردایەتی دەربەدەریی حەماس لە لوبناندا لە مێژە جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا ڕۆڵی سیاسی دەگێڕێت وخەباتی چەکداری لە ناوچە داگیرکراوەکاندا قەتیس بووە. بەڵام  ڕەنگە لە ئێستادا ئەم هەڵوێستەیان بگۆڕێت.

بەتایبەت پاش ئەوەی  لە ٦ی تشرینی دووەمدا لیواکانی قاسام کە پەیوەندییان بە حەماسەوە هەیە، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لە باشووری لوبنانەوە موشەکیان هەڵداوە. جگە لەوەش هەندێک لە پەنابەرە فەلەستینییەکان کە بەڕواڵەت پەیوەندییان بە حەماسەوە هەیە، هەوڵی بەزاندنی سنوورەکانیان داوە. سەرەڕای ئەوەش گرنگە لەبیرمان بێت کە حزبوڵڵا لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە خاوەن هێزێکی باڵادەست بووە بەسەر بەرەی باشوور لە دژی ئیسرائیلدا. بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوپەیمانانی فەلەستین دەبەستێت بۆ ڕێگریکردن و تا ئێستاش ڕێگەی نەداوە ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕن. بۆیە پێویستە وا دابنێین کە هەر چالاکیەکی شەڕانگێزی لە بەشی باشووردا لە نزیکەوە هەماهەنگیان لەگەڵ حیزبوڵڵادا هەیە.

بەمەش ململانێکان مەترسی قەیرانە ئابورییەکانی نێوخۆی لوبنان دەبەنە قۆناغێکی سەختتر لە داهاتووی ئەم ووڵاتەدا، چونکە بەبڕوای چاودێرانی کەرتی ئابوریناس لەلوبناندا.  ئابووری ووڵاتەکەیان ڕووبەڕووی سێ دەرئەنجامی ئەگەری دەبێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە خراپ، خراپتر و کارەساتبار. دەیان ساڵە گێژاوی دارایی لەم ووڵاتەدا متمانەی سیاسی لەناوبردووە و نوێبوونەوەی ململانێکان لەسەر سنوورەکانی باشووری ئەو وڵاتەدا، تەنیا کاریگەریی نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لۆجستیکی کاڵا و گواستنەوە کە لە ئێستاوە تێچووی زۆری دەوێت، بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەو کۆمپانیا خراپانەی کۆنترۆڵی کەرتی ئابوری لوبنانیان کردوە.

دراوەکانی دەوڵەت لە ئێستادا بارگرانیەکی زۆریان لەسەرە بە تێچووی بیمەی زیاترەوە، کە بە ناچاری دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەکاربەران. وەک هەمیشە ئەم زیادکردنە بەتایبەتی بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەر ژیانی هەژاران دروست دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە، ڕێڕەوی ململانێ سیاسیەکان و ڕێڕەوی بوژانەوەی ئابووری و ناڕەحەتی کۆمەڵایەتی  لەلوبناندا لە نزیکەوە  گرێدراون بە یەکترەوە. تەنانەت ئەگەر بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئێستاشدا کاتیی بێت، پشتبەستنی وڵاتی لوبنان بە هاوردەکردن و کارتێلەکانی دیاریکردنی نرخ لە کەرتە سەرەکییەکانی وەک وزەدا، بەو مانایەیە کە ئەگەری خەرجی  تێچوونەکان بە ئاستێکی  بەرزی بمێننەوە. لەگەڵ ئەوەی حکومەت لە قەیرانی هەمیشەییدایە و هیچ چارەسەرێک بۆ قەیرانی دارایی لە چاوەڕوانیدا نییە (کەمترینیان لە ڕێگەی گرێبەستێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە)، دەرئەنجامە نزیکەکانی ئەم زنجیرە ڕووداوانە، بۆتە فشاربۆسەر هاوڵاتیانی لوبنان و جۆرێک لە نائارامی کۆمەڵایەتییە لێکەوتۆتەوە، کە زۆربونی فشارەکانیش تاکە گۆڕاوێکی نادیارە لەم هاوکێشەیەدا.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP