دواین هەواڵ

هاوپەیمانیی ناپیرۆز: چەپ، فاشیزم/ڕاسیزمی تورکیی، مەلای ئێرانیی، نازیزم

‌پێشڕەو محەمەد

26/07/2024

کاتێک کۆتایی ساڵی پار وتارەکەم بەناوی «هاوپەیمانییەکی ناپیرۆز: چەپ، ئیسلامیزم و پۆست-کۆلۆنیالیزم» بە ئەڵمانیی نووسیی و لە ڕۆژنامەی جەنگەڵ وۆرلد-دا بڵاوبووەوە، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم دەنگدانەوەیەکی گەورە دروستبکات و لە بنەڕەتدا کە بۆ ڕۆژنامەکەم نارد، چاوەڕوانی ئەوەش نەبووم بڵاوی بکەنەوە.

لە ماوەیەکی کورتدا نەک بووە هۆی دەنگدانەوە، بەڵکو ناوبانگیشی بە فەزای ڕۆشنبیریی/سیاسیی ئەڵمانییدا بڵاوکردمەوە و وتارەکە خێرا بۆ ئینگلیزیی، پرتوگالیی و کوردی کورمانجیی وەرگێڕدرا. پاشان بانگهێشتکرام فراوانتری بکەم و لە کتێبی «حەوتی ئۆکتۆبەری بیستوسێ: دژە-زایۆنیزم و سیاسەتی ناسنامە»دا بڵاوبووەوە و بووە هۆی ئەوەی لە سەنتەر و زانکۆکانی ئەڵمانیاش بانگبکرێم بۆ قسەکردن لەسەر ئەم پرسە. بەڵام هاوکات هێرشێکی زۆریشی کرایە سەر و بەشێک لە هاوڕێ چەپە ئەڵمانییەکانم نەک تەنها پەیوەندیی فیکریی و سیاسییان پچڕاند، بەڵکو بەوەش تۆمەتباریان دەکردم کە ئەمانە تۆمەتی تیۆریین. زۆر ناگەڕێمەوە ناو مێژوو (بەتایبەت کە ئەمە بابەتێک نییە بە کەڵکی فەیسبووک بێت)، بەڵکو تەنها چەند نموونەیەکی ئەم دوواییانە دەهێنمەوە: ١) ساڵی ٢٠١١ کەشتیی تورکیی «ماڤی مارمارا» بە پێنج سەد سەرنشینەوە کەناراوەکانی ئەستەنبوڵ بەرەو غەزە بەجێدەهێڵێت.

گەشتەکە «پارتی یەکێتیی گەورە» (Büyük Birlik Partisi) ڕێکی خستبوو. ئەم پارتە حزبێکی ئیسلامیستی سونەی ڕاستڕەوی فاشیستە و تەنانەت لە ئەڵمانیا لە لیستی قەدەغە دایە. سەرنووسەر (هارون ئاکسۆی) و ڕۆژنامەوانانی ڕۆژنامەی «ڤاکیت» کە بە لایەنگری فەرمیی ئایدیۆلۆژیای نازیی و نکوڵییکردن لە هۆلۆکۆست ناسراوە، لەسەر کەشتییەکە ئامادەبوون. جگە لە یورگن ئەلسێسەری سەرنووسەری گۆڤاری کۆمپاکت، کە حەفتەی پێشوو لە ئەڵمانیا قەدەغە کرا بەهۆی پروپاگەندەی بۆ هیتلەر و نازیزم.

هاوکات وتەبێژی پارتی چەپی ئەڵمانیی، نۆرمان پێچ، و سێ پەرلەمانتاری دیکەی پارتی چەپ بەناوەکانی ئانێتە گرۆس، ئینگە هوگە و ماتیاس یواخیم ئامادە بوون. تۆمارە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان پیشانی دەدەن کە لەسەر کەشتییەکە بەردەوام ئەم دروشمە دەگوترێتەوە: «بمرێ هەرچی جوو هەیە». ٢) دوێنێ ئەڵمانیا سەنتەری ئیسلامیی هامبورگ کە بە «مزگەوتی شین» ناسراوە، قەدەغە کرد.

ئەم سەنتەرە ساڵانێکە بانگەواز بۆ حزبوڵا دەکات و سەنتەری فەرمیی کۆماری ئیسلامییە کە دەوڵەتی ئەڵمانیا چەند جار ئاشکرای کردووە، نەک خەریکی پەرەدانە بە تیرۆریزمی ئیسلامیی، بەڵکو هەروەها خەریکی کاری سیخوڕیی و کوشتنی نەیاران و لۆبییە بۆ کۆماری ئیسلامیی.

چەپەکان تووڕەیی خۆیان لەم قەدەغەکردنە دەربڕی و وەک ڕاسیزمی ئەڵمانیی بەرانبەر بە موسڵمانان لەقەڵەمیان دا. ڕێکخراوی ترۆتسکیستی ئەڵمانیی، پرۆ-حەماس و پرۆ حزبوڵا و پێشتر پرۆ-سەدام حوسێن، ئەمە بە دوژمنایەتییکردنی موسڵمانان ناودەبات و داوا دەکات هەمووان دژی دەوڵەتی ئەڵمانیی یەکبگرن. ئەم ڕێکخراوە لقی ئەڵمانیای پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی بریتانییە، کە هاوکات بە دەستدرێژییکردنی سێکسیی بۆسەر ژنانیش ناسراون.

٣) جۆن مالینۆ، یەکێک لە ڕۆشنبیرە دیارەکانی ترۆتسکیزمی خۆرئاوایی کە لای خۆشمان ناوبانگی هەیە، لە ساڵی ٢٠٠٨دا دەنووسێت: «ئەو جووتیارە نەخوێندەوارە کۆنەپەرستە موسڵمانە خورافەپەرستە فەڵەستینییەی پشتیوانیی لە حەماس دەکات، زۆر پێشکەوتووترە لەو ئیسرائیلییە خوێندەوارە لیبراڵە ئەتایستەی کە تەنانەت بەشێوەی ڕەخنەییش پشتیوانیی لە زایۆنیزم دەکات».

٤) چەپەکان پێیانوابوو هەڵەیە داعش بە گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی ئەمڕۆی دونیا دابنرێت، چونکە «ئەمریکا گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی سەر زەوییە». لە ئەڵمانیا هەندێک لە چەپەکان داوایان دەکرد ئەمریکا دەست لە پشتیوانیی کورد لە کۆبانێ هەڵگرێت، بۆ ئەوەی داعش بڕواتە ناوەوە بۆ ئەوەی ئیمپریالیزمی ئەمریکیی بپێچێتەوە.

٥) لە ساڵی ٢٠١٨دا لە گەرمەی جەنگی داگیرکاریی تورکیا لەسەر عەفرین، کوڕێکی ئەڵمانیی بەناوی فرانک (کە ناوی خۆی کردبوو بە فرانک شەفەق) و ژنێکی ئیرلەندیی لە بەرلین لە ڕێکخراوی ڕۆزا لۆکسمبورگ کوردیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە خەریکی لەناوبردنی عەرەب و داگیرکارییە و دەستی لە بڵاوکردنەوەی «ترس لە ئیسلام» (ئیسلامۆفۆبیا)دا هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP