دواین هەواڵ

عێراق لە نێوان ئاستەنگە ناوخۆیی وناوچەییەکان دا

‌چنور جەعفەر ئەحمەد

24/05/2024

نوسینی: چنوور جەعفەر ئەحمەد- زانکۆی سۆران

لەم نوسینەماندا تیشک خراوەتە سەرسەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا وهەولێر لە 22ی نیسان دا، وایکرد کە جارێکی دیکە ڕۆشنایی بخرێتە سەر عێراق لەناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا. وڵاتێک کە لەگەڵ هەردوو ئاستەنگی ناوچەیی و ناوخۆییدا دەجەنگێت. لە پاشخانی قوڵبوونەوەی هاوکاریی دراوسێیەتیدا، لە یەکەم سەردانی زیاتر لەماوەی دەساڵی ئەردۆغان بۆ عێراق، لەلایەن هەریەکە لە عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق ومحەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازییان لە سەرۆککۆماری تورکیا کرد. لە کاتێکدا بەغدا بەنیازە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تورکیا بەرزبکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی هەریەک لە نیگەرانییە هاوبەشەکانی وەک: وزە، ئاو وئەمنی، لە پشت ئامادەیی ئەنقەرە بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی ئامانجی لاوازکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)بوو.

هەروەها ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا دیدارێکی لەگەڵ (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان ومەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سازدا. ئاماژەبوو بۆ گرنگیدانی تورکیا سەبارەت بە یارمەتیدانی بەغداد وهەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا. لەوانە ناکۆکییە نەوتییە چارەسەرنەکراوەکان، کە هێشتا زۆرێک لە پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ حکومەتی هەرێم یان لە قاڵب داوە، جگە لەوەی بە شێوەیەکی قەتعی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیان بۆ تورکیا ڕاوەستاندوە. جگەلەوەی کە تادێت دەنگۆی ئەوە بەرز دەبێتەوە کە عێراق لە ژێر کاریگەری تاراندایە. لە ڕاستیدا نزیکیی بەغداد لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، عێراق دەخاتە دۆخێکی نائارامەوە تەنانەت لەسەر ئاستی ناوچەییش. دەبێتە هۆکاری پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان، ئەمەش دوا ڕۆژبە زیان دەشکێتەوە بۆ چوونە ناوەوەی وڵاتێکی عەرەبی وگرژییە ناوچەییەکانی نێوان ئێران وئیسرائیل، هەربۆیە عێراق دەبێت بە وریاییەوە هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییەکانی ئێران وڕۆژئاوادا دروست بکات.

عێراق وتورکیا لیستێکی هاوبەشیان هەیە بۆ پاراستنی پەیوەندیی نزیک لە پرەنسیپدا، وەک ئاو، وزە، بۆری، ڕێگاوبان، ئاسایش وبازرگانی. بەڵام پاڵنەری سەرەکی تورکیا بۆ نزیکبوونەوەی بەردەوام، کەمکردنەوەی هێزی پەکەکەیە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی شەنگال ومەخمووردا. هەرچەندە عێراق بەدوای پەیوەندی وبازرگانی باشتردا دەگەڕێت. بەغداد هەرگیز بەشێک نەبووە لە ململانێی نێوان تورکیا وپەکەکە، وناشیەوێت بەشێک بێت. ڕێگرییەکانی ئەم دواییەی عێراق بۆ سەر پارتی کرێکاران زیاتر لە ڕێکارێکی متمانەبەخشین دەچێت، بەڵام زیاتر ڕەمزییە بەو پێیەی بەغداد دەسەڵاتی سنوورداری هەیە، لەو ناوچانەی کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن کە پارتی کرێکارانی تێیدانیشتەجێن. بەبێ ئامادەیی زیاتری تورکیا بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەو بڕگانەی کە بۆ عێراق گرنگن، گفتوگۆکانی ئێستا مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە بچێتە ناو ڕیشاڵی خوویی کوتلەگەرایی عێراقی وخۆبەزلزانینی تورکیاوە.

هەربۆیە بەغداد لەم دواییانەدا توانیبوی لەژێر ڕێنمایی وکاریگەری کۆکردنەوەی هێزی جەماوەردا وردە وردە ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی نێوخۆیی وفشاری دەرەکی کردبۆوە. لەڕاستیدا ئەوە بەڕێکەوت نییە کە ڕێبازی شەڕانگێزانەی بەغداد بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم پەیرەوبکات. بەڵکو لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەرەی سەندووە وزاڵ بووە بەسەر پەرلەمانی عێراقدا وکاریگەرییەکی بەرچاوی بەسەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هەبووە بە پاڵپشتیی ئێران. حکومەتی هەرێم وپارتە دەسەڵاتدارەکەی، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەولێری پایتەختی بە ئامانجی پێگەی خۆی خستووەتە بواری دانوستانەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگەی زۆرەملێوە توانیویەتی چەند سوودێکی سیاسی ویاسایی بەدەست بهێنێت، لەوانەهەندێکجار دادگای باڵا (کە شەرعیەتی دەستووری نییە) بەناوزڕاندنی ئەو بڕیارانە بەکاردەهێنێت. لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢دا بە بڕیارێکی گوماناوی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، کاتێک هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی ناساند. هەربەوەشەوە نەوەستا، بەڵکو لەم دواییانەدا، دادگا ئەو کورسیانەی پەڕلەمانی کوردستانیشی لابرد کەبۆ کەمایەتییە ئاینی ونەتەوەییەکان تەرخان کرابوو. بڕیارێک بوو کەدەرئەنجامی لێکەوتەکەی بووە وەڵامی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات وسەرەتای نەزمێکی سیاسیی ئێرانی باڵادەست بێت لە عێراقدا، کە لە مێژە وایکردووە.

 جگەلەوەش کێشەی نەوت، ئەو نەزمە سیاسیەیە کە هێشتا بە شێوەیەکی بەرفراوان پەیوەندییەکانی بەغدا وهەولێر پێناسە دەکات. ناکۆکیی نەوت جارێکی دیکە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێرێت لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا وهەولێردا. ئەمە شتێکی نوێ نییە، بەڵکو دە ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی ٢٠١٤، حکومەتی ناوەندی کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بە هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی حکومەتی هەرێم بەرەو تورکیا، بە ڕاگرتنی پارەی بودجە بۆ هەولێر. بەدرێژایی دوو ساڵی ڕابردوو، حکومەتی فیدراڵی، بەچەند ڕێگەیەک هەوڵی بە ناوەندکردنی کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوتی هەرێمی داوە، وەک نموونەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دا.  یان لە بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای باڵا کە داوایکردووە هەولێر هەموو نەوتەکەی ڕادەست بکات وداهاتی نانەوت بۆ بەغداد بگێرێتەوە. ئەم ناکۆکییە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی هەناردەکردنی نەوت وداهاتەکانیش ڕێگری لە کردنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک-جەیهان دەکات، کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ەوە ڕاگیراوە ولێکەوتەی زیانی ئابووری بۆ هەولێر دروستکردوە. لە ڕاستیدا چارەسەری دۆسیەی بۆرییە نەوتەکان زۆر شتمان پێدەڵێت دەربارەی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا وهەولێر.

لە ئاستی دەرەکی ناوچەیشدا عێراق بۆ ئەوەی خۆی لە گرژییەکان بەدووربگرێت، دەبێت خۆی لە بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هەڵدانە موشەکیەکان بەدووربگرێت. چونکە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە خاکی عێراق وەکو شوێنی هەڵدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت. ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو هەڵکشان چووبوو لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا ٦٩ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراقەوە ئەنجامدراوە. بۆ عێراق پێدەچێت مەحاڵ بێت لە گرژییەکانی ئێران وئیسرائیل دوور بکەوێتەوە وەک چۆن زۆرێک لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق بەشێکن لە کۆمیسیۆنی سەرۆکوەزیرانی) Popular Mobilization Forces (PMF کە لقێکی فەرمی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەزگایەکی دەوڵەتی عێراق هێرش دەکاتە سەر وڵاتێکی بیانی، بە ڕواڵەت بەبێ مۆڵەتی فەرماندەی گشتی هێزەکانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی. هەرچەندە دەیەوێت عێراق لەو ململانێ سیاسیە ناوچەییانە دوربخاتەوە، هەروەها هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا نییە. ڕێگەدان بەم هێرشانە لە خاکی عێراقەوە، هەڵبژاردنی لایەنێکە لە قەیرانەکەدا و بۆردومانی ڕواڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی PMF لە باشووری بەغدا لە ٢٠ی نیساندا، تەقەیەکی هۆشدارییە کە عێراق ناتوانێت بێلایەن بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی زەویەکەی بۆ لێدانی ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت .

هەربۆیە حکومەتی سودانی دەبێت ڕێگری بکات لە بەشداریکردن لە شەڕێکی ناوچەییدا و متمانەی ئەمریکا دەستەبەر بکات .جگە لەو تەحەدییە میراتیانەی کە هەموو حکومەتێکی عێراقی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، وەک پەیوەندییە ناوخۆییەکانی بەغدا و هەولێر، ئەو تەحەددایانەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی محەمەد ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوونەتەوە، ئاسۆی ڕاکێشانن بۆ ناو شەڕێکی ناوچەیی فراوانتر و دەستنەگەیشتن بە قازانج لێی فرۆشتنی نەوتی عێراق بە نیویۆرک. بەو پێیەی عێراق هێشتا لە قۆناغی گواستنەوەدایە بۆ جێگیرکردنی گروپە نیمچە سەربازییەکان لەناو هێزی ئەمنی دەوڵەتدا، هەندێک گروپی چەکدار کە ئاستێکی بەرزتری ئۆتۆنۆمییان هەیە، بەردەوامن لە دروستکردنی تەحەدا تا ئەو کاتەی ململانێ لە غەززە درێژە بکێشێت. هاوکات لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی سودانیەوە، حکومەتی ئەمریکا لە ترسی قاچاخکردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئێران، سنووردارکردنی توندی بەسەر عێراقدا سەپاندووە بۆ دەستگەیشتن بە پارە. بۆیە دەبێت حکومەتی ئەلسودانی بەردەوام بێت لە ڕێکخستنەکان لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا لە هەمان کاتدا چاکسازییە داراییەکانی خۆی جێبەجێ بکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە یەدەگی بیانی بە مامەڵەی دۆلار.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP