دواین هەواڵ

ئایا ئێمە لە لێواری شەڕی سەرتاسەریداین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

‌چنور جەعفەر ئەحمەد

02/08/2024

چنوور جەعفەر -زانکۆی سۆران

لەم ووتارەماندا بە خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ئەم دوو ڕۆژەی پێشوو، دۆخێکی بەراوردکاری نێوان حیزبوڵڵاو حەماس لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لایەنگران و کەسایەتیە دیارەکانیان دەخەینەڕوو، ڕۆشنایی دەخەینە سەر تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە و فوئاد شوکر، و مەترسی فراوانبوونی ململانێکان.فوئاد شوکر فەرماندەی باڵای سەربازیی حیزبوڵڵا و ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی باڵا لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی، لە شەوی نێوان ٣٠ بۆ ٣١ی تەمموزدا لە ماوەی نزیک بە چەند کاتژمێرێکی جیاواز لەیەکتر تیرۆرکران. ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی بەیروت گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند کە ئەمە لە وەڵامی ڕووداوە دڵتەزێنەکەی ٢٧ی تەمموزدا بووە، کە ١٢ منداڵ لە شارۆچکەی دروزەکانی مەجدال شەمس لە بەرزاییەکانی جۆلان کوژران. بەڵام تیرۆرکردنی ئیسماعیل هانیە، بەکارەساتێکی سەرسوڕهێنەر دێتە هەژمارکردن، بەبێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی ئەم ڕووداوە لە ئەستۆ بگرێت. ڕێبەری سیاسی بزووتنەوەی حەماس کە لە دۆحە لە ئاوارەییدا دەژیا، بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، مەسعوود پێشەشکیان، لە تاران بوو، کاتێک کوژرا. وەک یەکێک لە دەنگە میانڕەوەکانی ناو بزووتنەوەی حەماس ناسراوبوو، هەربۆیە تیرۆرکردنی هەنیە لەئێستاوە دۆخی دانوستانەکانی ئاگربەستێکی سەرکەوتوو لە غەززە دەخاتە مەترسییەوە. پرسیاری جدیی ئەمەیە ئایا ئەم دوو کوشتنە هۆکارە بۆ مەترسی فراوانکردنی ململانێکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی؟. لەکاتێکدا وەڵامەکانی حیزبوڵلا وحەماس. بەم خوێندنەوەمان جیاواز دەردەکەون  بەتایبەتی لەبەرامبەردا کاتێک ئێران تووشی پاشەکشەی گەورە هاتووە، لە توانای بەرگریکردن لە خاکی خۆیدا. دیاری دەکات کە ئایا ململانێکان پەرەدەسەنن یان نا.

هەرچی سەبارەت بە کاردانەوەکانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسەوە هەیە، تیرۆرکردنی ئیسماعیل هانیە، سەرۆکی باڵای حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە، چانسەکانی گەیشتن بە ئاگربەست لەماوەی کورتخایەندا دووردەخاتەوە، جا ئەمە ئەگەرێکی ڕاستەقینە بووبێت یان نا. هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، ئامادەیی نەتانیاهۆ نیشان دەدات بۆ گرتنەبەری هەنگاوی گەورەی پەرەسەندن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناوچەیی لەگەڵ ڕکابەرەکانی ئیسرائیلدا. ئێران لە ڕابردوودا نیشانی داوە کە ئامانجی خۆی دوورکەوتنەوەیە لە ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام کوشتنی هانیە، گورزێکە لە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی ئێران کە پێدەچێت پێویستی بە وەڵامدانەوە هەبێت لەلایەن ئێرانەوە. نەهێشتنی سەرکردە دیارەکانی حەماس تاکتیکێکی درێژخایەنی ئیسرائیلە کە کاریگەرییەکی کەمی لەسەر توانا سیاسی و سەربازییەکانی بزووتنەوەکە هەبووە. تەنانەت ڕەنگە مردنی هانیە هێڵی سیاسی ناوخۆیی باڵی سەربازیی حەماس زیاد بکات کە پلانی هێرشەکانی ئۆکتۆبەری داڕشتبوو و ئەنجامیاندا بە بەشدارییەکی کەم یاخود هیچ دەستوەردانێکی سەرکردایەتی سیاسی ئاوارە کە هانیە نوێنەرایەتی دەکرد.

لەبەرامبەردا کارەساتی مەجدال شەمس، پێناچێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ستراتیژییە سەربازییەکانی حزبوڵڵادا بهێنێتە ئاراوە، جگە لە کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئەگەری پەرەسەندنی جددی لەلایەن ئیسرائیلەوە. چونکە حیزبوڵڵا هیچ پلانێکی نییە بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی تەواو لە دژی دراوسێی باشووری خۆی. چونکە بەوانەشەوە کە لایەنگری تەواوی حیزبوڵڵان چاوەڕوانی زیاتر لە حزبوڵڵا ناکەن. ئەمەش ڕاستییەکە کە سەرکردایەتی حزبوڵڵا ئاگادارییەتی. حزبوڵڵا تەنها لە حاڵەتێکدا گورزی توند لە ئیسرائیل دەدات، کە ئیسرائیل بە توندی هێرش بکاتە سەر خاکی لوبنان و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی یان دانیشتوانی مەدەنی لوبنان. لەکاتێکدا وەزیری دەرەوە عەبدوڵڵا بو حەبیب، پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ  حزبوڵڵادا هەیە و دژایەتیان ناکات. هەربۆیە بوحەبیب، خواستی خۆی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا دەربڕیوە، ئەمەش لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە ١٧٠١. هەربۆیە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە نەبوونەتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەماهەنگی نێوان حکومەتی لوبنان و حیزبوڵڵا، بەڵکو زیاتر بووەتە درێژەپێدەری پەیوەندییەکی داینامیکی ڕابردوویان.

ناوچەی مەجدال شەمس، پایتەختی بەرزاییەکانی جۆلان، کە لە ساڵی ١٩٦٧ داگیرکراوە و لە ساڵی ١٩٨٠ وەلکێنراوە بەئیسرائیلەوە، کەچی دانیشتوانەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو لکاندنی ڕەتدەکەنەوەو ناسنامەی سوریای خۆیان دەپارێزێن. دروزەەکانی دانیشتوانی ناوچەی مەجدال ئەمس، کە کەمینەیەکی بچووکن کە لە نێوان سوریا و لوبنان و فەلەستین/ئیسرائیل دابەشکراون. سەرەڕای هەوڵەکانی تەلئەبیب بۆ جیاکردنەوەی دروزەکان لە عەرەبەکانی دیکە (ئەوان لەگەڵ بەدەوییەکانی نەگێڤ تاکە کەسن لە نێو عەرەبە ئیسرائیلییەکان کە لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەت دەکەن)، زۆربەیان بە وابەستەی هەڵگری ناسنامەی عەرەبی خۆیان دەمێننەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرکردە ڕۆحی و سیاسییەکانی دروزەکان، ئیستغلالکردنی ئیسرائیل  لەم ناوچەیە ڕەت بکەنەوە، بەهۆی ئەوەی وەزیرێکی ئیسرائیل بەشداری لە پرسەی قوربانییەکانیاندا بکات. لەبەرامبەریشدا بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ناڕەزایەتیەکان لەدوای سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ شارۆچکەکە چەندرۆژێک دوای کۆمەلکوژییەکە . چونکە دروزەکانی لوبنان بەهۆی قەناغەتی نیشتیمانیان ولاوزای پێکهاتەییان وەک کەمینەیەک لەنێوکەمینەکانی ناوچەکەدا، پشتگیرییان لەو پێداگرییەی ڕەتکردنەوەی حیزبوڵڵا دەکرد کە بەشێک بووبن لەپلانی هێرشەکە بۆسەر ناوچەکەیان.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP