یەکەم: رۆژاڤا! بۆ ئێمە رۆژاڤایە و بۆ چەپەکان و ئیسلامییەکان، باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە! ئەوە گرێ و هەنگاوی هەرە سەرەتا و یەکەمی کێشەکەیە.
یەکەمجار، دەبێت، لە ناو سەر و بیرکردنەوە و ئەندێێشەی ئینسانی کورد، بیکەین بە رۆژاڤا، رۆژاڤای وڵات.
دوەم: رۆژاڤا! وەك بەشەکانیتری وڵات، داگیرکراوە. رۆژاڤا، بەشێکی ئاسایی نیە لە سوریا، بەڵکو داگیرکراوە. ئەو داگیرکرکارییەی لە جیهانی هاوچەرخدا، بە شەرعی ناسراوە. کارەساتی گەورەتر ئەوەیە، کورد خۆی؛ چەپ و ئیسلامیی، ئەو داگیرکارییە بە شەرعی دەناسن و وەك بار و دۆخێکی ئاسایی دەیبینن.
سێهەم: یەکەمجار و پێش هەمو رێکار و کردارێك، پێش رزگار کردنی وڵات، دەبێت سەر و مێشك و بیرکردنەوەی ئینسانی کورد، لە داگیرکرکاریی رزگار بکرێت. بێ رزگاریی بیرکردنەوەی ئینسانی کورد، باسکردن لە رزگاریی کوردستان، هیچ مانا نادات.
چوارەم: رێگەی داگیرکردنی مێشك و سەر و بیرکردنەوەی ئینسانی کورد، دو سەرەتانە ئایدیۆلۆجیەکەیە: ئیسلامیزم و چەپ! دەبوایە، نەتەوەی کورد، یەکەم جەنگیی رزگاریی دژی ئەو دو ئایدیۆلۆجیایە بکردایە. یەکەم تەقە دەبوایە لە نێوچەوانی ئیسلامیزم و چەپ بدرایە.
پێنجەم: تا کورد لە ئیسلامیزم و چەپ، رزگاریی نەبێت، نە لە دۆزەکەی تێدەگات و نە هۆکاریی داگیرکاریی و مەینەتیەکانی دەبینێت و نە دەزانێت چیی دەوێت؟! ئیسلامیزم و چەپ، داگیرکەر و دوژمنانی سەدان ساڵەیان لە کورد کردوە بە برا! بەڵام، کورد لە دۆستەکانیی دڕدۆنگە و لێان دەترسێ و دەسڵەمێتەوە. ئیتر چۆن کورد، لە دۆزەکەی تێدەگات و چۆن دوژمن دەناسێت و چۆن رێگەی رزگاریی دەبینێت؟!
شەشەم: رۆژاڤا، بێگومان، لە دۆخی نسکۆدا دەژیت. ئەوەی رودەدات و دەیبینین، لێکەوتەکانی نسکۆیەکی گەورەی نەتەوەییە، نسکۆی نەتەوەیەك، نەك تەنها تەڤگەر و جوڵانەوەیەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆجیی. راستە، تەڤگەر و ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسیی، بەرپرسیاریی راستەوخۆی دەکەوێتە ئەستۆ، بەڵام نسکۆکە، بێگومان نسکۆی نەتەوەکەیە.
حەوتەم: نابێت نسکۆی رۆژاڤا، بکرێت بە هەل و دەرفەت بۆ قوڵکردنەوەی برین و قڵشت و کەلێنیی ناو نەتەوە و بەیەکا هەڵشاخان و چڕنوك لەیەکگرتن. بە پێچەوانەوە، دەبێت، ئەو نسکۆیە، بکرێت بە دەرفەت بۆ هەڵکشانیی هەست و هاوسۆزیی و هاوپشتیی نەتەوەیی.
هەشتەم: رۆژاڤا، لە دەرفەتێکی هەرێمیی و نێودەوڵەتی، راستبۆوە و هێزی دروست کرد و پێگەی ساز کرد. بێگومان، دەرفەتی گەورەتر و فراوانتر، لە پێشەوەن و دەبێت خەبات و تێکۆشانیی رابردو، نسکۆ و هەڵەکان، بکرێن بە ئەزمون و وانە، بۆ سەرهەڵدانەوە و راستبونەوە.
نۆیەم: هۆکاریی نسکۆ و شکستەکان، پەیوەندیدار نیە، بە کەس و کاراکتەرەکانەوە، بە تایبەتی سەرکردە کوردەکانیی رۆژاڤا، تا سەرکۆنەی کەسەکان بکرێت. بەڵکو پەیوەندیدارە بە ئایدیۆلۆجیا و ئەو فیکر و فەلسەفە سیاسییەی، لە رۆژاڤا، سواری جوڵانەوەی کورد بوە، بۆیە دەبێت، رەخنەی جدیی لەوێوە دەستپێبکات.
دەیەم: دوا جار، دەبێت بزانین، کورد و سەرکردە کوردەکان لە رۆژاڤا، پێویستیان بە هاوکاریی و هاوپشتیی هەموان، بە تایبەتی باشور و بە تایبەتیتر، پشتیوانیی هەولێر هەیە. هیوادارم ژەنراڵ مەزڵوم عەبدیی و خاتو ئیلهام ئەحمەد، بە تەنها جێنەهێڵرێن.