لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بابەتی سڕینەوەی سێ سفر لە سەر دیناری عێراقی بووەتە بابەتێکی گەرمی میدیاکان و کۆمەڵگادا، لێدوانێکی زۆری لەسەر دەدرێت و گومان و دلەڕاوکێی زۆر لای هاووڵاتیان دروست کردووە.
بەڵام پێویستە ئەم بابەتە بە وردی و بە شێوەیەکی زانستی شیکردنەوەی بۆ بکرێت و هاووڵاتیان دوربکەونەوە لە لێدوانی هەڵەو جوڵەی هەڵە بە پارەو سامانەکانیان، واتە گۆڕینی دراوەکانیان بۆ دۆلار یان دراوی تر یان کڕینی زێڕو زیو یان هەر جوڵەیەکی تر، پێویستە زۆر بە ووریای مامەڵە بکەن لەگەڵ بارودۆخەکەدا، وە پێویستە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بزانن کە سڕینەوەی سفرەکان بە مانای بەهێزبوونی دینار یان لاوازبوونی نییە، هەروەها ئەم گۆڕانکارییە هۆکاری زیادبوونی توانای کڕینی پارەی هاوڵاتی نییە، بەڵکو تەنها گۆڕانکارییەکی ژمارەییە لە پێوانە و یەکەی ژمێریاریی دراوی عێراقیدا، کە لە زانستی ئابووریدا بە Redenomination ناسراوە.
واتە ئەگەر مووچەی کەسێک پێش گۆڕانکاری چاپی کۆن بۆ چاپی نوێ 1,500,000 دینار بێت، دوای سڕینەوەی سێ سفر و لە چاپی نوێدا دەبێتە 1,500 دینار، لە حاڵەتی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیەدا، دەبێت نرخەکانی کاڵا و خزمەتگوزاری و دارایییەکان بە هەمان ڕێژە بگۆڕدرێن.
بە نموونە، ئەگەر خانوویەک 150,000,000 دینار بێت، لە پاش لابردنی سفرەکان دەبێتە 150,000 دینار، واتە لە بنەڕەتدا بەهای ڕاستەقینەی دراو و توانای کڕین ناگۆڕێت، تەنها پێوانەی ژمارەیی دەگۆڕێت.
هەروەها لە ڕووی سیستمی دارایییەوە، سڕینەوەی سفرەکان دەتوانێت هەندێک سوودی تەکنیکی هەبێت، وەک کەمکردنەوەی قەبارەی ژمارەکان لە سیستەمی داراییدا، ئاسانکردنی سیستەمی بانکداری و داتا و سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان، هەروەها کەمکردنەوەی هەندێک هەڵەی ژمێریاری و کەمکردنەوەی تێچووی مامەڵەی دارایی.
بێگومان ئەگەر ئەم پڕۆسەیە جێبەجێ بکرێت لەگەڵ دیجیتاڵکردنی پارەدان، بەهێزکردنی بانکەکان، ڕێکخستنی سیستەمی ژمێریاری و زیادکردنی متمانە بە سیستەمی بانکی، دەتوانێت ببێتە بەشێک لە پرۆسەیەکی گەورەتر بۆ مۆدێرنکردنەوەی سیستەمی داراییی عێراق.
بۆیە پێویستە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان سڕینەوەی سفرەکان لەگەڵ بەهێزکردنی دیناری عێراقی جیا بکەنەوە، چونکە ئەوەی لە پاش لابردنی سفرەکان ڕوودەدات تەنها گۆڕینی ژمارەیە، کە بە Redenomination ناسراوە، نەک گۆڕانکاری لە بەهای دەرەکیی دراو کە بە Revaluation ناسراوە. ئەم دوو پرۆسەیە نابێت تێکەڵ بکرێن.
لە ئاستی ئابوری تاکەکەسیشدا، سڕینەوەی سفرەکان مووچە زیاد ناکات و توانای کڕینی هاوڵاتیان باشتر ناکات، واتە ئەگەر مووچەی 1,500,000 دینار ببێتە 1,500 دیناری نوێ و هەموو نرخەکانیش بە هەمان ڕێژە دەگۆڕدرێن، بە واتایەکی تر هاوڵاتیان هەمان بڕ کاڵا و خزمەتگوزاری دەتوانێت بکڕن بە پارەکانیان. بۆیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی سڕینەوەی سفرەکان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان زۆر سنووردار دەبێت، بەڵام کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان لە باشترکردنی سیستەمی بانکداری، ژمێریاری، پارەدان و بەڕێوەبردنی دارایییەکاندا دەردەکەون.
لە لایەکی ترەوە، ئەم گۆڕانکارییە ناتوانێت ببێتە چارەسەری کێشە سەرەکییەکانی ئابووریی عێراق، چونکە کێشە سەرەکییەکانی ئابووریی عێراق لە ژمارەی سفرەکانی دراوەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو پەیوەندییان بە کۆمەڵێک کێشەی ترەوە هەیە، وەک ناسەقامگیری ئابووری عێراق، پەیوەستبوونی ئابووری عێراق بە داهاتی نەوتەوە، لاوازیی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، کێشەی کەمیی بودجە، نەبوونی هەمەچەشنی ئابووری، بێکاری، لاوازیی هەندێک بەشەکانی سیستەمی بانکداری، لاوازی جۆراوجۆری هەناردەکان) ، ئەمانە هیچکامیان بە سڕینەوەی سێ سفری دیناری عێراقی چارەسەر نابن، بۆیە حکومەتی عێراق ئەگەر تەنها سێ سفر بسڕێتەوە، بەبێ ئەوەی لە سیاسەتی دارایی و نەختینەیی، بەرهەمهێنان و پەیکەری ئابووری گۆڕانکاریی بنەڕەتی دروست بکات، کاریگەریی ئەم هەنگاوە لەسەر گەشەی ئابووری زۆر سنووردار دەبێت، بەڵام ئەگەر سڕینەوەی سفرەکان ببێتە بەشێک لە پڕۆژەیەکی گەورەتر بۆ ڕێکخستنی سیستەمی نەختینەیی و دارایی، کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، جێگیرکردنی بودجە، بەهێزکردنی بانکەکان، دیجیتاڵکردنی پارەدان، زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی وابەستەیی بە نەوت، ئەوا دەتوانێت هەنگاوێکی باش بێت بۆ مۆدێرنکردنەوەی سیستەمی داراییی عێراق.
واتە سڕینەوەی سفرەکان لەسەر دینار تەنها گۆڕانکارییەکی ژمارەییە و بەهای ڕاستەقینەی ئابووری ناگۆڕێت، بەڵکو بەهێزبوونی بەردەوامی دراوی عێراقی لە ڕێگەی پتەوکردنی بنەما ئابوورییەکانەوە بەدەست دێت، کە ئەمانەش لە بەرزکردنەوەی بەرهەمداری، پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، زیادکردنی توانای هەناردە، فرەچەشنەکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و بەدیهێنانی جێگیریی لە بودجە و سیستەمی دارایی گشتی وڵاتدا سەرچاوە دەگرن.