دواین هەواڵ

فرۆشتنی کارتی دەنگدان تەواو بوو!

‌هاورێ تۆفیق

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بریاری هاوبەشی نێوان کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان و وەزارەتی ناوخۆ بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرچوو.

بە پابەندکردنی وەزارەتی ناوخۆ بە پێدانی بنکەی زانیاری ( قائیدەی بەیانات) ی کارتی نیشتمانی  بۆ کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان ، هەتاوەکو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو،  لە بری کارتی بایۆمەتری دەنگدانی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان،  بە کارتی نیشتمانی دەنگ بدەن.

 

ئەم بریارە گۆرانکارییەکی هونەری گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردنە. کە ئەتوانین لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چڕی بکەینەوە: 
١: هەموو هاوڵاتیەک کارتی بایۆمتری دەنگدانی کۆمیسۆنی دەرنەهێناوە، لە (٣٠) ملیۆن هاوڵاتی کە مافی دەنگدانیان هەبوو ، تەنها(٢٠) ملیۆن هاوڵاتی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان دەرهێناوە. بەو هۆیەوە(١٠) ملیۆن هاوڵاتی لەگەڵ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام چونکە کارتی دەنگدانی بایۆمەتری کۆمیسۆنیان دەرنەهێنابوو، لە مافی دەنگدان بێ بەش بوون! بەڵام ئاشکرایە کە هەموو هاوڵاتیەک، تەنانەت مناڵێکی ساوای تازە لە دایک بوو ، کارتی نیشتمانی هەیە. 

٢: بازرگانی کرین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان کۆتایی پێ دێت، لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەهۆی جۆراو جۆر هاوڵاتی کارتی دەنگدانەکەی دەفرۆشت. بەڵام ئاشکرایە کە هیچ کەسێک ئامادەنیە کارتی نیشتمانی خۆی بفرۆشێت، چونکە بەڵگەنامەیەکی گرنگەو هەموو ئیشوکارو مامەڵەی رۆژانەی لەسەریەتی،  بەڵام کارتی دەنگدان تەنها بۆ دەنگدانەو هاوڵاتی هیچ ئیشێکی تری پێی نەبوو، بۆیە ئامادەبوو بە پارە بیفرۆشێت. 

٣: پرۆسەی بەشداری هاوڵاتیان لەدەنگدان ئاسان و کارا ئەکات. 

باری سەرشانی کۆمیسۆن سوک ئەکات.  چونکە پێشوەخت هاوڵاتیان کارتی نیشتمانیان هەیەو چیتر پێویست ناکات کۆمیسۆن کارتی بایۆمەتری دەنگدان دەربکات.  

٤: لەروو داراییەوە سودی باشی هەیەو پارەیەکی زۆر کە دەیان ملیۆن دۆلار بوو کە پێشوتر بۆ کارتی بایۆمەتری خەرج دەکرا، دەگەرێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.  

کۆمیسۆن دەمێکە ئەم بیرۆکەیەی هەبوو، بەڵام بەهۆی هونەریی لە لایەک و لەلایەکی تر وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ هاوکاری کۆمیسۆن نەبوو بە پێدانی داتاکانی بانکی کارتی نیشتمانیی. بەو بیانوەی کە مەسەلەیەکی گرنگی ئاسایشی نیشتمانی و مافی پارێزراوی هاوڵاتیانە.

 

 بەم هەنگاوە پرۆسەی هەڵبژاردن قۆناغێکی پێشکەوتووی بری و رۆڵی باشی ئەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری هەڵبژاردن و بەشداری زیاتری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن.  لەلایەن کۆمیسۆنەوە هەوڵ و کۆششی هونەری و کارگێری پێویستە بۆ جێبەجێکردنی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP