دواین هەواڵ

تێروانیەکانی دەرەوەی، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا

‌چنور جەعفەر ئەحمەد

06/11/2024

تێروانیەکانی دەرەوەی، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا

لەلایەن ئیسرائیلیەکان
ئیسرائیلییەکان بە زۆرینەی دەنگ پشتگیری لە ترەمپ دەکەن بەسەر کامالا هاریسدا، بە ڕاپرسییەکی ئەم دواییەی پەیمانگای میتڤیم بۆ سیاسەتی دەرەوەی ناوچەیی Mitvim Institute for Regional Foreign Policy، کە دامەزراوەیەکی بیرمەندانەیە (Think Tank) و پەرە بەچارەسەری دوو دەوڵەتی دەدات بۆ ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین، بۆیان دەرکەوتووە کە ٦٨% ئەو ڕاپرسیەی ئەنجامیان داوە دەلێن: سەرۆکایەتی ترەمپ باشتر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەکات، بە بەراورد لەگەڵ ١٤% کە وەڵامەکان هاریسیان قبوڵکردووە، مەزڵ موعەلەم نوسەر لە قودسەوە دەنووسێت.
 ''بەشێکی زۆری پشتیوانییەکانی ترەمپ لەو سیاسەتانەوە دێت کە لە ماوەی مانەوەی لە کۆشکی سپیدا دامەزراون و بەشێوەیەکی زۆر لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە لە سەرانسەری سپێکتری سیاسیدا خۆشەویستییان هەبووە بۆ ترەمپ، لەوانە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس و داننان بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلان، کە پێشتر خاکی سوریا بوو لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکرابوو، لە جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧. هەروەها ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لەسەردەمی ترەمپ دا کە پەیوەندییەکانی ئیسرائیلی لەگەڵ ووڵاتانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئاساییکردەوە، لەوانە (بەحرەین و مەغریب)، سەلماندوویانە کە یاریگۆڕکێن بۆ پێگەی سیاسی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.

هەروەها موعەلم لەنوسینەکەیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای پشتگیرییە دارایی و سەربازییە گەورەکانی ئیدارەی بایدن بۆ ئیسرائیل لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بەڵام ئیسرائیلییەکان بەهۆی ڕەخنەکانی بایدن و هاریسەوە لەبەرامبەر شەڕی ئیسرائیل لە غەززە و دروستبوونی بازنەیەکی بەهێزی لایەنگری بۆ فەلەستینەکان لەنێو پارتی دیموکراتەکاندا بایدنی دورخستەوە لە ئیسرائیل.

لەلایەن ئێران
کۆماری ئیسلامی ئێران، لە مێژە ئیدارەی کۆماری و دیموکراتەکانی بەیەک چاوسەیرکردووەو یەکسانی کردوون لە دیدوتێڕوانینی ئێرانیەکانەوە و هەردووکیانی بە "شەیتانی گەورە" ناوزەد کردووە و گرنگی هەر گۆڕانکارییەکی ئەگەری لە سەرکردایەتی ئەمریکادا بەئەگەری کەم بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان تەماشا دەکات
هەرچەندە ئەو بێباکییە لێکدانەوەیەکی نوانستر لەناو پلەکانی دەسەڵاتی ئێراندا دەمامکدار دەکات، کەوا خۆیان نیشان بدەن کە گۆرانکارییەکان کاریگەری ئەوتۆی نەبێت بۆسەر ئێران. لەم بارەیەوە پەیامنێری تارانی ماڵپەڕی هەواڵی سیاسی وجیهانی ئەلمۆنیتۆر دەنووسێت: ''لە کاتێکدا ئێران بەردەوامە لە ململانێ لەگەڵ ئاستەنگە ئابوورییە زەقەکان، کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە دەچنە پێشەوە، حکومەت لە تاران بە هیوای گۆڕانکارییە کە هەندێک پاشەکەوتی ئابووری بەدوای خۆیدا بهێنێت''.

بەتایبەت کشانەوەی ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨ و سەپاندنی بێوچانی سیاسەتی "زۆرترین فشار" بەردەوامە لە دەرکەوتن ولێکەوتەی توند، لەسەر ئابووری ئێران و لێکەوتەی ناڕاەزایەتی گشتی لێ کەوتۆتەوە لە ئاستی ناوخۆت ئێراندا.

هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زیانگەیاندن بە ترەمپ و هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی، ئەو ڕەوتەیە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئەمریکاوە پشتڕاست کراوەتەوە. ئەوە پیشان دەدات کە تاران پێشبینی گرفتی ئابووری و سیاسی زیاتر دەکات لە ژێر سەرۆکایەتی دووەمی ترەمپدا.
بەڵام لەبەرامبەر دەرچوونی هاریس دا، لەلایەن میدیای ڕیفۆرمیستەکانی ئێرانەوە بەپلەیەکی جیاوازو گەشبینتر دەڕوانن لەوەی کە هاریس لەم هەڵبژاردنەدا دەربچێت، چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە لانیکەم فشارە دەستبەجێیەکانی سەر تاران کەم بکاتەوە و ئەگەری گەڕانەوەی گفتوگۆی وردە وردە بۆ دیپلۆماسیەتی ئەتۆمی بکاتەوە.

لەلایەن چین
جۆیس کەرەم[1] سەرۆکی نووسینگەی واشنتۆنە لە ڕۆژنامەی ئەلحەیات، دەنووسێت: ''ئەگەر هاریس یان ترەمپ بە سەرکەوتوویی دەربچن، پێدەچێت کایەی کاریگەریی پەکین لە سەرانسەری ناوچەکەدا وەک خۆی بمێنێتەوە''. هۆکاری ئەم بۆچوونەی کەرەم بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، چونکە هەرلە سەردەمی ترەمپدا بوو، پەکین هێرشێکی گەورەی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا ئەنجامدا، لەنێویاندا دەستیکرد بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی نهێنی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی. هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی سعودیە لەگەڵ چین لە ماوەی ساڵانی ترامپدا لە نزیکەی ٤٢ ملیار دۆلاری ساڵی ٢٠١٦ بۆ نزیکەی ٦٧ ملیار دۆلار تا ساڵی ٢٠٢٠ بەرزبووەوە، هاوکات کشانەوەی ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما لەگەڵ ئێران دا. هەروەها دەرگای بۆ پەیوەندییە ئابووری و سیاسییە نزیکەکانی ئێران و چین کردەوە ، لەهەمانکاتدا ڕێگە بە پەکین دەدات دەستی بگات بە نەوتی ئێرانی کە داشکاندنی بۆ کراوە.

لە ئیدارەی بایدن دا، هاریس وەک جێگرەوەی لەماوەی حوکمرانیدا، درێژەی بە بەشێکی زۆری ڕژێمە ئابورییە توندەکەی ترەمپ لە دژی چین داوە، ئەمەش لەڕێگەی دانانی باج لەسەر کاڵا چینییەکان و هەروەها دوو هێندەکردنی هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی چین بە تەکنەلۆژیای دروستکراوی ئەمریکا، بەڵام ئەم هەوڵە سنوردارکراوانەی ئەمریکا لەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا، هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی  لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی چین نەبووە.

لەلایەن میسرەوە
لە کاتێکدا قاهیرە پێی وایە کە ئیدارەیەکی ترەمپ، کەمتر خەمی تۆماری مافی مرۆڤی خۆی دەبێت لەمیسردا، هەربۆیە پێیان وایە کەهەڵبژاردنەوەی ئیدارەکەی ترەمپ، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی یارمەتیدانی ئابووری زیاتر و هاوکاری فراوانتر بۆمیسر، بەڵام ئەوەیان لەبیرکردووە کە تەرخانکردنی پارەی یارمەتییەکان بۆ ووڵاتان لەلایەن سەرۆکایەتی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ کۆنگرێسدا جێگیرونەگۆڕە.

ئەمریکا ساڵانە نزیکەی یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لە بواری دارایی سەربازی دەرەکیدا دەداتە میسر. هەرچەندە بەشێک لەو خەرجیە، نزیکەی ٣٢٠ ملیۆن دۆلارە، بەپێی یاسای ئەمریکا سەبارەت بە جێبەجێکردنی هەندێک پێوەرەکانی مافی مرۆڤی قاهیرە مەرجدارە. بەڵام ئیدارەی بایدن بەردەوام دەستبەرداری ئەو مەرجە بووە، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی قاهیرە وەک نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە لە قاهیرەوە.

قاهیرە، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە دەکات، کە دیدگای ئابووریی خۆی فڕێداوەتە دۆخێکی خراپەوە، چونکە هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سووردا، کەشتیوانییەکانی لە کەناڵی سوێس دوور خستووەتەوە. عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر، لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە میسر لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا ٦-٧ ملیار دۆلاری لە داهاتی لەدەست داوە، بەهۆی دەربازبوونی کەشتیەکان لە کەناڵی سوێس.

هەروەها قاهیرە لەگەڵ ئەسیوپیا تووشی کێشە بووە، لەسەر دەستگەیشتن بە ئاو لە ڕووباری نیل و پێی وایە ڕەنگە سەرۆکایەتی ترەمپ زیاتر ڕێز لە بەرژەوەندییەکانی میسر لەو بەرەیەدا بگرێت.

[1] جۆیس کەرەم سەرۆکی نووسینگەی واشنتۆنە بۆ ڕۆژنامەی ئەلحەیات، کە ڕۆژنامەیەکی نێودەوڵەتی عەرەبییە و بنکەکەی لە لەندەنە. لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان سیاسەتی ئەمریکای ڕووماڵ کردووە و گرنگی بە سیاسەتی ئەمریکا دەدات بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP