دواین هەواڵ

بۆچی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بە ئامانج دەگیرێت؟

‌فرسەت سەید شوكر

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ جارێکی تر ڕووبەڕووی شەپۆلێکی تری کینە و دوژمنداری بووەتەوە. 
لە کاتێکدا جیهان و ناوچەکە لە ئاگرێکی گەورەی ململانێدا دەسووتێن، هەرێمی کوردستان بە ژیری و دووربینییەکی سیاسیی بێوێنەوە توانیویەتی خۆی لەم ئاڵۆزییانە بپارێزێت و نەبێتە بەشێک لەو شەڕە ماڵوێرانکەرانە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت، وەڵامدانەوەی ئەم سیاسەتە ژیرانەیە بە زمانێکی ترسنۆکانە و دوور لە هەموو بەها مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانە؛ وەڵامێک بە زمانی درۆن و مووشەکی غەدر.
ئەو هێرشانەی کە بە ناوی لێدانی بنکەی هاوپەیمانان، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ سەر ماڵ و منداڵی سڤیل و سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێن، هیچ ناوێکی تریان نییە جگە لە ترسنۆکی. 
ئەمە نیشانەی ئەوپەڕی لاوازیی ئەو لایەنانەیە کە ناتوانن بەرگەی بینینی کوردستانێکی ئاوەدان و سەقامگیر بگرن. 
ئەوانەی لە تاریکیی شەودا مووشەک دەگرنە هەولێری پایتەخت و سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لە ڕاستیدا لەو ئیرادە پۆڵایینە دەترسن کە لە ناو دڵی هەر پێشمەرگەیەک و هەر هاووڵاتییەکی ئەم نیشتمانەدا چەکەرەی کردووە. 
ئەوان دەیانەوێت بەم هێرشانە ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە خاکی کوردستان بۆ داگیرکەران و ناحەزان تەنها دەبێتە گۆڕستان و هیچی تر.

گەلی کوردستان، هەمیشە دەستی ئاشتی بۆ هەمووان درێژ کردووە و پارێزەری سەروەریی خاکەکەی بووە. 
هەرێمی کوردستان بە ژیرانەترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم جەنگەدا کردووە، نەک لەبەر لاوازی، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئێمە نیشتمانێکمان هەیە کە ئاوەدانمان کردووەتەوە و دەمانەوێت هەمووان لەژێر سێبەری ئارامیدا گەورە بن. 

 سەرۆک بارزانی پەیامێکی مێژوویی و نەتەوەیی، وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەم غەدرە گەورەیە، ڕاستییەکی زۆر گەورەی وەبیر هەمووان هێنایەوە کاتێک گووتی: "پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە." ئەم گووتەیە گوزارشت لە ڕاستییەکی قووڵی نەتەوەیی دەکات. 

پێشمەرگە ئەو هێزە پیرۆزەیە کە لە تاریکترین ڕۆژەکاندا، کاتێک جیهان لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆری داعشدا دەلەرزی، بە سینگی خۆی بەرگری لە مرۆڤایەتی کرد. ئەمڕۆش کە دەکرێتە ئامانج، تەنها لەبەر ئەوەیە کە ئەو هێزە ڕێگرە لەوەی کوردستان ببێتە حەوشەی پشتەوەی ئەجێندا غەریبەکان.

ئەم هێرشانە نەک تەنها کوردستان لاواز ناکەن، بەڵکو یەکڕیزی و نەتەوەییبوونمان تۆکمەتر دەکەن. هەموومان بە شانازییەوە لە پشت هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەوەستین، چونکە ئەوان پارێزەری شکۆ و سەروەریمانن. با دوژمنان بزانن، کوردستان وەک چیاکانی سەربەرز دەمێنێتەوە و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو چراگرە بکوژێنێتەوە کە بە خوێنی شەهیدان داگیرساوە

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP