دواین هەواڵ

ئیسرائیل، و قوڵبوونەوەی لە ئاڵنگارە سیاسیەکاندا

‌چنور جەعفەر ئەحمەد

20/06/2024

مامۆستا لە زانکۆی سۆران

قەیرانەکان لە بارەی دۆخی سیاسی ناخۆیی ئیسرائیلەوە تادێت بەرەو قوڵبوونەوە دەڕوات، لەم ووتارەماندا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینەسەردۆخی ناوخۆیی ئێستای ئیسرائیل دوای دەستلەکارکێشانەوەی بێنی گانتز Benjamin "Benny" Gantz.  پاش ئەوەی لە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری جەنگی کابینەکەی بنیامین ناتانیاهۆ. بێنی گانتز، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حکومەتی یەکگرتوویی فریاگوزاری ڕاگەیاند، کە دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر پێکهاتبوو.

هەرچەندە بڕیاربوو کە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە لە ٨ ی حوزەیران بەڕێوە بچێت. بەڵام بەهۆی ڕزگارکردنی چوار بارمتەی ئیسرائیلیەوە دواخرا بۆ ڕۆژی دواتر. هەروەها ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٧٠ قوربانیی فەلەستینی لێکەوتەوە، هاوکات بوو لەگەڵ ئەو وادەیەی کە گانتز مانگێک پێشتر بۆ نەتانیاهۆی دیاریکردبوو بۆ بەدیهێنانی زنجیرەیەک داواکاری، لەنێویاندا پێشکەشکردنی پلانێک بوو بۆ غەززە لە دوای جەنگ. بەڵام نەتانیاهۆ ڕەتیکردەوە داواکارییەکانی گانتز جێ بەجێ بکات. هەرئەمەش بووە هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی گانتز لەکابینە هاوپەیمانیە جەنگیەکەی نەتانیاهۆو، ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی یەکگرتوو بنکەفراوان لەئیسرائیلدا.

جگە لەوەی پێدەچێت دەستلەکارکێشانەوەی گانتز، زیاتر متمانەی نەتانیاهۆ لەئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا تێکبدات. لە ناوخۆدا هەرچەندە دەنگی زۆرینەی نەتانیاهۆ لە کنێستدا جێگیرە، بەڵام بەدەریش نیە لەو فشارانەی لە ئێستادا، لەلایەن بەرەی هاوپەیمانە ڕاستڕەوە ئۆرسەدۆکسی و توندڕەوەکانەوە ڕووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە، کە پێدەچێت فشاریان لەسەر دروست بکەن بۆیەکلاکردنەوەی هەڵوێستێکی جێگیر لە ململانێکاندا. هەربۆیە پێشنیاری وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، ''ئیتامار بن گڤیر'' Itamar Ben-Gvir’s بۆ بەشداریکردن لەم کابینەی جەنگیەدا، پێدەچێت ڕەنگدانەوەی خواستی کوتلە توندڕەوەکانی حکومەتەکەبێت بۆ بەدەستهێنانی کاریگەری زیاتر لەسەر بڕیارەکانی پەیوەست بە شەڕەکانی ئیسرائیل-حەماس، هەرچەندە پێناچێت ئەمە ڕووبدات.

چونکە بە دەستلەکارکێشانەوەی گانتز و دواتریش گادی ئایزنکۆت، حکوومەتە جەنگیەکە ئامادەیە لەبەردەم ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی، بەتایبەت لەکاتێکدا گانتز، پێداگرە لەسەرئەوەی، وەزیرەکانی بەرەی ڕاستڕەوی توندڕەوەکان، نەتوانن دەسەڵاتی زیاتریان بەکاربهێنن لە بابەتە جەنگییەکاندا. هەربۆیە بڕیارەکەی گانتز بوەتەهۆی چڕبوونەوەی ناڕەزایەتییەنێوخۆییەکان لە دژی حکومەت، لەبەرامبەردا خۆپیشاندەران داوای هەڵبژاردنی نوێ و چارەسەرکردنی دۆخی بارمتەکان دەکەن. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، دەستلەکارکێشانەوەی گانتز فشارەکان لەسەر نەتانیاهۆ زیاد دەکات، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە. ئیدارەی بایدن کە وەک وتاربێژێک لە بەرژەوەندی گانتز دەردەکەوێت، پێدەچێت داواکارییەکانی لەسەر نەتانیاهۆ چڕتر بکاتەوە و سەرنجی لەسەرئەوەبێت کە نەتانیاهۆ ناچاربکات بە بەستنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حەماس دا بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخی شەڕەی هەیە بە زووترین کات. هاوکات لە کەناری ڕۆژئاوادا West Bank، دانیشتووانەکەی بەردەوامن لە بەردەوامی هێرشەکانیان بۆسەر فەلەستینییەکان، بەبێ گوێدانە سزاکانی ئەوروپا و ئەمریکا.

هەرچەندە ڕوانگەی ئسرائیلیەکان، بۆ ڕۆیشتنی گانتزو ڕەهەندە سیاسیەکانی شەڕی غەززە، دوو ڕەهەندی جیاوازی لەخۆ گرتووە، یەکێکیان سیاسی و یەک ڕەهەندی نێودەوڵەتییە. دەستلەکارکێشانەوەی گانتز لە حکومەتی بنکەفراوانی، زیاتر متمانەی ناتانیاهۆ تێکدەدات کە لە هەشت مانگی شەڕەکەدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. لە بەرەی ناوخۆدا هیچ شتێک ناگۆڕێت، لانیکەم بۆ ئێستا. ئەوەی پێی دەوترێت ''کابینەی جەنگ'' فۆرماڵی نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکی ڕاوێژکارییە، چونکە حکومەتی ڕاستەقینەی پێکهاتووە لە هاوپەیمانی ڕاستڕەو و زۆرینەی ئۆرسەدۆکسی کە جەنگخوازن و زۆرینەن لە کنێستدا. هەرچەندە ڕوونە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئیدارەی بایدن، وڵاتانی عەرەبی، یەکێتی ئەوروپا، چین، حەز دەکەن هەڵبژاردنێکی خێرا و پێشوەختە لە ئیسرائیل دا ئەنجام بدرێت بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل- حەماس. بەڵام ڕوون نییە کە ئایا زۆرینەی ئیسرائیلییەکان بەڕاستی ڕازی دەبن بە وەستاندنی شەڕەکە لە کاتێکدا حەماس هێشتا کۆنترۆڵی غەززەی کردووە؟

هەربۆیە بەپێی بوونی ئەو دوو ڕەهەندە جیاوازەی ئاماژەمان پێداوە،ڕۆیشتنی گانتز نەتانیاهۆ دەخاتە بەردەم دوو ڕیانی فشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان. هەروەها ئەگەر سەیربکەین داواکارییەکەی بن گڤیر، بۆ بەشداریکردن لەو کابینە جەنگیەی کە هەیە، لەڕووی بەڕێوەبردنی شەڕ یان سەقامگیری هاوپەیمانییەوە تاڕادەیەک بێمانایە. چونکە خودی کابینە جەنگیەکە دوای ڕۆیشتنی گانتز، ڕەنگە بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە. وە ڕەنگیشە ناتانیاهۆ مەکۆیەکی بچووک بۆ بەڕێوەبردنی شەڕ دروست بکات و لەو کابینەیەدا بڕیار دەربکات، کە زۆرینەی دەنگی هەیە و ئەو لایەنانە دەربکات کە زۆرینەیان نیە لە کابینەکەیدا. بەمەش دەتوانێت بەڕێوەبردنی شەڕەکە بگۆڕێت، نەک بەهۆی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسی بن گڤیردا، بەڵکو بەهۆی نەمانی ''گانتز و ئایزنکۆت'' کە هەمیشە کاریان بۆ نەتانیاهۆ کردووە. وەک مەڕی قوربانی، بەمەش فشارە نێودەوڵەتیەکان لەسەر ناتانیاهۆ زیاد دەکات.

لەگەڵ ئەوەی پرسی بارمتەکان لە ژیانی سیاسی و مەدەنی ئیسرائیلدا ستراتیژییە. بەڵام حساباتەکانی نەتانیاهۆ پرسی بارمتەکان ناگرێتەوە، چونکە حکومەتی نەتانیاهۆ چەندین جار ئەوەی خستۆتە ڕوو کە بۆ بریاری سیاسی نایەوێت بکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە. هەرچەندە ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی چوار بارمتەکە لەبەرامبەر ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی فەلەستینی، بە بروای بیبی، بەشێک نییە لە ئاراستەیەکی سیاسی، کە ئامانج لێی پێشوازیکردن بێت، لە تێڕامانێکی گشتیتر سەبارەت بە پرسەکانی ئاگربەست و ئەگەری کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە. چونکە بەدڵنیاییەوە ناتانیاهۆ بەردەوام دەبێت لەهێرشە جەنگییەکانی تا هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. ئامانجەکەشی سێ لایەنەیە: زۆرینەی ڕاستڕەوی ئێستا بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە؛ بێلایەنکردنی ئۆپۆزسیۆنی بێنی گانتز و دوورخستنەوەی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە؛ کۆکردنەوەی دیموکراسی لەگەڵ مسۆگەرکردنی هەڵبژاردنێکی بلۆکی دەنگدەرانی ڕاستی ناسیۆنالیستی و ڕادیکاڵدا ئەنجامبدات.

لەلایەکی تریشەوە بەردەوام بوونی توندوتیژیی دانیشتووان لە کەناری ڕۆژئاوادا، بەتایبەت لە دوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە و پێشتریش، وایکردووە دۆخی کەناری ڕۆژئاوا بەردەوام بەرەو خراپتر بچێت. لە سێبەری شەڕی غەززەدا، دانیشتووان هەستیان بە توانای هێرشکردنە سەر کۆمەڵگا فەلەستینییەکان کردووە. بەجۆرێک تا سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان ٩٦٨  حاڵەتی هێرشی دانیشتوانی لەم ناوچەیەدا تۆمارکردووە، کە تێیدا دە فەلەستینی کوژراون و ٢٣٧ بریندار و موڵک و ماڵی وەک خانوو و ئۆتۆمبێل سووتاون و وێرانکراون، لەنێویاندا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس بێ بەش بوون لەبەرووبومی زەیتوون، کە سەرچاوەیەکی سەرەکی بژێوی فەلەستینییەکانە. هەربۆیە سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دژی سەرکردە توندرەوەکان هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە لەناوچەکەدا. دانیشتوانە چەکدارەکان بەبێ سزا مامەڵە دەکەن و زۆرجار لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەپارێزرێن، یان تەنانەت لە یەکە یارمەتیدەرەکانی ئیسرائیلدا خزمەت دەکەن. دانیشتوانی توندڕەوی وەک وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، بن گڤیر، دەیانەوێت ئامانجەکەیان کە کۆنترۆڵی هەمیشەیی و تایبەتی ئیسرائیلە، لەلایەن جوولەکەکانەوە بەسەر کەناری ڕۆژئاوادا بەرەوپێش ببەن. ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێن، کردەوەکانیان دەبێتە هۆی خوێنڕشتن و توندوتیژی زیاتر و خێراترکردنی دەرکردنی فەلەستینییەکان لەسەر خاکەکەیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP