دواین هەواڵ

جیهان لەنێو پشێویەکی یەکجار گەورەدایە : داهاتوی کورد بەرەو کوێ ؟

‌عادل باخه‌وان

1 رۆژ پێش ئێستا

لە ساڵی ١٩٤٥ وە تائێستا، هەرگیز جیهان لەنێو فەوزایەکی گشتگیری وەک ئێستادا نەبووە. چیتر زلهێزەکانی جیهان بەتەواوی ئاڕاستەی ڕوداوەکان ناکەن، دێمۆکراسیە گەورەکان لەبەردەم هەڕەشەی بێسنوردان، ڕەهەندی ئەخلاقی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لای دوڵەتانی باکوری گلۆبال کاڵدەبێتەوە، بەشێکی زۆری ئەم فەوزایە پەیوەندی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، وڵاتانی باشوری گلۆبال لە خەوهەستاون، بەڵام ناتوانن ببن بە ئەلتەرناتیڤ، بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ڕۆژئاوا کە لەسەر ئیسلامۆفۆبیا دروستبوون دەسەڵاتدەگرنە دەست، چەند دەوڵەتێک بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕۆن و جەنگیش لەبەر دەرگای چەند دەوڵەتێکی دیکەدایە. لەنێو ئەم فەوزا گەورەیەدا چی چاوەڕوانی کوردستان دەکات ؟ لەم پانزە خاڵەی خوارەوەدا، هەوڵدەدەم بەکورتی کۆی ئەم هەلومەرجە نوێیەی جیهانێکی پڕ لە نادڵنیایی، جەنگ و بێ ئاسۆ بۆ ڕونبەکەمەوە.

1. تا ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ڕوینەدابوو، چاوی دونیا لەسەر ڕوسیای پوتین بوو. لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕەخنەی زۆری لێدەگیرا و داوای لێدەکرا کە ئاگربەست لە ئۆکرانیا ڕاگەیەنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی مافی ڤیتۆی لە ئەنجومەنی ئاسایش هەیە، هەموو بڕیارەکانی بلۆکدەکرد. بەڵام کە حەماس پەلاماری ئیسرائیل دەدات و هەزار و دوو سەد ئیسرائیلی دەکوژێت و دواتر ئیسرائیل قەسابخانەیەکی گەورە لە غەززە دروستدەکات، ئیتر چاوی دنیا لەسەر ڕوسیا نامێنێت و دەکەوێتە سەر ئەمەریکایەک کە هەموو بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئاگربەست لە غەززە ڤیتۆ دەکات. پوتین بەلای کەمەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک هەناسە دەدات.

2. ساڵێک دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، جەنگی غەززە هەر بەردەوامە و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکاریەکی بونیەوەیدایە. هاوپەیمانەکانی ئێرانی ئایەتوڵاکان، گورزی زۆر توندیان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرکەوتوەو یەک لەدوای یەک کەوتونەتە سەر ئەژنۆ. حیزبوڵا لە لوبنان لە دوا هەناسەکانیایەتی، ڕژێمەکەی ئەسەد کۆتایی پێهاتوە، میلیشیاکانی عێراق بەسەر کزی دانیشتوون، حوسیەکان سەرقاڵی خوێندنی فاتیحان لەسەر گیانی خۆیان و خودی کۆماری ئیسیلامیش خۆی بۆ ڕوداوە گەورەکە ئامادەدەکات.

3. لەم وەرزە نوێیەدا، چەند هەژموونی روسیا و ئێران لەسەر کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاڵبووەتەوە، هێندەش شانسی تۆخبوونەوەی هەژموونی تورکیا و ئیسرائیل بەهێزدەبێت. تورکیا بەشێک لە خاکی سوریا و بەشێک لە خاکی عێراقی داگیرکردوە و تیایاندا سوپاکەی جێگیرکردوە. ئیسرائیلیش بەشێک لە خاکی سوریا و بەشێک لە خاکی لوبنانی داگیرکردوە و تیایاندا سوپاکەی جێگیرکردوە، بەبێ ئەوەی وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش بتوانن ڕایانگرن.

4. لەڕاستیدا ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕودەدات، ڕێک ئەمانباتەوە سەر ئەو فەوزایەی کە کۆی سیستمی نێودەوڵەتی گرتوتوەتەوە. نەتەوە یەکگرتوەکان کە پاش جەنگی جیهانیی دوهەم دادەمەزرێت، ئەمڕۆ بووە بە گاڵتەجاریی دەوڵەتەکان، بەڕادەیەک کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە دەزگایەکی (بێ کەرامەت) ناویدەبات، هەر لەبەر ئەوەی سکرتێرەکەی داوای ئەوەدەکات کە ئەو قەسابخانەیەی لە غەززە دروستیکردوە ڕایگرێت.

5. نەتەوە یەکگرتوەکان نەک هەر ناتوانێ جەنگی غەززە ڕابگرێت، بەڵکو جەنگی ئۆکرانیاشی بۆ ڕاناگیرێت و لەبەردەم ڤلادیمیر پۆتیندا دەستەوسانە و زۆر بێباکانە لەگەڵ کۆی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا مامەڵەدەکات، چونکە خودی خۆی دەتوانێت بەئاسانی ڤیتۆیان بکات.

6. لەنێو ئەم فەوزا گەورە جیهانیەدا، گەلانی باشور تاسەر ئێسقانیان توڕەن لە دەوڵەتانی باکور کە لەبەرامبەر جەنگی غەززە و جەنگی ئۆکرانیادا، سیاسەتی (بانێکە و دوو هەوا) جێبەجێدەکەن. هەموویان پێکەوە زۆر بەتوندی دژایەتی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە دەکەن، بەڵام هەمووشیان پێکەوە پشتیوانی ئیسرائیل لە داگیرکردنی غەززە دەکەن. سزا نەماوە کە وڵاتانی باکور نەیسەپێنن بەسەر ڕوسیادا، بەڵام هیچ جۆرە سزایەک بەسەر ئیسرائیلدا نەسەپێنراوە. ئەمە وایکردوە کە ڕوبەری توڕەبوونی باشور لە باکور یەکجار فراوانببێت.

7. خۆی لەڕاستیدا خودی زلهێزەکانی سیستمی جیهانی، پێش هەموو لایەک رێز لەو سیستمە ناگرن کە خۆیان دایانمەزراندوە. لە 2003دا کاتێک کە ئەمەریکا بڕیاری داگیرکردنی عێراقی سەدام حوسەین دەدات، هیچ ڕێزێک بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دانانێت و بەپێچەوانەوە، بەبێ شەرعیەتیی نەتەوە یەکگرتوەکان عێراق داگیردەکات. ئیسرائیل و ڕوسیاش هەروائەکەن و لەوە زیاتر هیچیان نەکردوە.

8. لەنێو ئەم فەوزا جیهانیەدا، خودی ئەو وڵاتانەی کە وەک نوێنەرایەتی لە ڕۆحی دێمۆکراسیە گەورەکان پێناسەی خۆیاندەکرد، گومانی گەورەیان لەسەر خۆیان دروستکردوە و بەشێکیشان لەبەردەم ئیمتیحانی سەخت و بەشەکەی دیکەشیان لەبەردەم هەڵدێراندان، بەتایبەتی پاش سەرکەوتنی ئەو بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیە توندڕەوانەی کە لەسەر ئیسلامۆفۆبیا دروستبوون و پێیانوایە ئیسلام هەڕەشەیەکی وجودیە لەسەریان.

9. هەر لەنێو ئەم فەوزا جیهانیەدایە کە، بەپێچەوانەی دەوڵەتەکانی باکوری گلۆبالەوە، لەنێو کۆمەڵگاکانیاندا، چەندین بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی بزوتنەوەی لاوان و خوێندکاران، لە ئەمەریکاوە تا دەگاتە بەریتانیا، دژ بە سیاسەتی بانێکە و دوو هەوای دەوڵەتەکانیان ڕژاونەتە سەر جادەکان. پێرێ، لە ئۆفیسەکەمەوە تا دەگاتە وێستگەی شەمەنەفەری مۆنتپەرناس، خوێندکاران و لاوانی پاریس، بەکوڕو کچەوە، هاواریان بۆ غەززە دەکرد، بەهێزتر لە هاواری کوڕو کچەکانی تونس و میسر و ئوردن و عێراق.

10. لە هۆلۆکۆستەوە تا ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، هەر گیز هێندە جولەکە نەکوژراوە (حەماس و جیهاد لە ٧ی ئۆکتۆبەردا و لەماوەی حەفتاو دوو سەعاتدا، هەزار و دووسەد جولەکەیان کوشت)، بەڵام لە نەکبەشەوە تا جەنگی غەزە، هەرگیزاو هەرگیز هێندە فەلەستینی نەکوژراوە (ژمارەی کوژراوەکان چل و پێنج هەزار کەسی تێپەڕاند)، ئەم کارەساتە نەک هەر دێمۆکراسی، بەڵکو ڕەهەندە ئەخلاقیەکەی مرۆڤبوونیش لە جیهاندا دەخاتە ژێرپرسیارەوە !

11. هەر لەنێو ئەم فەوزایەدایە کە مرۆڤایەتی هیچ ئاسۆیەکی دیکەی وەک ئەلتەرناتیڤ لەبەردەمدا نیە، چونکە وڵاتانی BRICS بەگشتی و چین بەتایبەتی نەئەیانەوێت و نەئەشتوانن ئەو بۆشاییە گەورە سیاسی و ئەخلاقیە پڕبکەنەوە کە لاوازبوونی وڵاتانی باکور دروستیکردوە. ئەوەی بۆ چین گرنگە تەنها و تەنها سیانەی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابوریە و جگە لەمە پارادیگمێکی دیکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهاندا نیە.

12. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کە وڵاتانی باشوری گلۆبال ناتوانن گرفتی گەورە بۆ وڵاتانی باکوری گلۆبال دروستبکەن. بەپێچەوانەوە، ئەفریقای باشور، لەڕێگای دادگای نێودەوڵەتیەوە، توانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بدات بەدادگا و فەرمانی دەستگیرکردنی بدرێت بە ئەنتەرپۆل. بەڵام ئایا ئەم گرفتانە، دەتوانن دەستکاری سروشتی پەیوەندیەکانی هێزبکەن ؟ بێگومان نەخێر، تەنها لە پەراوێزدا نەبێت.

13. هەر لەنێو ئەم فەوزا گەورەیەدایە کە میسر و تونس گەڕاونەتەوە بۆ خراپتر لەسەردەمی موبارەک و بن عەلی، لیبیا و یەمەن و سودان ئاوات بەسەردەمی قەزافی و عەلی عەبدوڵا ساڵح و عومەر حەسەن بەشیر دەخوازن. سوریای پاش دیکتاتۆریەتی خانەوادەی ئەسەد لەبەردەم هەموو سیناریۆکاندایە. عێراقی برا شیعەکان لە ترس و لەرزێکی ڕۆژانەدایە.

14. لوبنان کە جاران سویسرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستبوو، ئەوە چەند ساڵە بێ سەرۆککۆمارە، حکومەتەکەی دەستی لەکارکێشاوەتەوە، بانکی ناوەندی بەرپرسێکی کاتیی هەیە، نیوەی ڕاستی لوبنانیەکان لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن، لاوان پۆل پۆل وڵات بەجێدەهێڵن، هەر لوبنانیەک کە پارەی لە بانکدا دانابێ بۆ هەمیشە لەدەستی چوە و چیتر ناتوانێ وەریبگرێتەوە، ئەنتەرپۆل بەدوای دەستگیرکردنی حاکمی پێشوی بانکی ناوەندیدا دەگەڕێت. سەرنوسەری ئۆریان لۆ ژوری لوبنانی ئەڵێت : ئێستا لە هەموو کات زیاتر، لوبنان لەبەردەم دابەشبوون بەسەر چەن دەوڵەتێکدایە.

15. لەکۆتایشدا و هەر لەنێو ئەم فەوزایەدا، هەروەک چۆن هیچ ئاسۆیەک لە ئارادانیە بۆ چارەسەکردنێکی ڕەوای پرسی فەلەستینی، ئاواش هیچ پرۆژەیەکی جددی لەئارادانیە بۆ چارەسەرکردنێکی سەرتاسەری پرسی زیاتر لە پەنجا ملیۆن کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە دۆخێکی ئاوادا دەستەبژێری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەردەم ئیمتیحانێکی زۆر گەورەدایە کە بریتیە لە : چۆنیەتی ئیدارەکردنی پەیوەندیەکانی هێز لە جیهانێکدا کە فەوزا باڵی بەسەردا کێشاوە، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەیان بپارێزن. کوردەکان دەبێت تێبگەن لەوەی کە ٢٠٠٣ کۆتاییهاتوە و گەر خۆیان لەسەر ئەلفوباکانی پاراستنی خۆیان ڕێنەکەون، چیتر تاسەر هیچ زلهێزێک لێرەنابێ بۆ پاراستنیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP