دواین هەواڵ

کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟

‌به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

18 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆک کۆماری تورکیا (ئەو دەوڵەتەی ئەندامی ناتۆیە) هەڕەشەی ناشتنی کورد دەکات لە ڕۆژئاوای کوردستان. دوور لە هەڵچوون لە توانادایە بسەلمێندرێ کە دۆخی ئەردۆگان چەندین جار خراپترە لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان (ئەوە ڕۆژئاوای کوردستانە نەک هەسەدەو ئەنەکەسەو… تاد). دەرفەت لەبەردەم ڕۆژئاوای کوردستان زیاترە وەک لە ئەردۆگان، مەترسییەکانی سەر ئەردۆگان گەورەترن لە مەترسییەکانی سەر کورد لە رۆژئاوا :

یەکەم/ ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ئەردۆگانیان قبووڵ نییە (هەرگیز ئیسرائیل متمانە بە تورکیایەک ناکات یان پەیوەندیی لەگەڵ تورکیایەک ناگرێت کە ئەردۆگان سەرۆکی بێت)، کەواتە لە ئیدارەی ترامپیش دۆخی تورکیا بەو جۆرە باش نابێت کە چاوەڕوان دەکرا.
دوەم/ لیرەی تورکی چواردە ساڵ پێش ئێستا: 100 لیرە بە 100 دۆلار بوو، ئەمڕۆ 3600 لیرە بە 100، دۆلارە، یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق دوو هێندەی یەدەگی بانکی ناوەندی تورکیایە! دوو ساڵیش زیاترە ڕێژەی هەڵئاوسان لە تورکیا گەیشتوەتە (70%) و تێشی پەڕاندوە. ئەوانەی لە سوریا شەڕ بۆ ئەردۆگان دەکەن بە پارە شەڕ دەکەن.

سێهەم/ تێچووی ساڵانەی تەنها کڕینی گازی سرووشتی لە تورکیا لەنێوان (55- 60 ) ملیار دۆلارەو ئەمساڵ زیاتریش دەبێت. ئەردۆگان هیوایەتی ئەوەیە ئیسرائیل گازی پێ بفرۆشێ، تا هەم لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیەوە دەرفەتێک بخووڵقێنێت و هەم لەو قەیرانی گازی سرووشتییە قوتاری بێت. ئەوە لەکاتێکدایە پێشووتر گاز بە مل تورکیادا دەچوو بۆ ئیسرائیل!

چوارەم/ ئەوەی بۆ ئیسرائیل چوە سەر لە غەزە ژن و مندال بکوژێ و تاوانی جەنگ ئەنجام بدات، بۆ ئەردۆگان ناچێتەسەر؛ نە تورکیا ئیسرائیلەو نە ئەردۆگان ناتانیاهۆیە.

پێنجەم/ لەهەمووی ترسناکتر بۆ ئەردۆگان ئەوەیە ڕووسیا بە خیانەتکار ناوی بردوە، پووتین لەداخی ئەو لە دوو هەفتەدا سێ جار پاڵپشتی بۆ کورد دووپات کردۆتەوە. ئەمە بێجگەلەوەی دەوڵەتی قووڵ لە ئێران ئەو ئافاتەی بیرناچێتەوە کە تورکیا لەناوەختدا لە ئیدلبەوە فورسەتی لێ هێنا.

شەشەم/ ئەردۆگان لە هەڵبژاردنی پێشوو بە جەهەپە دۆڕا؛ ئەمجارەش دوور نییە بەهۆی زیاتر دەستوەردانی لە سوریاو هەڕەشەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانەکەی “مەهەپە” لێک جیانەبنەوە! چوونکە پرسی ئاشتی و بینینی ئۆجەلان و ڕاگرتنی شەڕ پرۆژەی سەرۆکی مەهەپە “دەوڵەت باخچەلی” یە.

حەوتەم/ دوای 10 ساڵ ناکۆکیی نێوان تورکیاو ئیماراتی عەرەبی لە 2021 پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە: چەندین بۆندی ئابوریی گەورە لەگەڵ ئیمارات لەو دوو ساڵەدا واژۆرکرا، بەڵام بەمدواییە ویستی ئیمارات ئەوەبوو کە ئەسەد نەڕوخێ: دوور نییە پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیماراتی عەرەبیش تێک نەچێتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دەبیندرێ فەڕەنساو ئەمریکا ئامادەییەکی باشیان لە سوریاو لە پشت کوردەوە هەیە، ئیسرائیل و ئێران تاکە شتێک لەسەری کۆک بن ئەوەیە هیچیان ڕای خراپیان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان نییە. وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنساو ئەڵمانیاو ئەمریکاو ئیسرائیل و یۆنان و ڕووسیا لەماوەی سێ هەفتەدا بە درووستی و باشی ئاماژەیان بە مافەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کردوە. تاوەکو قەتەر بە دەستی پارە بداتە هەیئەی تەحریری شام لەبەرانبەردا پەلە نەکەن ئیماراتی عەرەبیش بە گونیە پارە دەنێرێ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

تەنانەت سیناتۆرە ئەمریکییەکانیش دەزانن بابەتەکە هەڕەشەیە لە کورد نەک پەکەکەو مەکەکەو…تاد، ئەو ساڵە یابان دوو ژووری تەرخان کردبوو بۆ خوێندنی کوردیی لە ئەوروپاوە ئەردۆگان هەڕەشەی لە یابان دەکرد! باشترین کارێک ڕۆژئاوای کوردستان بیکات، ئەوەیە کە خۆی داببڕێت لە پەکەکە، چوونکە جگەلەوەی بیانوو دەداتە تورکیا، ئیدارەی ئەمریکاو ئیسرائیل ناکۆکن بە ئایدۆلۆژیای پەکەکە، ئەمریکا لە دەساڵی پێشوودا پارێزەری کوردی ڕۆژئاوابوە، بە بڕوای درووستکەرانی بڕیار لە ئەمریکا ئەگەر پەکەکە لە ڕۆژئاوا بێت واتە ئێران لەوێیە! لەوەش زیاتر ڕۆژئاوای کوردستان لۆبییەکانی لە واشنگتۆن زیاتر بکات، توڕەییەکانی پۆتین بەرانبەر تورکیا سوود لێوەربگرێت، لەگەڵ شام نەرمی بنوێنێ ؛ لێ بەناوی نووسینەوەی دەستورو سەرپێخستنی یەک هێزی سەربازیی لە سوریا سابوون نەخرێتە ژێر پێی! چوونکە لەهەموو شتێك گرینگتر ئەوەیە چەک بەدەست کوردەوە بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP