دواین هەواڵ

ئەگەر تڕامپ ببێتەوە بە سەرۆك چی چاوەڕێی توركیا دەكات؟

‌كارزان گلی

24/07/2024

چارەنووسی یەپەگە چی لێ دێت؟

جارێ زووە باس لە بردنەوەی دۆناڵد تڕامپ لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بكرێت، بەڵام توركیا زۆر بە هەستیاری و وردییەوە دەڕوانێتە هەڵبژاردن و حكوومەتی ئاكەپە، چاوەڕێیە تڕامپ سەركەوتوو بێت و پەیوەندی ئەمریكا و توركیا بچێتە قۆناغێكی ترەوە. ئایە ئەو ناكۆكییەی لە نێوان ئەمریكا و توركیا هەیە لەبارەی شەڕی غەززە، بە هاتنی تڕامپ دەڕەوێتەوە؟
دوای ئەوەی جۆ بایدن، كشانەوەی خۆی لە بەربژێری هەڵبژاردن راگەیاند، چەند بۆچوونێكی سیاسی پێیانوایە، تڕامپ لە بردنەوە نزیكە، توركیاش لە رێگەی میدیا و سیاسییەكانییەوە، چاوەڕێی ئەوەیە، تڕامپ بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆك.

بایدن، لە ماوەی چوار ساڵی خولی سەرۆكایەتییەكەیدا، بۆ یەكجاریش رەجەب تەییب ئەردۆغانی داوەتی كۆشكی سپی نەكردووە، ئەمە بەرپرسانی حكوومەتی توركیای نیگەران كردووە و دەڵێن، لە سەردەمی بایدندا، پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا لەوپەڕی خراپیدا بووە.

دوو رۆژ دوای ئەوەی تڕامپ لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بوو، ئەردۆغان پەیوەندی پێوە كرد و پێی گوت، دڵگرانم كە ویستیان تیرۆرت كەن، هەروەها گوتی، ئەوەی بەرامبەر بە تڕامپ كراوە، پەلامارە لە دیموكراتی ئەمریكا.
هەروەها كاتێك لە قوبرس گەڕایەوە، لەناو فڕۆكە رۆژنامەنووسان لێیان پرسی، قۆناغی باشتربوونی پەیوەندی ئەمریكا و توركیا كەی دەستپێدەكات؟ ئەردۆغان، پێیوابوو ئەو پەیوەندییە پەیوەستە بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمریكا و گوتی وای بۆ دەچم لە بەرژەوەندی توركیا كۆتایی بێت.

ئەم گوتانەی ئەردۆغان، بەئاشكرا روونە، كە توركیا چاوەڕێیە تڕامپ لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتوو بێت.

بایدنی دیموكراتەكان یان تڕامپی كۆمارییەكان؟

ئاڵپەڕ جۆشكوون، لێكۆڵەر و شڕۆڤەكاری سیاسی، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (DW)ی توركیا، پێیوایە توركیا هەموو كاتێك لە سەردەمی كۆمارییەكاندا توانیویەتی قسە بكات و بەشێوەیەكی زۆر فراوان پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا برەو پێبدات.

ئەو باس لە بایدنیش دەكات، كە بەر لەوەی ببێتە سەرۆكی ئەمریكا و دوای بوونیشی بە سەرۆك، بۆشاییەكی لە نێوان خۆی و ئەردۆغاندا دروست كردووە، هەروەها كاتێك كۆمەڵكووژی ئەرمەنییەكانیشی بەفەرمی ناساند، زیاتر لە توركیا دوور كەوتەوە.

راستە ئەردۆغان، لە سەردەمی تڕامپدا، چەند جارێك ئەوی بینیوە و پەیوەندییەكان بەردەوامی هەبوو، بەڵام هەڵوێستی خراپی تڕامپیش بەرامبەر بە توركیا كەم نەبوو، بەتایبەت چەند جارێك توركیای هەڵخەڵەتاند و سزای ئابووری بەسەردا سەپاند، بۆیە جۆشكوون پێیوایە، ئەگەر حكوومەتی توركیا پێیوابێت لە سەردەمی تڕامپدا پەیوەندی توركیا و ئەمریكا زۆر باش و بێكێشە دەبێت، بە هەڵەدا چوون.

تڕامپ لە سەردەمی سەرۆكایەتییەكەیدا دووجار ئەردۆغانی داوەتی كۆشكی سپی كرد، بەڵام بایدن بۆ یەكجاریش ئەردۆغانی داوەتی كۆشكی سپی نەكرد.

ئەمە بەو مانایە نییە، تڕامپ هەموو داواكارییەكی توركیای جێبەجێ كردووە، نەخێر توركیا لە سەردەمی تڕامپدا پێنج جار سزا دراوە، بەتایبەت كاتێك قەشە بڕۆنسۆنی ئەمریكی لە توركیا بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر كرا و تڕامپ داوای ئازادكردنی كرد و ئەردۆغان بۆ چەند مانگێك داواكەی تڕامپی رەتكردەوە، هەروەها كاتێك توركیا بڕیاریدا مووشەكی بەرگری S400 لە روسیا بكڕێت و ئەوكات ئیدارەی تڕامپ، توركیای سزادا و هەر ئەو سزایانەش بوو بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دابەزاند و ئێستاش لیرەی توركی نەیتوانیوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت.

ئەو نامەیەش هەرگیز لە زیهنی تاكی توركیا ناسڕێتەوە، كاتێك بەهۆی داكۆكی ئەردۆغان لە كڕینی مووشەكی بەرگری S400 لە رووسیا، تڕامپ بۆ ئەردۆغانی نووسیبوو“گەمژە مەبە و عاقڵ بە“
ئەمریكا لە سووریا دەكشێتەوە؟

ئەنكەرا، ئەگەری ئەوەی داناوە، ئەگەر تڕامپ ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، بە تەواوی لە سووریا دەكشێتەوە، بەمەش كۆتایی بە یەپەگە دێت لە سووریا.

لە ١٩ی ١٢ی ٢٠١٨، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان تڕامپ و ئەردۆغان، تڕامپ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانیدا لە سووریا، بەڵام دوای ئەوەی پەنتاگۆن و دەزگای هەواڵگری ئەمریكا دەستوەردانیان كرد، تڕامپ لە بڕیارەكەی پەشیمان بووەوە.

ئەندازیاری پلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموكراتەكانن و هەر لە سەردەمی باراك ئۆباما بوو، كە هێزەكانی ئەمریكا چوونە رۆژئاوای كوردستان و پشتگیری خۆیان بۆ یەپەگە دووپات كردەوە دژی گروپی تیرۆرستی داعش، بەڵام لە ئەگەری ئەوەی تڕانپ ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، هەموو دەرگایەك كراوەیە و رەنگە بڕیاری كشانەوە بدات.

لە سەردەمی تڕامپدا، سەرەڕای نیگەرانییەكانی توركیا، پشتگیری لە یەپەگە دەكرد، بەڵام پەكەكەی وەكوو رێكخراوێكی تیرۆرستی و مەترسی ناساند، بۆیە چاوەڕوانی توركیا لە تڕامپ بۆ كشانەوە، بەو شێوەیە نییە كە میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، تڕامپ هەموو شتێك بە دڵی توركیا ناكات، بەتایبەت كاتێك دەزانێت ئەوكاتەی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانیدا، لە لایەن ئەورووپا و دۆستەكانی ئەمریكاوە چی رەخنەیەكی لێگیرا و چۆن سەرزەنشت كرا.
تاوەكوو ئێستا نازانرێت بۆچی میدیای سەر بە ئاكەپە، دڵخۆشە بەوەی تڕامپ ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، لە كاتێكدا لە سەردەمی تڕامپدا، توركیا پێنج جار سزای ئابووری بەسەردا سەپێنراوە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP