دواین هەواڵ

جیهان‌

 22/07/2024

دوای هەشت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوانیان هەردوو وڵاتی سودان و ئێران دەستیپکردەوە

هەرێم نیوز

دوای هەشت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوانیان هەردوو وڵاتی سودان و ئێران، ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان و باڵیۆزی وڵاتەکانیان رەوانەی خاکی یەکتر کرد.

حکومەتی سودان ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە سەرکردەی سوپای سودان عەبدل فەتاح ئەل بورهان پێشوازی لە باڵیۆزی ئێران کرد و باڵیۆزەکەی خۆی ڕەوانەی تاران کرد، ئەمەش دوای هەشت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا سودان و ئێران ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی نێوانییان، لە کاتێکدا کە حکومەتەکەی سەر بە سوپای سودان هەوڵی دەستکەوتنی هاوپەیمانی دەدا لە جەنگەکەیدا دژی هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازیی.

حکومەتی سودان کە پشتگیری لە سوپا کردووە لە شەڕە 15 مانگەییەکەیدا دژی هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازیی، لە بەیاننامەیەکدا وتی بورهان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئێران حەسەن شا حوسەینی کردووە لە پۆرت سودان.

شاری پۆرت سودانی سەر دەریای سوور بووەتە شوێنی نافەڕمی دانیشتنی حکومەت دوای ئەوەی خەڕتوومی پایتەخت بەهۆی شەڕەوە کاول بوو.

جێگری وەزیری دەرەوەی سودان حوسەین ئەل ئەمین وتی " ئەمە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە ئاڕاستەی پەیوەندییە دوو لایەنییەکەی نێوان دوو وڵاتەکەدا." ئەمەش دوای ئەوەی بورهان باڵیۆزە نوێیەکەی عەبدلاعەزیز حەسەن ساڵحی ڕەوانەی ئێران کرد.

لە ساڵی 2016 دا سودان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا پچڕاند، ئەوەش وەکو دەربڕینی پشتیوانییەک بۆ سعودیە، دوای ئەوەی باڵیۆزخانەکەی سعودیە لە تاران هێرشی کرایە سەر. هێرشەکەش دوای ئەوە بوو کە مەلایەکی دیاری شیعەکان لە سعودیە کوژرا.

چەندین هاوپەیمانی سعودیە لە ناوچەکەدا پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئێراندا پچڕاند.

بەڵام لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا ڕیاز و تاران ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانییان ڕاگەیاند، ئەوەش دوابەدوای ڕێککەوتنێک کە لەلایەن چینەوە سەرپەرشتی کرا.

ئێران لەو کاتەوە هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی باشتر یاخود ئاسایی بکاتەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دراوسێیدا.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو سودانەوە لە مانگی چواری ساڵی 2023 دا، چەندین زلهێزی دەرەکی پشتگیرییان لە هێزەکانی دژ بە حکومەتی سودان و سوپا کردووە.

لە مانگی دوانزەدا سودان دیبلۆماتکارانی ئیماڕاتی دەرکرد، ئەوەش لەسەر ئەوەی کە گوایە ئیماڕات چەکی داوە بە هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازیی.

ئیماڕات ڕەتی کردووەتەوە پشتگیری لە لایەنێکی شەڕی ناوخۆی سودان کردبێت.

میسڕ و تورکیا پشتیوانییان لە سوپا کردووە. لە مانگی دوودا ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گواستنەوەی بارە چەکەکان لە ئێرانەوە بۆ سوپای سودان.

لە دەوروبەری ئەو کاتەدا سوپا دوای چەندین مانگ لە شکست لەسەر دەستی هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازیی، چەند ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵ کردەوە.

سودان لەمدواییانەشدا لە ڕووسیا نزیک بووەتەوە، کە شارەزایان دەڵێن دووبارە بیری لە پەیوەندییەکانی پێشووی کردووەتەوە لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازییدا، کە پەیوەندییان هەبووە لەگەڵیدا لە ڕێی گروپی سەربازیی بەکرێگیراوی ڤاگنەرەوە.

سودان لە ژێر سەرۆکایەتی عومەر ئەل بەشیری پێشوودا کە لە ساڵی 2019 دا دوورخرایەوە، پەرەی بە پەیوەندییەکی نزیکدا لەگەڵ دەسەڵاتە ڕۆحانییەکەی ئێراندا.

جەنگەکەی ناو سودان بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس، هەندێک دەڵێن ژمارەی کوژراوەکان لەو جەنگەدا نزیکەی 150,000 کەسە، ئەمەش بەپێی نوێنەری ئەمەریکا لە سودان تۆم پێریلۆ.

هەروەها بووەتە هۆی دروستبوونی خراپترین قەیرانی ئاوارەبوون لە جیهاندا، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 11 ملیۆن کەس لە سودان ئاوارە بوون، هەروەها وڵاتەکەشی خستووەتە سەر لێواری برسێتییەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP