دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

شاخەوان عەبدوڵڵا: پڕۆسەی بایۆمەتری لە ھەرێم بەردەوامە و لە ئێستادا لە حاڵەتی ڕێککەوتن دایین لەگەڵ بەغدا

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو تێبینیانەی لەسەر موچە ھەن ھی ئەوە نین موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕابگرن و ھیچ پاساوێک نییە بۆ ڕاگرتنی موچە، بۆیە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر خەت دەبین بۆ ئەوەی ئەو تێبینیانەی ھەن چارەسەر بکرێن و لە ئێستادا لە حاڵەتی ڕێککەوتن دایین.

د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەمە بە میدیای فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاند، "ئێمە بابەتێکمان ئامادە کردبو بۆ ئەوەی  فراکسیۆنە کوردییەکان و وەزیرە کوردەکان و سەرۆک کۆماری عێراق و دکتۆر فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دو مەبەست کۆ ببنەوە، یەکەم شاییستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، دوەمیش چەند پرسێکی دیکە باس بکرێت، بۆیە کۆبونەوەیەکی گرینگ ئەنجامدرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەبەر ئەوەی دو مانگ بو فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان موچەیان وەرنەگرتبو، کە ئەوە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، لەبەر ئەوە بڕیاردرا نابێت ھیچ بیانوەک ببێتە ھۆی ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، چونکە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان پێویستە هەمو مانگێك موچەكانیان خەرج بکرێت، ئەو تێبینیانەشی کە ھەن بچوکن و ناکرێت ببنە ھۆی ئەوەی موچە ڕابگیرێت بڕیارە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق کۆببینەوە و خاڵەکانی پێشتر لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆی لەسەرکراوە.

د. شاخەوان عەبدوڵا باسی لەوەشكرد، ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەى پەروەردەی کەرکوکیش کە سەر بە ھەرێمی کوردستانن و موچە لە ھەرێمی کوردستان وەردەگرن، ئەوانە دو موچە وەرناگرن، یەکێک لە ھەرێم بێت و یەکێک لەبەغدا، لەبەر ئەوەی لە ساڵانى پێشو زۆر ھەوڵدرا ئەوانەش بۆ موچە وەرگرتن بکەونە سەر عێراق، بەڵام ھەر ئەوان ئەوەیان قەبوڵ نەکردوە، بۆیە ئەوە ناکرێت ببێتە بیانو بۆ ئەوەی موچەیان ببڕێت پێویستە وەزارەتی دارایی ئەوە چارەسەر بکات.

ئەوەشی خستەڕو، "لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقیش قسەم کردوە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لیستێکی ناوی ئەو فەرمانبەرانەمان بۆ ڕەوانە بکات، کە دەکەونە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کە ناوی چواری تێدابێت و تێبینییەکانیش باس بکەن، بۆ ئەوەی ئەو گرفتەش چارەسەر بکرێت".

د. شاخەوان عەبدوڵا ئەوەشی ڕونكردەوە، لە ئێستادا لە حاڵەتی ڕێککەوتن دایین لەبارەی بابەتی بایۆمەتری،  ئەو کەسانەشی کە تاوەکو ئێستا بایۆمەتریان نەکردوە مانای ئەوە نییە بونیان نییە، بۆیە پڕۆسەی بایۆمەتری لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و ڕۆژانە پڕۆسەکە ئەنجام دەدرێت، ئەوانەشی کە ماون نزیکەی 100 ھەزار فەرمانبەر دەبن، پێموایە ئەوانیش تا نزیکەی دو مانگی دیکە تەواو دەبن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP