دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

توێژینەوەیەکی زانکۆی کوردستان؛ گرنگیی هێزەکانی پێشمەرگە و کەرتی وزە لە پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمدا دەخاتەڕوو

هەرێم نیوز

لە توێژینەوەیەکی زانستیی نوێدا لە زانکۆی کوردستان-هەولێر (UKH)، نامەیەکی ماستەر سەبارەت بە کاریگەرییە جیۆپۆلەتیکییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەهەندەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەسەر ئاستی دەرەوە تاوتوێ کرا.

 توێژەر و میدیاکار "فرسەت سەید شکور" لە نامەی ماستەرەکەیدا کە بە ناونیشانی "شیکارییەک بۆ کاریگەریی جیۆپۆلەتیکیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لە دەرەوە"یە، شیکارییەکی زانستیی گشتگیری بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خستووەتە ڕوو.

بەپێی دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە، هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ستراتیژییەکانی "پارادیپلۆماسی"، بنیاتنانی هاوبەشییە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی ئابوورییەوە، توانیویەتی پێگەیەکی دیپلۆماسیی بەهێز لە ناوچەکەدا دروست بکات.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی تیرۆردا بووەتە هۆی دروستکردنی پەیوەندییەکی ئەمنیی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا.

لە پاڵ ئەوەشدا، پێگەی جوگرافی و سەرچاوەکانی وزە وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم وەک نێوەندگیرێکی سەقامگیری ڕۆڵیان بینیوە. 

لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەدا، توێژەر چەندین ڕاسپاردەی بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم پێشکەش بە ناوەندەکانی بڕیار کردووە، کە دیارترینیان بریتین لە بەدامەزراوەییکردنی نیشتمانیی هێزەکانی پێشمەرگە، هەوڵدان بۆ داڕشتنی دەستوورێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، و گرنگیدانی زیاتر بە پرۆسەی هەمەچەشنکردنی ئابووری لە ڕێگەی پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیارییەوە لە پاڵ کەرتی وزەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP