لە پاش کەوتنی ئەسەد، کێبرکێی تورکيا و ئيسرائيل لەسەر دابەشکردنی ناوچەی هەژموون لە سوريا دەستی پێکرد. تورکيا پێی وابوو ئيسرائيل تەنيا بە باشووری سوريا (لە باشووری پارێزگای ديمەشق تا قونەيترە) ڕازی دەبێت وەک ناوچەی هەژموون و کردنی بە ناوچەیەک خاڵی لە چەکی قوورس، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ تورکيا. سەرەتا وا دەردەکەوت کە جۆرێک لە ڕێککەوتن یان تێگەيشتن هەیە لەسەر ئەو دابەشکردنە، بەڵام هەر زوو دەرکەوت ئيسرائيل پڕۆژە و داواکاریيەکانی فراوانترە.
ئەو داواکارييانە لەسەر دوو ئاست بوو: ئاستی یەکەم کۆی سوريا دەگرێتەوە، بەوەی نابێت سوپایەکی بەهێز و گەورەی هەبێت. ئاستی دووەم بريتييە لەوەی ناوچەی هەژموونی ئيسرائيل فراوانترە لە باشووری سوريا (باشووری ديمەشق و دەرعا و قونەيترە و سوەیدا)، لە ئێستادا کێبرکێکە نەک لەسەر هەموو ديمەشقە، بەڵکو لەسەر پارێزگای حيمسە. ئەگەر حيمس ببێتە ناوچەی هەژموونی ئيسرائيل، ئەوا تورکيا تەنيا پارێزگاکانی حەما و ئيدلب و حەلەبی بۆ دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا رەقە و دێرەزوور و حەسەکە ناوچەی هەژموونی ئەمريکایە، ڕۆژئاوای کوردستان پێکدێنێت. ڕۆژئاوای سوريا، کەناری دەریای سپی ناوەڕاست، لازقيە و تەرتوس، جارێ یەک لانەبووەتەوە ئایا دەبێتەوە بە ناوچەی هەژموونی ڕووسيا یاخود چارەنووسێکی تری دەبێت. یەک لابوونەوەی ناوچەی حيمس بۆ ئيسرائيل، ئەوا تورکیا دەکاتە هێزی سێيەم لە سوريا، لە پاش ئەمريکا و ئيسرائيل.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکييەکانی بەشداریکردنی تورکيا لە پێشنيار و پڕۆسەکەی تڕەمپ بۆ غەززە ئەم خاڵە بوو. بە پێی پێشنيارەکە هێزێکی نێودەوڵەتی درووست دەکرێت بۆ بەرێوبردنی غەززە لە پاش حەماس، سوپای تورکيا بەشدار دەبێت لەو هێزە نێودەوڵەتييە، وا ديارە ئيسرائيل ئەوەی ناوێت. تورکيا دەيەوێت لە ریگەی غەززەوە فشار لە ئيسرائيل بکات بۆ دەستبەردار بوون لە حيمسی سوريا. لەبەرانبەردا، بە پێی هەندێک سەرچاوەی ناوخۆی سوريا، ئيسرائيل دەستی بە جموجۆڵ کردووە لە تەنەفی سوريا، کە سەربازگەیەکی ئەمريکا و هاوپەيمانانی لێيە، گوایە دەيەوێت لەوێ شوێنی خۆی بکاتەوە و بە ئەمريکای راگەیاندووە لە ئەگەری کشانەوەی ئەوان لە سوريا، سەربازگەکە بدرێت بە سوپای ئيسرائيل.
گەيشتن بە تەنەف، واتە سوپای ئيسرائيل دەگاتە حيمس و سنووری عيراق-سوريا، ئەو کات ئەگەری گەيشتن بە دێرەزوو و رۆژئاوای کوردستان ئاسانتر دەبێت. لە دوو ڕۆژی ڕابوردوو ئيسرائيل کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە وەک پەيام کە غەززە لە ژێر دەسەڵاتی ئيسرائيلە؛ نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادارکردەوە لەوەی دەبێت چۆن و چ بڕیک هاوکاری بنێرنە غەززە، واتە نەتەوە یەکگرتووەکانيش دەبێت بە مۆڵەت و ڕەزامەندی ئيسرائيل بەشداربن لە هاوکارييە مرۆییەکان بۆ غەززە. هاوکات، ميسری ئاگادارکردوەتەوە کە دەبێت مۆڵەت و ڕەزامەندی ئيسرائيل هەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەشدار دەبن لە بەڕێوبردنی غەززە. ئەم هەنگاوانە ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی بە فەرمی ڕايبگەيەنێت کە سەربازی تورکی بۆی نييە بێنە غەززە، مەگەر تورکيا سازشی زیاتر بکات لە سوريا، بە تايبەت لە حيمس.
لە دوای ئاگربەستەکەی غەززە و کۆبوونەوەکەی "شرم الشيخ"، ئەردۆگان ڕايگەیاند ئيسرائيل دەست بە شەڕ ناکاتەوە، ئەگەرنا، لە ڕووی دبلۆماسييەوە بە قوورسی لەسەری دەکەوێت، مەبەستی لەوە بوو ئەمريکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری لێدەکەن. ئەم لێدوانە، ئەگەر تێگەيشتنی ڕاستەقينەی ئەردۆگان بێت و ببێتە بنەمایەک بۆ بڕيارەکانی لە سوريا و ناوچەکە و، ئيسرائيل بە جدی نيگەران بکات لەبەر ئەوەی گوایە ئيسرائيل کاردانەوەی توندی نابێت لەبەر تڕەمپ، ئەوا یەکەم هەڵەی گەورەی ئەردۆگان دەبێت لەم دوو ساڵە. دانانی هێڵی سووری وەهمی بۆ ئيسرائيل، گوایە ئەمريکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێککەوتنەکان ڕێگری لێ دەکەن لەوەی گورزی سەربازی بەهێز بوەشێنێت، هەڵەیەک بوو ئێران و حيزبوڵا و حەماس و بەشار ئەسەد ئەنجامياندا. ئەگەر ئيسرائيل هەست بکات مەترسييەکی جدی هەیە، گورزی سەربازی لە هەر لایەنێک دەدات بێ گوێدانە ئەمريکا و ریککەوتنەکان.
تا ئێستا ئيسرائيل و تورکيا لە ململانێدا نين، پەيوەندی دبلۆماسی و هەواڵگری و بازرگانی بەردەوامە لە نێوانياندا، بەڵام لە کێبرکێدان. سەرەتا تەنيا لە سوريا بوو، ئێستا خەريکە ڕەنگدەداتەوە لە غەززە. وا ديارە کێبرکێکە فراوانتر دەبێت و ئەگەر هەیە بەرەو ململانێ بچێت، بەڵام کات و مەرجی زیاتری دەوێت. ئەگەر ئەردۆگان بەڕاستی پێی وابێت ئيسرائيل هێڵی سووری هەیە و دەست دەپارێزێت، لەسەر ئەم بنەمایە بيەوێت زیانی ڕاستەقينە لە بەرژەوەندييەکانی بدات، ئەوا ئەردۆگان گورزێکی بەهێزی لێدەدرێت لە لایەن ئيسرائيلەوە. لە دوو ساڵی رابوردوو، ئەردۆگان لەو سەرکردە دەگمەنانە بوو کە بە درووستی لە ئيسرائيل تێگەيشت بوو، ئایا وا بەردەوام دەبێت یان هەڵەیەک دەکات؟ لە ئايندەدا ڕوون دەبێتەوە.