هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی ئیسرائیل هەیۆم ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی وتوویەتی ئەگەری زۆر هەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پشت پێشێلکردنی ئاگربەستی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززەیە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تاران لە ڕێگەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی بزووتنەوەی حەماس و فەرماندە مەیدانییەکان هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ئاگربەست و تێکدانی پرۆسەی کۆتاییهێنان بە شەڕ دەدات.
هاوکات حکومەتی ئیسرائیل فەرمانێکی نوێی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە و هێشتنەوەی دەروازەی ڕەفەح بە داخراوی.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی، لە گفتوگۆی هەفتەی ڕابردووی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، هۆشداریی داوە لەوەی کە ڕەنگە حەماس ئاگربەست پێشێل بکات بۆ ئەوەی سەبر و ئارامیی ئیسرائیل تاقی بکاتەوە.
بەگوێرەی ئیسرائیل هەیۆم، ستیڤ ویتکۆف و جێرد کوشنەر، نوێنەری سەرۆکایەتی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل، بارودۆخی غەززەیان تاوتوێ کردووە و داوایان لێکردووە دڵنیابێت لەوەی کە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست "کۆنتڕۆڵکراو بێت".